( موحەڕەم محەمەد ئەمین ) رۆشنبیری بەھەڵوێست، نووسەرو ئەدیبی نەتەوەیی

بەرزانی مەلا تەھا
  2026-07-24     126

سەردەق 
  لەمێژووی پێکھاتن و گەڵاڵەبوونی شوناسی سیاسیی و فەرھەنگیی لە باشووری کوردستان لەدەستپێکی سەدەی بیستەمەوە، ناوکە راستەقینەو بزوێنەرە ھەرە کاریگەرو نوێنەرایەتییە راستینەکەی ئەم باڵاکردن و شکڵگیرییە، رۆشنبیران، رێکخراوو کۆمەڵە و دەستە رۆشنبیرییەکان بوون، ئەم فۆڕمە لە فەرھەنگسازیی و  پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و کەلتووریی لەھەناوی نەخشە رۆشنبیریی و مۆدێرنەخوازییەکەیدا، رێگەخۆشکەرن بۆ کۆمەڵگەسازیی و دواتریش نەتەوەسازیی. ئەم رەھەندە مەزنەی دەستبردن بۆ قەڵەم، رۆژنامە، گۆڤار، کتێب، چاپەمەنیی و وەشاندنەکان، لەراستیدا پارێزەری شوناسی نەتەوەیی بوون و لایەنە رۆشن و زەقەکانی ئەم پێکھاتن و گەڵاڵەبوونەن، کە تا ئێستاش لە شاڕێی کاریگەریی خۆیاندان و بەردەوام نوێ دەبنەوە، ھەرچەندە کۆسپ و تەگەرەکانی خێڵ، نەریت و واقیعی چینایەتیی و ئەمری واقیعی کۆمەڵایەتیی و سیاسەتیی داگیرکەرانی کوردستان، بەربەست و رێگرە ھەرە گەورەو قەبەکەبوون لەسەرەڕێی داڕشتنەوەی ئەم شوناس و خویندنەوە نوێیە بۆ سیاسەتکردن و دەربازبوون لەو ھەموو تەپکەو داوانەی نرابوونەوە بۆ گەیشتن بە ئاسۆیەکی رۆشنتر بۆ نەتەوەکەمان.
  زمان و شوناس، دوو مەرجی بنچینەیی نەتەوەسازیین، رۆشنبیران و نووسەرانی ئەم قۆناغە ھەستیارو بەراییەی کورد، درکی تەواویان بە گرنگیی ئەم دوو مەرجە کردووە، ھەر بۆیەشە لەرێگەی نووسین و بڵاوکراوەکانیانەوە یاخود لەرێی گەڵاڵەنامەی رێکخراوو کۆمەڵە فەرھەنگییەکانیانەوە ئەم بیرۆکەیان پەرەپێداوەو لەھەوڵی نووسینەوەو داڕشتنەوەیداا بوون، ئەوەی سیاسەت و جووڵانەوە چەکدارییە لەناکاوەکان و نەفەس کورتەکان نەیاتوانیوە بەئاکامی بگەیەنن، ئەمان بە دەمەزەردکرنەوەو تێخوێندنەوەی نوێ بۆ سەرجەم کایەکان توانیویانە کاریگەریی ھەستپێکراو بکەن، کە تا ئێستاش لەبیروھۆشی دەستەجەمعیی خوێندەواراندا جێی گرتووەو بەئاسانیی نالەخشێت. ئەم پرۆژەیەی رۆشنبیرانی سەدەی بیست، لەرێگەی زمان و شوناسەوە توانیویانە پەرژین و و سێبەر بۆ فەرھەنگ و سیاسەت بکەن و وەڵامدەرەوەی خواستە بنەڕەتییەکانی ئەو قۆناغە ھەستیارەی رۆشنبیریی بن و پارێزەری قەوارەی زمان و شوناسی کوردبوون بن. کەوابێ، دەگەینە ئەو راستییەی، کە تەقەللا رۆشنبیرییەکان و ھەنگاونان بۆ خۆرێکخستنەوەو داڕشتنەوەی دونیای فەرھەنگ و سیاسەت و شۆڕکردنەوەی بۆ ناو جەماوەرو کۆمەڵگە، بە بێ باج و خوێن تێناپەڕێت، چونکە لەسایەی دەسەڵاتە ستەمکارەکان و داگیرکەراندا ھەر چەشنە بازدان و تێەپەڕاندنی ئەو ھێڵە سوورانەی، کە دەسەڵات و سیستم دەیکێشت، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی ئەستەم و بڤەیە، بۆیە لەسۆنگەی پیلانگێڕیی و کۆدەتاگەرییەوە شیکاریی بۆ کراوەو نوێنەرانی ئەم ئاڕاستەیە، دووچاری کوشتن و تیرۆر بوونەتەوە. رۆشنبیران لەم دۆخە ئاڵۆزەی بیرکردنەوەو نوێنەرایەتیکردندا، لەنێوان دوو بەرداشی تاقەتپڕوکێندا بوون، یەکەم، ستەمی دەسەڵات و سیستمی سیاسیی. دووەم، وەستانەوە بەرووی ھێزو رەوتە کۆنەپەرستەکان و ئەو ھێزانەی دەسەڵات و دەوڵەت چاوپۆشیی لەکارو کردەوە قێزەونەکانیان دەکەن. یەکێک لەو ئەدیب، چیرۆکنووس و نووسەرە خاوەن ھەڵوێست و پرەنسیپانە، (موحەرەم محەمەد ئەمین)ە.

