خەڵک لەچی توڕەیە؟ ئەگەری ڕاپەڕین هەیە دژی دەسەڵات؟

دانا سەلام
  2020-05-26     1231

خەڵکی کوردستان لە دەسەڵاتی بەعس توڕەبوون چونکە دەسەڵاتی بەعس مافی زەوت دەکردن  و کوردی وەک هاوڵاتی پلە دوو مامەڵە دەکرد و هەرکاتێکیش دەنگی ناڕەزایی بەرز ببوایەتەوە ئەوا دەسەڵاتی بەعس سڵی نەدەکردەوە لە هەر ڕێگایەک بۆ کپ کردنەوەی.
توڕەیی خەڵک گەیشتە ئاستێک کە دواجار خەڵکی کوردستان جەنگی کەنداویان بە هەل قۆستەوە و ڕاپەڕینیان کرد بۆ یەکەمجار هەناسەی ئازادیان هەڵمژی. ئەوانەی ئە ڕۆژەیان بیرە، دەزانن تەنها فرمێسک و بێدەنگی دەیتوانی گوزارش لەو شادیە بکات. خەونی کوردستانێکی ئازاد وایکرد خەڵک بەرگەی هەموو برسێتی و نەهامەتیەک بگرن بۆ ئەوەی ئەزمونەکەیان لە بار نەچێت.


خەڵکی کوردستان بە هیواوە چاوەڕوانیان دەکرد:
1)دەسەڵاتی کوردی دادگای سەربەخۆ درووست بکات کە تێیدا خەڵکانێکی خیانەتیان لە نەتەوەی خۆیان کردبوو و دەستیان بە خوێنی کورد سوور بوو بە سزا بگەیەندرێن وەک هەر تاوانبارێکی تر وەک چۆن لۆبی جولەکە و دواتریش ئیسرائیل، یەک بە یەکی ئەو نازیانەیان هێنایە بەردەم دادگا کە دەستیان هەبوو لە کوشتنی بە کۆمەڵی جولەکەدا لە ٦٨ دادگای جیاوازدا کە دواترینیان دادگایی ئۆسکار گرۆنینگ بوو لە ١٥ی جولای ٢٠١٥.


2)دەسەڵاتی کوردی دەستگیرۆیی خەڵکی گوندە ڕووخاوەکان بکات بۆ گەڕانەوەیان بۆ لادێکانی خۆیان لە مین پاککردنەوەی گوندەکان و پەرەپێدانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بە ئامێری نوێ و تەکنەلۆجی نوێ   وەک لە ڤێتنام کرا دوای شەڕ، ئەگەرچی ڤێتنام هاوکات شەڕی کەمبۆدیا-چینی بەسەردا سەپێنرا و ئابڵوقەی ئابوری زۆر دژواریشی لەسەر بوو تا ساڵی ١٩٩٤. ئەمانەش سەرباری سێ بۆ چوار ملوێن کوژراو و چەندین ملوێنی تریش بریندار و پەککەوتە. ٥٠ هەزار کیلۆمەتر لە خاکەکەی مین و زەهر ڕێژ کرابوو لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ئەوەی کشتوکاڵ و گیاندار و مرۆڤی لێ نەژی.


3)دەسەڵاتی کوردی کارەبا و ئاوی پاک و سوتەمەنی و تەلەفۆن و ئینتەرنێت و ڕێگاو بان و شەمەندەفەر بگەیەنێتە هەموو گوند و شارۆچکەکان  بۆ گەشەکردنی  ئابوری و پێکەوە گرێدانەوەی شارۆچکەکانی باشوری کوردستان وەک لە ئەڵمانیا کرا دوای جەنگی دووەمی جیهانی.  لە دوای جەنگ ئەڵمانیا کرابوو بە چوار پارچە. هەندێ لە شارەکانی بە تەواوی داڕمابوون,٤٠٠ ملوێن م٣ تەنها خۆڵی ماڵە ڕماوەکانیان کۆکردبووەوە تەنها لە ئەڵمانی ڕۆژئاوا (بۆ نمونە کۆڵن ٪٦٦ خانوەکانی ڕمابوون و دۆسلدۆرف ٪٩٣ ی شوێنی ژیانی لێ نەمابوو). ملیۆنان کەس ئاوارە بووبون لەو بەشانەی کە درابوون بە پۆلۆنیا یان ئەوانەی ماڵەکانیان لە جەنگدا وێران بووبوو. پتر لە پێنج ملوێن و نیو ئەڵمانی تەنها دیل بوون (هەندێک سەرچاوە دەڵێن ٩ ملوێن).  ئەمانە سەرباری لەدەستدانی ٦.٦ - ٨.٨ ملوێن (نزیکەی ١٠٪ ی دانیشتوانی) لە جەنگدا. دوای جەنگ، تا ساڵی ١٩٦٠، نزیکەی ٥.٧ ملوێن یەکەی خانووبەرە درووستکرایەوە بۆ خەڵک.  لە ماوەی ١٥ ساڵدا دووبارە ووڵاتیان بە باشترین شێوە درووست کردەوە و دوای نزیکەی ٤٥ ساڵ بوون بە هێزی سێەمی ئابووری جیهان.


