ھەموو ڕۆژێک کە بە شەقام و کۆڵانە باریک و تەپوتۆزاوییەکانی ئەم شارەدا تێپەڕ دەبم، ڕووبەڕووی نمایشێکی بێدەنگ، بەڵام جەرگبڕ دەبمەوە، چاوی ماندوو، زەق و لێوانلێو لە پرسیاری کۆمەڵێک بوونەوەری بێناز کە تەنھا تاوانیان ئەوەیە لە جوگرافیایەکی بێباک و بێ مروەتدا لەدایکبوون.
ئەی سەگە بێلانەکانی شارەکەم، کاتێک لەبرسان و لەتینوان، بە کڕڕوزانەوە و شەرمنییەوە تێم دەڕوانن، چاوەکانتان دەبنە زمانێک لە دواندنی بێدەنگ،" کەسەیری چاوتان دەکەم، زمانێکی تەواو جیاواز و قووڵم پێدەناسێنێ بەڵام پڕ بە گەروو ھاوار دەکەن، "برسیمانە، تینومانە، ماندووین لەم ھەموو ڕاکردنە بێ ھودەیە بەدوای پارویەک ناندا.
کە شەویش دادێ و سێبەری ڕەشی خۆی بەسەر شاردا دەکێشێت و مرۆڤەکان دەچنەوە ژێر سایەی ئارامی ماڵەکانیان، ئێوە دەستپێکی گەشتە تاڵ و پڕ لە مەینەتییەکەتان دەست پێدەکات. تەنەکەخۆڵ بە تەنەکەخۆڵ، پاشماوە بە پاشماوە دەگەڕێن و زۆرجار بێجگە لە سەرما و گەرمای تاقەت پڕوکێن و ترسی تینوێتی و برسێتی، ھیچی تر چاوەڕێتان ناکات. کە سپیدەش دادێت بەجەستەیەکی لاواز و ڕۆحێکی شەکەتەوە، پێشوازی لە ڕۆژێکی تری پڕ لە چەرمەسەری و سووکایەتی دەکەن.
بەڵام نەھامەتییەکە لێرەدا ناوەستێت، ژیانی قورسی ئێوە تەنھا لە گەڕان بەدوای ژەمە نانێکدا کورت نابێتەوە. لێرە لەبری بەزەیی، بەردبارانی دەستی مناڵە عەجولەکانی گەڕەکتان بۆ دێتە خوارێ، ئەو مناڵانەی کە لە ناو کلتورەکەماندا فێر نەکراون ئازاری بێدەسەڵات نەدەن. ژیان بۆ ئێوە تاقیگەیەکی گەورەی پڕ لە ئازارە.
کسپە لە دڵم ھەڵدەستێت کاتێک چوار پێنج بێچووی بچکۆلانە دەبینم کە لە ترسی سەرما و گەرما و مرۆڤەکان لە دەوری یەک کزۆڵەبوون و بەردەوام دەکوڕوزێنەوە، دایکیان نییە تا گەرمیان بکاتەوە، چونکە لێرە، دامەزراوە بێباکەکان و خەڵکە بێ وویژدانەکان لەبری دۆزینەوەی چارەسەری مرۆیی وەک شێڵتەر و خەساندن، ژەھرخواردیان دەکەن و بە شێوازێکی دڕندانە کۆتایی بە ژیانیان دەھێنن.
داڤنشی دەڵێت(ھاتنی ڕۆژگارێک کەتێیدا کوشتنی ئاژەڵێک وەک کوشتنی مرۆڤێک سەیر بکرێت، نزیکە). زۆرجار لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەوترێت، "کاتێک حساب بۆ مافی مرۆڤ نەکرێت، قسەکردن لەسەر مافی ئاژەڵان، زیادەیە!" بەڵام ڕاستیەکە پێچەوانەیە، مافی ژیان، مافێکی گشتگیر و دابەشنەکراوە. ناکرێت کۆمەڵگەیەک بانگەشەی مرۆڤدۆستی بکات، لە کاتێکدا بەرامبەر لاوازترین و بێزمانترین بوونەوەرەکانی دەوروبەری خاوەن دڵێکی ڕەق و دڕندە بێت.
گاندی دەڵێ(مەزنی نەتەوەیەک و پێشکەوتنی ڕەوشتی، بەو شێوازە دەپێورێت کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵەکاندا دەکات).
داخەکەم بۆ ئەو سەگە ماڵییانەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ھاوڕێی دڵسۆزی مرۆڤێک بوون، بەڵام کاتێک گەورە بوون یان لێیان بێزار بوون، بەبێ بەزەیی بەرەڵای دەشت و دەریان کردوون. ئەوان تا ئێستاش سەرسامن، لە نێوان یادەوەریی سۆزی ماڵێک و دڕندەیی شەقامدا، سەریان لێ تێکچووە. ئەوان تاڵاوی خیانەتی مرۆڤیان چەشتووە.
مارک توین دەڵێ(ئەگەر سەگێکی برسی ھەڵبگرێتەوە و خواردنی بدەیتێ، قەت گازت لێناگرێت، ئەمە جیاوازی سەرەکی نێوان سەگ و مرۆڤە.)
بمبوورن... ئەی ئاژەڵە بەوەفا و دڵسۆز و بێنازەکانم. بمبوورن، کە لێرە، لەم نیشتمانە خەیاڵبڕەدا، تەنھا دەتوانم بە پیت و وشە ھاوبەشی ئازارەکانتان بم و ھیچ دەسەڵاتێکی ئەوتۆم نییە تا لەم دۆزەخە ڕزگارتان بکەم. پڕ بە دڵ خۆزگە دەسەڵاتی ئەوەم دەبوو شێڵتەرێکی ئارام و ژەمە نانێکی بێ منەت و دڵنیاییەکی ھەمیشەییتان پێشکەش بکەم.
شۆبنھاوەر دەڵێ(بەزەیی بەرامبەر ئاژەڵان، پەیوەندییەکی تووندو تۆڵی بە چاکەی سروشتی مرۆڤەوە ھەیە، دەتوانرێت بە دڵنیاییەوە بوترێت کە ھەرکەسێک بەرامبەر ئاژەڵان دڕندەبێت، نا توانێت مرۆڤێکی باشبێت.)
بەڵام تا ئەو ڕۆژەی گۆڕانکاریی لە ھۆشیاریی ئەم کۆمەڵگەیەدا ڕوودەدات ئێوە وەک برینێکی ساڕێژنەبوو لە نێو جەستە و ڕۆحمدا دەمێننەوە. ھاواری قوروسکەی نێو تاریکیی شەوەزەنگەکان، ھەمیشە لە گوێمدا دەنگ دەداتەوە.
بمبوورن...لە جیھانێکدا کە زۆرجار تەنانەت ئازاری مرۆڤەکانیش پشتگوێ دەخرێت، ھاوسۆزبوون لەگەڵ بێدەنگترین و بێنازترین بوونەوەرەکانی سەر شەقام، بەرزترین ئاستی ڕەوشت و شارستانیبوون و جوانیی ناخە. دەستی ئەو کەمە لە مرۆڤە سەرڕاستانە دەگووشم کە ھێشتا دڵیان بۆ ئێوە لێدەدات و بە کەمێک ئاو و خواردنەوە بەدەم بێنازی ئێوەوە دێن.