 

پوختەی ژیانی (موحەڕەم محەمەد ئەمین)
ناوی موحەڕەم محەمەد ئەمینە، یەکێکن لە خێزانە دیارو ناسراوەکانی شاری سلێمانیی، باوکی قایمقامی زاخۆو شەقڵاوە بووە. موحەڕەم لەساڵی ١٩٢١ لە گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانیی ھاتۆتە ژیانەوە، ساڵی ١٩٣٦ لەشاری سلێمانی خوێندنی سەرەتایی تەواوکردووە، ساڵی ١٩٣٤ قۆناغی ئامادەیی بەسەرکەتوویی بڕیوەو لە لەکۆلێجی یاسای بەغدا وەرگیراوە، بەھۆی ھەندێک ھۆکاری تایبەت بەخۆیەوە نەیتوانیوە درێژە بە خوێندنی زانکۆ بدات. ساڵی ١٩٤٤ لە فەرمانگەی تەموینی شاری سلێمانی وەرگیراوە.
ساڵی ١٩٤٥ لە فەرمانگەی مەعاریفی سلێمانی دامەزراوە، دواتر بۆتە ئەمینداری کتێبخانەی گشتیی شاری سلێمانی، ساڵی ١٩٤٨ بۆ ماوەی ساڵێک ئەمینداری کتێبخانەی گشتیی شارۆچکەی خاڵس بووە. وەک کوردپەروەرێک بەھۆی ھەڵوێستەکانیەوە چەند جارێک دەستگیرکراوەو زیندانیکراوە. لەساڵانی ١٩٥٢-١٩٥٦ لە فەرمانگەی قەڵاچۆکردنی مەلاریا لەسلێمانی خزمەتی کردووە، ساڵی ١٩٥٧ لە فەرمانگەی شارەوانیی سلێمانی دەستبەکاربووە، ماوەیەک بەڕێوەبەری کارگێڕیی شارەوانیی بووە، لەتشرینی یەکی ١٩٧٤ بۆ ٣٠-١-١٩٧٥ بۆتە بەڕێوەبەری شارەوانیی سلێمانیی، دواتر لە رۆژنامەی (ھاوکاری) و گۆڤاری (بەیان)دا کاریکردووە، ساڵی ١٩٧٧  دوای خزمەتێکی زۆر خانەنشین کراوە.
موحەڕەم محەمەد ئەمین، وەک فەرمانبەرو کەسایەتییەکی ئیداریی سەرکەتوو بەزۆرەملێ لەلایەن رژێمی بەعسەوە راژەکەی بۆ شاری بەغدا گوێزراوەتەوە، ساڵی ١٩٧٥ لە دەزگای رۆشنبیریی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، سەرنووسەری گۆڤاری (بەیان) بووە، زمانزانێکی بە ئەزموون و شارەزایەکی وردی بواری وەرگێڕان بووە، شارەزایی لەزمانی عەرەبیی و ئینگلیزیی ھەبووە، چەندین چیرۆکی لەزمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردیی، لە رۆژنامەو گۆڤارە بەناوبانگەکانی (ژین، رۆژی نوێ، بڵێسە، شەفەق، نەورۆز، بەیان) بابەت و نووسینی گرنگی بڵاوکردۆتەوە. کورتە شانۆییەکی بەناوی (جنۆکە لە قەفەزی تاوانباریدا) نووسیوە، ھاوکاتیش گەلێک بابەتی لەزمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر کوردیی، کە بایەخێکی ئێجگار گەورەیان ھەیەو ئاستبەرزیی ئەو لەبواری رۆشنبیرییدا دەرەخەن. موحەڕەم محەمەد ئەمین، وەک چیرۆکنووسێک چەندین چیرۆکی بایەخداری چاپ و بڵاوکردۆتەوە، لەوانە: (چیرۆکی مام ھۆمەر ١٩٥٤، گۆمی شڵەقاو ١٩٥٧، گردی شەھیدان ١٩٥٨، ڕێگای ئازادی ١٩٥٩، ئادەمیزاد ١٩٦٩.
