ھۆكارەكانی پشت سەرەدانەكەی جەواد زەریف بۆ بەغدا و ھەرێم
د. نەوزاد هێتوتی
2020-07-21   1008
سەرەدانە لە ناكاوەكەی جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی
ئێران لە 19 تەموزی 2020 بۆ عیراق و
چاوپێكەوتنی لە گەل بەرپرسانی عیراق و كوردستان جێگەی پرسیار و سەرنجە. بە تایبەت سەرەدانەكە لە كاتێكدایە كە بڕیاربوو لە 20 تەموزی 2020 سەروك وەزیرانی عیراق
بە شێوەیەكی فەرمی سەرەدانی عەرەبستانی سعودیە بكات كە ركابەرێكی سەرسەختی ئێرانە.
بەلام بە ھۆی نەخوش كەوتنی شا سەلمان سەرەدانەكە داخرا. ھەروەھا كازمی لە بەرنامەدایە
كە 21 مانگدا سەرەدانی ئێران دەكات. ئەوەی
لە سەرەدانەكەی جەواد زەریف لە گەل بەرپرسانی عیراق لەوانەش سەرۆك وەریزان ، سەرۆك
كومار و وەزیری دەرەوە بە روونی ھەستی پێدەكرا ئەوەیە كە ئەم جارە گوتاری بەرپرسانی
عیراق بە زەقی جەخت كردنە لە سەر سەروەری و سیادەی عیراق، دوركەوتنەوەیە لە ململانێ و ناكوكییەكانی ناوچەكە و پراكتیزە
كردنی سیاسەتێكی ھاوسەنگ لە سەر ئاستی دەرەكی لە گەل دۆلەتانی ناوچەكە.
بێگومان سەرەدانەكەی
جەواد زەریف لە كاتێكدایە كە عیراق لە بارودوخێكی زۆر ناسەقامگیردایە و تا دێت
ناكوكییەكانی نێوان میلیشیا شیعەكان و كازمی روولە ھەڵكێشانە. بەتایبەت
ھەنگاوەكانی سەرۆك وەزیرانی نۆی عیراق، بە دلی ئێران وھاوپەیمانەكانی نییە و تارادەیەك
پێشبنییەكانیان سەبارەت كازمی ھەلە بۆوە. بە تایبەت ئێران و ھاوپەیمانەكانی لە
عیراق لەو ڕوانگەیەوە پاڵپشتی كازمیان كرد و دژی عەدنان زورفی وەستانەوە كە كازمی كەمتر
لە ژێر كاڕێگەری وھەژموونی ئەمریكادایە. بۆیە دژی بەرژەوەندی ئێران و میلیشیا
شعیەكان ناوەستیتەوە.ھەروەھا ئێران ھاوپەیمانە شیعەكانی پێیان وابۆو كە حكومەتەكەی كازمی كاتی دەبێت بە شێوەیەك لە دوو
سال دەرباز نابێت و ئەركی سەرەكی ئەم حكومەتە بریتییە لە خۆئامادە كردن بۆ
ھەڵبژارتنی پێشوەختە. لە لایەكی تریشەوە، وەك ھادی عامری لە یەكێك لە لێدوانەكانیدا
ئاماژەی پێكردووە، بەلێنیان لە كازمی وەرگرتبۆو كە پابەندی بڕیاری پەرلەمان دەبێت
بۆ دەركردنی ھێزەكانی ئەمریكا لە عيراق. ئەمە بێجگە لەوەی كە پاڵپشتییان بۆ كازمی لە كاتێك دابۆو كە
عیراق لە قەیران و تەنگژەیەكی گەورەی ئابۆوری، سیاسی و ناسەقامگیری رەوشی ئەمنی دابووە،
ھۆی بەلاوبوونەوەی كورونا، دابەزینی نرخی نەوت و ئەو خۆپێشاندانانەی كە لە عیراقدا بەرێوە دەچوون. بۆیە ئەوان وای بۆی
دەچوون كە ھەموو ئەم فاكتەرانە وادەكات كازمی
كەسێكی لاواز بێت و نەتوانێت بە ھۆی ئەو قەیرانانەوە دژایەتی ئێران وھاوپەیمانەكانی بكات یان لە
سیاسەتیان دەربچێت.