4)دەسەڵاتی کوردی سوپایەکی یەکگرتووی نەتەوەیی درووست دەکات کە توانای بەرگری لە خەڵکی کوردستان هەبێت و بەمەش سوپا دەبێتە پایەیەکی بەهێزی بەردەوامی دەوڵەتداری کوردستان هەموو دەوڵەتدارێک زانیوێتی کە ئەمە پێویستیەکی ژیانیە بۆ دەوڵەت، تەنانەت یۆنانیەکان و ڕۆمەکان سوپای پیشەکاری یەکگرتوویان درووست کر
دووە پتر لە ٢٠٠٠ ساڵ پێش. نمونە زۆرن کە سوپا توانیوێتی دەوڵەت یەکبخاتەوە، بۆ نمونە تورکیا  سالی ١٩٦٠ و ١٩٨٠ جگە لە دەستێوەردانەکانی ١٩٧١ و ١٩٩٧.

5)دەسەڵاتی کوردی کارخانەکانی دەوڵەتی دەبوژێنێتەوە و هانی سەرمایە گوزاری ناوخۆ و بێگانە دەدات بۆ درووستکردنی کارخانە و پیشەسازی نوێی وەک ئاسن و ئۆتۆمۆبیل و پلاستیک و ئەلەکترۆن و کۆمپیوتەر و ووزە کە لە ڕێگەیەوە پێویستی ناوخۆ دابین بکرێت وەک چۆن لە سینگاپورا کرا لە دوای سەربەخۆیی ساڵی ١٩٦٥ کە ئەنجامەکەی گەشەی ئابووری بوو بە ڕێژەی ٨.٥٪ بە تێکڕا تا ساڵی ١٩٩٩. دانیشتوانی سینگاپۆرا ٥.٦ ملوێنە (وەک هەرێمی کوردستان) بەڵام ڕیزبەندی ٣٤ەمین گەورەترین ئابووری جیهانی هەیە بە پێی (Gross Domestic Product) و بە پێی سەریش (Per Capita) لە ڕیزبەندی سێیەمدایە.


6)دەسەڵاتی کوردی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان دەبوژێننەوە و بانگهێشتی ئەکادیمی و پیشەوەر و شارەزایانی کورد و بێگانە دەکەن بۆ ئەوەی ئاستی زانستی زانکۆکان بگەنە ئاستی زانکۆکانی جیهان و تاقیگە و سەنتەری لێکۆڵینەوە درووست دەکەن لە ناو هەر زانستگە و زانکۆیەکدا وەک چۆن سلۆڤینیا کردی. ساڵی ١٩٩١ سلۆڤینیا سەربەخۆیی ڕاگەیاند لە یەگوسلاڤیا (سێ مانگ دوای هەرێمی کوردستان) ، خوێندن و خوێندنی باڵایان کردە پێشینەی کاری دەوڵەت. بەمەش زانکۆکانی لە ڕیزبەندی باشترین زانکۆکانی جیهاندان.


7)دەسەڵاتی کوردی کار دەکات بۆ ئەوەی کوردستان نەوتی یەدەکی خۆی دەرنەهێنێت تا ئەوکاتەی سەربەخۆ دەبێت و کە نەوتیش دەرهات، بە هیچ شێوەیەک ناهێڵێت ئابوریەکەی پشت بە نەوت ببەستێت  وەک ئەندەنوسیا کردی لە ساڵی ١٩٩٠ ەوە.  ساڵی ١٩٧٢-١٩٨١ هەناردەی نەوتی ئەندەنوسیا ١٣ جار زیادی کرد   تا گەیشتە ئەوەی ساڵی ١٩٨١، ٧٨٪ی هەناردەی ووڵات نەوت بوو. داشکانەکانی نرخی نەوت لە ٨٠کاندا ئەندەنوسیای توشی شکستی ئابووری کرد، بۆیە بڕیاریان دا کە پشت بە نەوت نەبەستن. لە ساڵی ٢٠٠٤ وە نەک هەناردە ناکەن، بەڵکو نەوت هاوردە دەکەن. 


8)دەسەڵاتی کوردی ساڵانە بەشێکی گەورە لە داهاتی تەرخاندەکات بۆ تەندرووستی بۆ هەموو هاوڵاتیان بە بێ بەرامبەر و هاوکاری بێ کاری دابین دەکات بۆ هەموو ئەو تاکانەی کە هەژارن یان بێ کارن  تاکو هەلی کار پەیدا دەکەن وەک لە سوید کرا لە ساڵەکانی ١٩٥٦-١٩٦١. یاخود لە کوبا کراوە سەرباری گەمارۆی ئابووری کەرتی تەندرووستی یەکێکە لە باشترینەکان. ساڵانە ١١٪ی داهاتی کوبای بۆ تەرخان دەکرێت.