لەلایەکی ترەوە، لە کایەی چیرۆکنوسییدا لەژێر کاریگەری گەورە چیرۆکنووسانی جیھانیی وەک (مەکسیم گۆرکی، گۆگۆڵ، ئەناتۆڵ فرانس، دیکنز، نەجیب مەحفوز)دا بووە. لەلایەکی ترەوە، لەبواری ئەدەبیی، سیاسیی و فەلسەفییدا چەند کتێبێکی لەزمانی عەرەبییەوە کردووە بە کوردیی: یادی گۆڕستانەکە، لەنووسینی دیستۆیڤسکی، لەساڵی ١٩٥٨، (شۆڕشی بارزان)، لەساڵی ١٩٥٩، ئەم کتێبە لەلایەن یەکەم سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستانەوە (ھەمزە عەبدوڵڵا) نووسراوەو موحەڕەم محەمەد ئەمین کردوویەتی بەکوردیی، ئەم کتێبە لەبنەڕەتدا نووسینێکی ھەمزە عەبدوڵڵایەو بە دوو بەش لە گۆڤاری (المپقف) لەژمارەکانی (١١-١٢) بڵاوکراوەتەوەتەوە، گۆڤارێکی فیکریی گشتیی بووەو لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ لەبەغدا بڵاوکراوەتەوە، لەژمارە (١٤٥١)ی رۆژنامەی (ژین) ھەواڵی لەچاپدانی ئەم کتێبە بڵاوکراوەتەوەو نووسراوە: "لاپەڕەیەکی خوێناوی لەخەباتی گەلی کورد دەرئەخات، لەپێناو ئازادی و ئاشتیدا، بەپێنووسی مامۆستا (ھەمزە عەبدوڵا) بەزمانی عەرەبی و لەلایەن (محەڕەم محەمەد ئەمین)ەوە، وەرگێڕدراوە بۆ زمانی کوردی. بەم نزیکانە ئەکەوێتە بازاڕەوە."، یەکێک بووە لە بڵاوکراوەکانی نامەخانەی (خەبات) لەسلێمانیی  کتێبێکی بەناونیشانی (مەبدەئە بنەڕەتیەکانی فەلسەفە) لەساڵی ١٩٦٠ وەرگێڕاوە. لەبواری سیاسییدا، کتێبێکی بەناونیشانی (مافی بڕینەوەی دواڕۆژ) لەساڵی ١٩٧٢ چاپکردووە.
وەک یەکێک لەنووسەرو ئەدیبە گەورەکانی کوردستان زۆربەی کتێب و چیرۆکەکانی لەشاری سلێمانی بەچاپ گەیاندووە، لەدەیەی پەنجا، شەست، حەفتاکاندا یەکێک بووە لە سیمبولە دیارەکانی ئەم شارە، گرنگترین چیرۆکەکانی موحەڕەم محەمەد ئەمین لە رۆژنامەو گۆڤارەکاندا بریتین لە: (شای قەرەجەکان، بۆخۆیی، پەتیارە، خوێن و بەفر، ھەر خواردیانەوە، سڵاوێکی پێکەنیناوی، ھەڵپەڕکێیەک لە بلکیان). موحەڕەم محەمەد ئەمین، لەساڵی ١٩٧٠ بۆتە ئەندامی یەکەم دەستەی بەڕێوەبەریی لقی سلێمانیی یەکێتی نووسەرانی کورد، بەشدارێکی سەرەکیی چالاکییە رۆشنبیرییەکانی یەکێتییەکە بووە، پێشەکیی بۆ چەندین کتێب نووسیوە، یەکێک لەوانە: ساڵی ١٩٦١ پێشەکیی بۆ کتێبێکی شەھید (عوسمان عوزێریی) نووسیوە بەناونیشانی (شۆڕشی دیاربەکر).