بەلام
ھەر لە سەرەتایی دەست بەكار بۆونییەوە تاكو ئێستا حكومەتەكەی كازمی بە شێوەیەك
سیاسەت و رەفتار دەكات كە دژی پێگە و ھەژموونی ئێرانە لە عیراقدا. كازمی خۆی بە
كەسێكی سێكولار، ناسێونالێست، دیموكرات و دژە تایڤی پێناسە دەكات. لە ھەموو گوتار و ھەنگاوەكانیدا باسی سەروەری و
سیادەی عیراق دەكات. جەخت لەسەر ئەوە دەكات چێتر رێگە نادەت ھێزی میلیشیایی لە عیراقدا
ھەبن. ھەروەھا ھەول دەدات سەرچاوەكانی گەندەلی و بەھەدەردانی سەروەت وسامانی عیراق
ریشەكێش بكات. لەم چوارچیوەشدا، یەكێك لە
سیاسەت و ئەولەوییاتی كازمی بریتییە لە رووبە رووبۆونەوە لە گەل میلیشیا شيعەكان
بە تایبەت ئەوانەی لە ئێرانەوە نزیكن. كازمی دەیەوێت ئەم میلیشیانە بخاتە ژێر ركێڤی
حكومەتەوە و ڕێگە نادەت چیتر سەربەخو و لە دەروەی دەسەلاتی حكومەت كارو وچالاكی نایاسایی ئەنجام بدەن. ھەڵكوتانە سەر
بارەگایی حێزبۆلا و دەستگیر كردنی 14 ئەندامی ئەم گروپە، بە تومەتی پلاندانان بۆ ھێرش كردنە سەر ناوچەی سەوز و فرۆكخانەی بەغدا، پەیامێكی ڕاستەخۆی
كازمی بووە بۆ میلیشیا شیعەكان كە چیتر ڕێگە نادرێت عیراق بكرێتە گۆرەپانی ململانێ ھێزە
دەرەكییەكان.
لەلایەكی تریشەوە، ھەنگاوەكانی ئەم دوایەی كازمی
بۆ كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكان ئەوەندەی تر ئێران و ھێزە پرۆكسییەكانی نێگەران
كردووە. بە تایبەت زۆربەی دەروازە سنوورییەكان
لە دەستی ھێزە میلیشیاكانی سەر بە ئێرانن
و لەم رێگەیەوە نەك تەنیا داھاتێكی زۆریان دەست دەكەویت. بەڵكو لە لایەك ئێران لەم
ڕێگەویەوە تارادەیەك ھەۆلی داوە كاریگەرییە
خراپەكانی گەماروەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران كەم بكات. بە ھەمان ئاراستەش، ئێران ئەو
دەروازە سنووریانە وەك كۆریدوریك بەكار دەھێنیت بۆ گواستنەوەی چەك و ئەسلەحە بۆ ناو عیراق و لەوێشەوە بۆ سوریا
لوبنان.
لێردا ھاتنی
جەواد زەریف وچاوپێكەوتنی لە گەل بەرپرسانی عیراق بێجگە لە گەیاندنی
نێگەرانییەكانی سەرەوە كە ئاماژەمان پێكرد بە حكومەتەكەی كازمی، ھەڵگری كۆمەلێك
پەیامی دیكەش بووە. لەم سەرەدانەدا ئێران نێگەرانییەكانی
خۆی سەبارەت نەرمی پێشاندانی عیراق بۆ مانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا دەربرێووە. بە
گوێرەی ھەندێك لە سەرچاوەی ھەوالەكان زەریف داوای لە كازمی كردووە كار بكات بۆ دەكردنی ھێزیەكانی ئەمریكا
لە عیراق، بەلام كازمی داواكەی ئێرانی رەتكردوتەوە. كازمی پڕسی مانەوە یان خۆد
كێشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا پەیوەست كردووە كە بە دەرئەنجامی گفتگوی ستراتیژی نێوان
ئەمریكا و عیراق. لە راستیدا نێگەرانییەكانی ئێران ومیلیشیا شیعەكان سەبارەت
مانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا دوای ئەوە دێت كە كینیس ماكینزی فەرماندەی فەرماندەیی
ناوەندی سوپای ئەمەریكا ئاشكرایان كرد كە حكومەتەكەی كازمی لە گەل مانەوەی ھێزەكانی
ئەمریكایە بۆ ئەوەی یارمەتی عیراق بدەن لە
چەسپاندنی سەقامگیری، دژایەتی كردنی داعش و روونەروو بۆونەوەی مەترسییەكانی میلیشیا
شیعەكان.