9)دەسەڵاتی کوردی ڕێکدەکەون لەسەر دانانی چوارچێوەیەک بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و دەستورێک دەنوسنەوە کە لە ڕێگەیەوە گەل نوێنەری خۆیان و حکومەتی کارگێڕ هەڵبژێرن و هەموو چوارساڵ جارێک دەسەڵات دەستاودەست دەکات و گەلیش سزای ئەو پارتە سیاسیە دەدات کە کارەکانیان لە ئاست داخوازی خەڵکدا نەبووە وەک لە کۆسۆڤۆ کرا لە ساڵی ٢٠٠٨. 


10)دەسەڵاتی کوردی بە نهێنی کار دەکات بۆ درووستکردنی لۆبی کوردیی لە جیهاندا بۆ زیادکردنی دۆست و هاوپەیمان لەو ڕۆژەی کە کورد پێویستی پێان دەبێت. وەک ئیسرائیل و کۆریای باشور  و سعودیە ...هتد. دەیکەن لە ئەمریکا و چین و ئەوروپا.


11)دەسەڵاتی کوردی بە نهێنی کار دەکات بۆ پشتیوانی و هاوکاری لە خەباتی بەشەکانی تری کوردستان و بە نهێنی ئامادەیان دەکات بۆ ئەزموونی فەرمانڕەوایی خۆیی و یەکگرتنەوە ئەوکاتەی بارودۆخ گونجا وەک لە ئایرلەندا کراوە  لە پێش و دوای ڕێککەوتنی ئەپریلی ١٩٩٨.


12) دەسەڵاتی کوردی ئەنجومەنێکی پیشەکار درووست دەکات بۆ پاککردنەوە و بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی و کارکردن لە سەر زمانی یەکگرتوو وەک لە وەیلس کردیان بۆ زیندووراگرتنی زمانەکەیان.  نمونەی تریش هەن لە زمان کە نوێ کراونەتەوە و سەرکەوتوو بوون وەک ئایریش، گالیسیان، باسک، کاتەلان و خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکا کە کاری زۆر ووردیان کردووە بۆ زیندوو کردنەوەی زمانەکەیان.


13) دەسەڵاتی کوردی لە ڕێگەی هونەر و مۆسیقاو میدیا و فلیم و سینەما و شانۆوە مێژوو و کولتوری گەلی کورد بە دونیا دەناسێنێت و کۆلتوری خۆشی دەوڵەمەندتر دەکات و پارچەکانی  کوردستانیش لەم ڕێگەیەوە لە یەکتر نزیکدەکاتەوە.  زۆربەی ووڵاتان ئەم کارە دەکەن و سودێکی زۆری سیاسی و ئابوری لێ وەردەگرن (ئەمریکا تەنها لە ساڵی ٢٠١٢ دا ١٦.٢ ملیار دۆلار بەرهەمی تەلەفیزیونی و فلیمی هەناردە کردووە)


14) بەم کارانەی سەرەوە، دەسەڵاتی کوردی وا دەکات تاکی کورد شانازی بە کورد بوونی خۆیەوە بکات و شانازی بکات بەوەی کە لەماوەی ٢٩ ساڵدا بەدیهاتووە.

مەخابن پاش ٢٩ ساڵ چاوەڕوانی، خەڵکی کوردستان بینیان ئەم دەسەڵاتە بنەماڵەگەرانە تەنها ناوەکەیان کوردیە و هیچی تر، هەموو کارەکانیان لە خزمەتی دوژمنانی کورد دایە. دوای ٢٩ ساڵ توانیویانە تاکی کورد لە کوردایەتی سارد بکەنەوە، توشی نائومێدی و گومانیان بکەن لەوەی کە کوردیش دەتوانێت فەرمانڕەوا بێت و خاوەنی دەوڵەت و دەوڵەتدار بێت. لە شکاندنی دەرونی تاکی کورددا سەرکەوتوو بوون، ئەوەی کە دوژمنانی کورد نەیانتوانی بە زەبروزەنگ و گۆڕی بە کۆمەڵ و کۆمەڵکوژی ئەنجامی بدەن.


ئەوەی دەسەڵات ئومێدی لەسەر هەڵچنیبوو ئەوەبوو کە لە سیاسەتدا پێی دەڵێن شەرعیەتی دەرەوە و شەرعیەتی ئابوری چونکە لە ڕاستیدا هەموو جۆرەکانی تری شەرعیەتیان لە دەستدابوو. ئیستا، جەنابی، بەناو،سەرۆک وەزیران داندەنێ بەوەی شکستیان هێناوە و ٢٧ ملیار دۆلاریش قەرزارن. ئاماژەکانیش وا دەگەیەنن کە هاوپەیمانەکانیشیان ڕەنگە پشتیان تێ بکەن لە داهاتوویەکی نزیکدا.


 ئەوکات ئەگەر هەیە خەڵکی کوردستان ڕاپەڕن و سەرانی دەسەڵاتیش بکەونە بەر ڕقی ئەستوری خەڵک لە پای ٢٩ ساڵ لە شکستی یەک لە دوای یەک، ٢٩ ساڵ لە تاڵانکردنی ووڵات، ٢٩ ساڵ لە چاندنی ڕق و کینە و دووبەرەکی، ٢٩ ساڵ لە تێکدانی پەروەردە و خوێندن و تێکدانی بەهاکانی کۆمەڵگا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×