وردەکاریی جموجۆڵی سیاسیی، زۆربۆھێنان و تیرۆرکردنی (موحەڕەم محەمەد ئەمین)
 موحەڕەم محەمەد ئەمین، وەک نووسەرو ئەدیبێکی ناسراوی کورد، ھەر لەدەستپێکی کاری سیاسییەوە ھەڵگری بیری چەپ بووە، ئەم بیروبڕوا فیکریی و سیاسییەی تێکەڵ بە خەباتی نەتەوەیی کردووەو لەسەر ھەردوو ھێڵەکە درێژەی بە تێکۆشانی سیاسیی داوە. ناوبراو لە (کۆمەڵەی برایەتی)دا ئەندام بووە، یەکێکیش بووە لەھاوڕێکانی (محەمەد قودسی)، ساڵی ١٩٣٨ لەسەر پێشنیاری محەمەد قودسی بەھۆی (ئۆسمان سەبری)یەوە ئاشنایەتیی لەگەڵ کۆمەڵەی (خۆیبوون) پەیداکردووە، گەلێک پەیام و نامەیان لەگەڵ ئەم کۆمەڵەیەدا ئاڵوگۆڕ پێکردووەو، کۆمەڵەکەیان لەبارودۆخی کوردستانی عێراق ئاگادارکردۆتەوە.
 ئۆسمان سەبری، یەکێکە لەکەسایەتیی‌و سیاسەتوانە بەدیمەنەکانی کورد لەرۆژئاوای کوردستان. لەپاش شکستھێنانی راپەڕینەکەی شێخ سەعیدی پیران بەرەو سوریا ھەڵاتووەو لەکۆبانێ گیرساوەتەوە، ھەر لەوێ جەلادەت بدرخانی ناسیوەو، بۆتە ئەندامی (خۆیبون)، لەسەر راسپاردەی جەلادەت بەدرخان چۆتە لای سەید رەزا. لەساڵی ١٩٣٨ ئۆسمان سەبری "رێکخراوی یەکێتیی لاوان"ی دروستکردووە، لەساڵی ١٩٥٦ بیری لەدروستکردنی (پارتی دیموکراتی کورد) کردۆتەوەو، لەلایەن ھەریەک لە جەلال تاڵەبانی‌و نورەدین زازاوە ھاریکاریی کراوە. لە ١١ی ١٠ی ١٩٩٣ لەشاری دیمەشقی سوریا لەدنیادەرچووە. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر باسوخواسی ژیان‌و بیرەوەرییەکانی بڕوانە: (مژکرات ڕوسمان ێبری ١٩٠٥-١٩٩٣: ترجمە ھورامی یزدی ودلاور زنکی، الگبع الاولی، مگبعە ڕمیرال، بیروت، ٢٠٠١). دواتر لەسەر داوای محەمەد قودسی بۆتە ئەندامی (کۆمەڵەی ھیوا).
