بۆ ئایندەیەکی باشتر، با لە مێروولە فێری هاریکاری بین

دانا سەلام
  2021-03-22     435

زۆرینەی ڕەهای خەڵکی کوردستان بێزارە لەو بارودۆخە نەخوازراوەی تێی کەوتووە، لەو دەسەڵاتەی بەڕێوەی دەبات. هەمووانیش دەخوازن سیستمێکی باشتر و دادپەروەرانەتر بێتە کایەوە بەڵام بۆ بەدیهێنانی دەست نادەنە دەستی یەک.
30,000-70,000 ساڵ پێش، مرۆڤ لە گۆڕانێکی مێشکیدا توانای ئاخاوتن و بیرکردنەوە و لەبیرمان و خەیاڵکردنی گەیشتە ئاستێک کە توانی بیربکاتەوە لە شتێک نەیبینیوە، چیرۆکێک بگێڕێتەوە کە ڕووی نەداوە، ئەفسانە بەرهەم بێنێت کە خۆشی باوەڕی پێ بکات (وەک یوڤال هەراری دەڵێت).
ئەم گۆڕانکاریە هەناوی سەرکەوتنی مرۆڤە بەسەر ئاژەڵەکانی تر و ژینگەدا، چونکە توانیان گروپی گەورە درووست بکەن بۆ هاریکاری لەڕێگەی یەکخستنی بیرو هزرو هۆشیان، لە ڕیگەی درووستکردنی شتگەلێک لە قەبارەی خۆیان گەورەتر، وەک نەتەوە، کۆمپانیا، دین ...هتد.
گروپی گەورە مانای کاری گەورەیە، بەڵام بۆ درووستکردن و ڕاگرتنی گروپی گەورە پێویست بە یاسا و ڕێساو لە خۆبوردنە. پێویست بە یاسایە بۆ دیاریکردنی سنوری ئەوکارانەی ناشێ بکرێن. ڕێساش پێویستە بۆ ڕێکخستنی ڕیزەکان و هەڵسوڕاندنی کارەکان. لێبوردەیش پێویستە چونکە هیچ گروپێک ناتوانێت کارەکانی پەسەندی هەمووان بێت.
دەبێ قبوڵی بکەین کە کۆی هەموومان لە هیچمان ناچێت و بەرهەمی هەمووشمانە. بەڵام گرنگە بیرمان بێت، هەموومان پێکەوە گەورەتر و بەهێزترین لە هەر تاکێک لە ئێمە. بۆ گۆڕینی ئەم سیستمە بۆ باشتر، دەبی دەست لە دەستی یەک بکەین لە کاتێکدا دەزانین کە ئەو گروپەی درووستی دەکەین لە هیچمان ناچێت و کارەکانیشی ڕەنگە دڵخوازی ئێمە نەبێت بەڵام هەموومان پێکەوە براوە دەبین.
جۆرێک مێروولە هەن، پێان دەڵێن مێرولەی ئاگرین، لە کاتی لافاودا لە دارستانەکانی ئەمازۆن، دەست لە دەستی یەکدی دەکەن و تۆپەڵێک درووست دەکەن کە بە هۆیەوە قەبارەیان زیاد دەکات و بەمەش سەر ئاو دەکەون و بەردەوام دەبن تا دەگەنەوە ووشکانی. با وانەی هاوکاری لەم مێرولانە فێربین ئەگەر لە مێژووش فێرنەبووین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×