گۆڕینی دەسەڵات بۆ باشتر پێویستی بەتێگەیشتن‌و کاری وردە

دانا سەلام
  2020-12-09     697
لە ناخەوە خەمبارم کە دۆخی کوردستان گەیشتە ئەوەی کە خەڵک لە دەسەڵاتی کوردی ڕاپەڕێ. بەڵام  ئەوەی لە کوردستان ڕوودەدات سەرلەبەری سوچی سەرانی دەسەڵاتە کە لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بوونەتە  جێ بە جێ کەری پلانی دوژمنانی کورد، بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست کارێکیان کرد کە کورد دەسەڵاتی کوردی لە بەرچاو بکەوێت.
لە کاتێکدا پێم وایە ڕاپەڕین دژی ئەو دەسەڵاتە، ئەرکێکی هاونیشتیمانی بوونە. بەڵام پێم وایە ڕاپەڕینی بێ ڕێکخستن، هەڵەیەکی کوشندەیە کە زیانەکانی لە سودەکانی زۆرترە. دەسەڵات و داگیرکەران ئەمە زۆر باش دەزانن بۆیە هەنگاوی ووردیان ناوە بۆ نەهێشتنی متمانە لە نێوان خەڵک و بێ باوەڕیش بە هەموو ڕێکخراو و پارتێکی سیاسی. لەم کارەشیاندا گۆڕان و پارتە بەناو ئۆپۆزۆسیۆنەکان خزمەتێکی زۆر گەورەیان بە دەسەڵات کرد.
 ڕاپەڕینی بێ ڕێکخستن هەڵەیە لەبەر ئەم هۆیانە:

دەسەڵات و هێزەکانی پشتیان، دەزانن خەڵکی ئاسایی لەژێر کاریگەری سۆزداری (عاطفی) دان و دەزانن بە چ ئاراستەیەک هەنگاو دەنێن. بۆیە هەمیشە ئەوان چەند هەنگاوێک پێش جەماوەر پلانی بەرپەرچ دادەنێن و بەمەش لە لایەک خەڵک سارد دەکەنەوە لەوەی بتوانن گۆڕانکاری بکەن لەگەڵ هەر شەپۆلێکی ڕاپەڕیندا و لە لایەکی تریش دەسەڵات خۆی تۆکمەتر دەکات و ئەو خەڵکانەی چالاکن دەدۆزێتەوە و دەیانکاتە نیشانە.
لە ڕاپەڕینی ناڕێکخراودا، نازانرێ بەشدار بووان کێن و چ مەبەستێکیان هەیە. بە ئاسانی دەکرێ خەڵکانێک بە مەبەست خۆیان تێکەڵ بکەن بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕاپەڕینەکە.
قوربانی زۆر دەدرێت، خەڵکی بێ تاوان و لاوی خوێن گەرم و خەڵکی ئازا و چالاک دەکرێنە ئامانج لە لایەن دەسەڵاتەوە.
ڕاپەڕینی ناڕێکخراو، زۆر ئەستەمە سەرتاسەری بێت. لە ناوچەیەک دەکرێت و لە ناوچەیەک ناکرێت، ئەمەش بوار دەرەخسێنێت بۆ دەسەڵات بە ئاسانی سەرکوتی بکات و لە شەرعیەتی کەم بکاتەوە لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە بەشداربوان زوو سارد دەبنەوە چونکە هەست ناکەن هەموو پێکەوەن و پەیوەندیشیان پێکەوە نیە. لەبەر ئەوە کاریگەری نەرێنی دەبێت لە سەر یەکگرتوویی خەڵک.
لە بەر ئەو هۆیانەی سەرەوە ئەگەری سەرکەوتن زۆر کەمە. ئەگەر سەرکەوتووش بێت ئەوا ئەگەری فڕاندنی ڕاپەڕینە جەماوەریەکە لە لایەن گروپی هەلپەرستەوە (چ خەڵکانی سەر بە دەسەڵات بن لە بەرگی ئۆپۆزیسیۆندا بنوێنن، یان پارت و ڕێکخراوی هەلپەرست کە خۆیان ڕاپەڕینیان پێ ناکرێت و کەمینەن) زۆرە لەبەر ئەوەی ڕێکخراون و چەکدار و میدیایان هەیە بە پێچەوانەی جەماوەر کە ڕێکخراو نین و بڕیاریان بە ئاسانی پێ نادرێت.
ئەگەر ڕاپەڕین فڕێنرا، ئەوا ئەگەر زۆرە کە باروودۆخی خەڵک خراپتر بێت لە پێش ڕاپەڕین، بە تایبەت کە دەسەڵاتدارانی نوێ بە ناوی شەرعیەتی شۆڕشگێڕیەوە ساڵانێک دوای ڕاپەڕین، خەڵکی سەرکوت دەکەن و ئەگەریش زۆرە کە شارەزاییان لە بەڕێوەبردن و سیاسەتدا نەبێ یاخود لای زلهێزەکان پەسەند نەبن، بۆیە   ئەگەری خراپبوونی بارودۆخ زۆر زیاترە هەتا ئەگەر مەبەستیشیان باش بێت.