موحەڕەم محەمەد ئەمین، وەک سیاسەتوان و نووسەرێکی کاریگەری سلێمانیی، لەچلەکاندا رۆڵێکی گەورەی بینیوە لەرێکخستنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لەم شارەدا، ھەر لەبازاڕی سلێمانیی و لەسابونکەرانەوە بینرابێت، ھێمابووە بۆ دروستبوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی. لەساڵی ١٩٤٦ رۆڵی بەرچاوی لەدامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسلێمانیی بینیوەو لەجموجۆڵە سیاسییەکاندا دوچاری قۆڵبەستکردن و جەزرەبەدان بۆتەوە. ئەو دژی سیستمی پاشایەتیی بووە لەعێراق و بە داردەستی ئیمپریالیزم و ئەڵقەلەگوێی ئینگلیزەکان لەقەڵەمی داوە، زۆر دڵخۆش بووە بە سەرکەوتنی شۆڕشی ١٤ی تەموز بە رێبەرایەتیی عەبدولکەریم قاسم، ھەربۆیەشە لە ژمارە (١٤٧٦)ی رۆژنامەی (ژین)دا بە ناونیشانی (تاقە پیشەوای کوردو عەرەب کاک عبدالکریم قاسم تەقدیری ئەدیبیکی کورد ئەکا) سوپاس و رێزی پێشکەشکراوە لەپای پێشکەشکردنی دانەیەک لە چیرۆکی (ڕێگای ئازادی) بە عەبدولکەریم قاسم، تێیدا ھاتووە: "کاک محرم محمد امین –دایەرەی شارەوانی- لەپاش سلاو سیادەی پیشەوا عبدالکریم قاسم سەروک وەزیران زور بە خوشی یەوە دیاری یەکەتانی (ڕێگای ازادی) وەرگرت وە سیادەتی لەکاتیکدا سپاسی ھوشی بەرزتان ئەکا وە تەقدیری ئەم کوششەتان ئەکا کە بە جی تان ھیناوە تا جیروکەکەتان بەم شیوە نایابە ھیناوەتە بەرھەم، لەکانی دل یەوە داوای سەرکەوتن و بیشکەوتنتان بو ئەکا لە کوششتانا لە کوری سەقافەت و زانیاری کوردیدا، لەگەڵ ئەم نووسراوەدا دانەیەک لە وینەی تاقانە بیشەمان کە خوی امزای کردووە لەگەل چەند نامیلکەیەک و مبادئ شورشی (١٤)ی گەلاویژتان بۆ ئەنیرم ئیتر گەورە ترین ریزم بیشکەش تان ئەکەم. رەئیس سەعید دووری لەلایەن سکتیری سەرەک وەزیران بو کاروباری روزنامە".
 موحەڕەم محەمەد ئەمین، لەدەسپێکی کاری سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆتە ئەندامی ئەم حیزبە. یەکێک بووە لە کەسایەتییە چالاک و بە ئەمەکەکانی جوڵانەوەی رزگاریخوازیی کوردو لەکاری سیاسیی و رێکخراوەییدا خاوەن پێگەی تایبەت بووەو بەرپرسیارێتیی گەورەی لەسەرشانبووە، تێڕوانینی پێشکەوتوخوازانەی بۆ کێشە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان ھەبووەو ھەڵگری بیری ئازادیخوازیی و مارکسیستیی بووە، وەک نووسەرێکی ئازادیخوازو داکۆکیکار لە مافی ژنان لەسەر بابەتێک بەنانونیشانی (سەربەستی ئافرەت) لە کۆمەڵگەی کوردیی و ئازادییەکانی لەلایەن مامۆستایانی ئایینیی لەشاری سلێمانی و بەدیاریکراویی (یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان/ لقی دوو) رەخنەی لێگیراوەو ھەڵوێستیان لەدژی وەرگرتووەو بەیاننامەیان لەسەری بڵاوکردۆتەوە. موحەڕەم محەمەد ئەمین بۆ یەکەمجار لەساڵی ١٩٦٠ لەگەڵ ھەریەک لە نووسەران و شاعیرانی دیاری ئەو قۆناغە ئەدەبیی و رۆشنبیرییەی وەک (شێخ محەمەدی خاڵ، شاکر فەتاح، کامەران موکری، رەمزی مارف) و چەندین ئەدیب و نووسەری تر، داوای دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کوردیان کردووە، داواکەیان لە ژمارە ١٠٩ی (رۆژنامەی پێشکەوتن) بڵاوکراوەتەوە. ھەر لە یەکەم رۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد لەشاری سلێمانیی، یەکێک بووە لە ئەندامانی دەستەی بەرێوەبردنی یەکێتییەکە.
موحەڕەم محەمەد ئەمین، تا ساڵی ١٩٧٠-١٩٧١ وەک ئەندامێکی کارای پارتی بەردەوامبووە لەکاری سیاسیی و حیزبایەتیی، لەم ساڵە بەدواوە دەستبەرداری کاری سیاسیی بووە، بەڵام بەشێکی دانەبڕاو بووە لەخەباتی رزگاریخوازانەی کورد لەعێراق لەلایەن رژێمی بەعسەوە چاوی لەسەر بووە، وەک نووسەرو توێکارێک بارودۆخی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و رۆشنبیریی کوردستانی شیکردۆتەوە، بەردەوام سەرقاڵی خوێندنەوە بووە، بەجۆرێک لەدوای خانەنشین بوونیەوە، ھەموو رۆژێک لەبەیانیەوە لەکتێبخانەکەی خۆیدا لەماڵەوە خەریکی نووسین بووە، ماوەیەکی زۆر سەرقاڵی نووسینەوەی بیرەوەریی و یاداشتەکانی بووە، رژێمی بەعس بەردەوام چاویان لەسەری بووەو زۆریان بۆ ھێناوەو  ویستوویانە بیخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە، بەڵام بەھیچ جۆرێک لەھێڵی نیشتیمانپەروەریی لای نەداوەو وەک تێکۆشەرێکی سیاسیی، بەنووسین و چیرۆک خزمەتی بە نەتەوەکەی کردووە، رۆژانە تا دەمەو ئێواران کاتەکانی بەخوێندنەوەو نووسینەوە بەسەر بردووە، ئێوارانیش بۆ حەوانەوەو تێکەڵبوون بە نووسەران و خوێنەران لەشەقامی مەولەویی شاری سلێمانی لە کتێبخانەی گەلاوێژ دانیشتووەو بیروڕای لەگەڵ دانیشتوانی کتێبخانەکە گۆڕیوەتەوەو گەنگەشەیان لەبارەی بابەتەکانی ئەو رۆژگارەوە کردووە.
سەرەنجام، موحەڕەم محەمەد ئەمین، لەلایەن رژێمی بەعسەوە فشاری لێکراوە خۆی کاندید بکات بۆ  ئەندامێتیی لەمەجلیسی تەشریعیی و تەنفیزیی رژێم، بەڵام رەتیکردۆتەوەو نەچۆتە ژێرباری زۆربۆھێنانێکی لەمشێوە، دواتر بەگیروگازیان ھێناوە خۆی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانیی کاندید بکات، سەرلەنوێ رەتیکردۆتەوە، بەمجۆرە رژێمی بەعس لێی دەکەونە تەقەو لە رۆژی ٢٣-٧- ١٩٨٠ ھێزێکی سەربازیی ھەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەی لەشاری سلێمانی و لەگەڕەکی سابونکەران قۆڵبەستی دەکەن، بە ئۆتۆمبێلی (ھینۆ)ی سەربازیی گسک لە کتێبخانەکەی دەدەن و ھەرچی کتێب و نووسینی ھەیە لەگەڵ خۆیان دەیبەن، کە یاداشت و بیرەوەریی و چەند نووسینێکی بڵاونەکراوەی تێدابووە. دوابەدوای دەستگیرکردنی موحەڕەم محەمەد ئەمین، راپێچی ئەمنەکەی دەکەن، لەوێ لەرووی دەروونیی و جەستەییەوە ئازارێکی زۆری پێدەگەیەنن و ئەشکەنجەی دەدەن، ھەمان رۆژ دوای سێ کاتژمێر لەگرتنی، بەھۆی جەزرەبەدانیەوە شەھید دەکرێت و بە مردوویی تەرمەکەی رەوانەی نەخۆشخانەی فێرکاریی دەکەن، لەگەڵ بیستنی ھەواڵی شەھیدکردنی موحەڕەم محەمەد ئەمین جەماوەرێکی زۆری شاری سلێمانیی، دەگەنە سەر تەرمەکەی و نیگەران دەبن لەو دۆخەی بەسەریدا ھێنراوە، تەرمەکەی بە ئاپۆڕایەکی گەورە لەشەقامی برایم پاشاوە بەرەو مزگەوتی (شێخ ئەمینی خاڵ) دەبەن، دواتر تەرمەکەی ئەسپەردەی خاک دەکەن و ٣ رۆژ لە مزگەوتی گەورە پرسەی بۆ دادەنرێت. شەھیدکردنی موحەڕەم محەمەد ئەمین دەچێتە چوارچێوەی تیرۆری دەوڵەت بۆ لەناوبردن و تیرۆرکردنی دژبەران و نەیارانی سیاسیی لەلایەن رژێمی بەعسەوە، تیرۆرکردنی ئەم نووسەرە ئازادیخواز و چیرۆکنووسە پێشەکەوتووخوازە، لێدانێکی گەورە بوو لە سیمبولە ئەدەبیی و رۆشنبیرییەکانی شاری سلێمانیی. 


سەرچاوە: کتێبی (تیرۆری رۆشنبیران لەکوردستان: نووسینی بەرزانی مەلا تەھا، چاپخانەی بینایی، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٥).

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×