بۆیە بۆ گۆڕینی دەسەڵات لە کوردستاندا، پێویستە هەڵوێستە لەسەر ئەم خاڵانە بکرێ:
تێگەیشتن لەوەی کە باشوری کوردستان داگیرکراوە و ئەوەی کە لە کوردستاندا ڕوودەدات زۆر ئاڵۆزترە لەوەی کە دەردەکەوێت. ئەگەرچی وا دەردەکەوێت کە ئەم دەسەڵاتە تەنها چەند نەزان و بنەماڵەیەک بن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان ڕاوو ڕووت بکەن. بەڵام لە پشتی ئەم دەسەڵاتەوە، داگیرکەرانی کوردستان و زلهێزەکان هەن کە کاری زۆر و لێکۆڵینەوەی زۆر ووردیان کردووە لەسەر کۆمەڵگای کوردی و لەسەر ئەم بنەمایە پلانەکانیان بە ڕێوە دەبەن. بۆیە دژایەتی ئەم دەسەڵاتە، واتە دژایەتی ئەوان.
تێگەیشتن لەوەی کە بارودۆخی باشوری کوردستان، کاریگەری فرە گەورە و ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر هەموو پارچەکانی تری کوردستان بە ئەرێنی و نەرینیەوە.
زۆر پێویستە خەڵک خۆی ڕێکبخات بەشێوەی ڕێکخراو بە درووستکردنی ڕێکخستنی نهێنی لەگەڵ هاوبیر وهاوڕێ و هاوپیشە کانیان. ئەگەر ڕێکخستنەکان نهێنی نەبن بە ئاسانی دەناسرێن و دەکرێنە ئامانج.
گرنگە جەماوەر چاوەڕوانی سەرکردەی ڕزگارکەر نەبێت، بەڵکو کاری هەرەوەزی و ڕێکخراوەیی لەسەر بناغەی ئەرک و ماف و لێپرسینەوە.
دان بە خۆدا گرتن و دوور کەوتنەوە لە سۆزداری بەڵکو کار کردن لەسەر پلانی پێشوەخت چونکە دوژمنانی کورد دەزانن خاڵە لاوازەکانی جەماوەر کامانەن. بڕوانە چۆن دوژمنانی کورد دەسەڵاتی کوردیان بەکارهێناوە بۆ لە لاوزاکردن و لە ناوبردنی هەستی کوردایەتی.
کار کردن لەسەر گێڕانەوەی متمانە بۆ کۆمەڵگا لە ڕێگەی خۆ ڕۆشنبیر کردن وپەروەردە کردن و بە ئاگا هێنانەوەی خەڵکیش، هاوکات لەگەڵ هاریکاری خۆبەخش بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری، ژینگەیی، هاوکاری جوتیار و بەرهەمهێنەر و لێکۆڵەر و ئەکادیمی کورد.
کارکردن لەسەر کۆکردنەوەی خەڵک بە بیر و بۆچونی جیاوازەوە لە یەک بەرەدا بۆ شکستپێهێنانی پلانی دوژمنانی کورد، چونکە دەسەڵات و دوژمن و نەیارانی کورد کار دەکەن لەسەر دابەشکردنی خەڵک بە هاندانی ناوچەگەری و هۆز و بنەماڵەگەرایی و گروپ و گروپۆکەی بچوکتریش.
خەبات کردن لەڕێگەی پیشاندانی نمونەی باش لە هاونیشتیمانی بوون، فەرمانبەرێک لە فەرمانگەکەی خۆی، کرێکارێک بە کارەکەی خۆی، جوتیار بە بەرهەمەکەی و بێ کاریش بە هاوکاری خەڵک...هتد بۆ بەرپەرچدانەوەی پلانی دەسەڵات و نەیارانی کورد بە شکاندنی شکۆی تاک و درووستکردنی ڕق و کینە و خۆپەرستی.
زۆر شتی تر هەیە بۆ گوتن و کردن بەڵام لێرەدا جێی نابێتەوە، کرۆکی ئەم پەیامە دانبەخۆداگرتن و کارکردنی وورد و نهێنیە بۆ ئەوەی کە ڕاپەڕین کرا، بەرهەمەکەی ببێتە سەروەری بۆ هەمووان، شکۆ بۆ تاکی کورد بگێڕێتەوە و کۆمەڵگا وا ڕێکبخاتەوە کە ببێتە جێی ئیرەیی گەلانی تر.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×