خالێكی تری گرنگ كە جەواد زەریفی ھیناوەتە بەغدا
ئەوەیە كە ئێران ترسی ھەیە كازمی زیاتر روولە دەۆلەتانی عەرەبی سوونی و پشت لە ئێران
بكات. بە تایبەت ئێران ترسی ئەوەی ھەیە كە كازمی چەندین رێككەوتنی سیاسی، ئابۆوری
و بازرگانی لە گەل ئەو ولاتە واژوو بكات بە شێوەیەك لە سەر حسابی پێگە و
بەرژەوەندییەكانی ئێران بێت. بە تایبەت لە
سەرەدانی پێشوی عەلی عەللاوی وەزیری دارایی عیراق لە ئایاری 2020 بۆ سعودیە چەندین داواكاری لەو ولاتە كرابون. لەوانە پێدانی
قەرز بە عیراق و دابین كردنی وزە بۆ بنكەكانی كارەبا وەك ئەلتەرناتیڤەك بۆ گازی ئێرانی.
بە ھەمان ئاراستەش لەم دوایەشدا دەۆلەتانی عەرەبی سوونی ئامادەییان دەربرێووە بۆ
ئەوەی ھێلی كارەبای عیراق بە كارەبای دەۆلەتانی كەنداو ببەستەنە و كارەبای بەردەوام
بۆ عیراق دابین بكەن. بێگومان ئەمەش راستەخو ھەرەشەیە لە سەر بەرژەوەندی ئێران لە
عیراقدا. ئێران لە روی ئابوورییەوە زیانی زۆری بەر دەكەوێت. ئەمە بەدەر لەوەی
عیراق زیاتر بە دەولەتانی عەرەبییەوە گرێ دەدات و لە ئێران دوور دەخاتەوە. ھەورەھا
لەم سەرەدانەدا ئێران مەبەستیەتی ئەو رێككەوتنانەی
كە لە گەل حكومەتەكەی عادل عبدالمەھدی كردویەتی بخاتە واری پراكتیزە كردنەوە.
لە لایەكی تریشەوە، سەرەدانەكەی زەریف بۆ ھەرێمی
كوردستان، دیسان پەیامەكە ئەوەیە كە ئێران لەم قوناغەدا مەبەستیەتی پەیوەندییەكانی
لە گەل ھەرێم بە ھێز بكات. بە تایبەت دوای رێفراندوم ئەم پەیوەندییانە توشی گرژی و
ئالوزی زۆر ببوون. لە راستیدا ئێران باجی دژایەتی كردنی ھەرێم دەدات. بە تایبەت ئێران
پێ وابوو كە دەتوانێت لە ڕێگەی ھاوپەیمانەكانی ھەموو عیراق كۆنترۆل بكات و
دەسەلاتێكی شيعەكرا وتایڤی سەر بە ئێران لە بەغدا دورست بكات. بەلام ئێستا ئێران مەترسی ئەوەی ھەیە ھێزیكی
ناسیونالێستی عەرەبی بە پاڵپشتی ئەمریكا ودەۆلەتانی عەرەبی دەست بە سەر عیراقدا
بگرێت. بە تایبەت ئێران مەترسی ئەوەی ھەیە كازمی زیاتر دژی بەرژەوەندییەكانی ئێران
كار بكات و بە تەواوەتی بچێتە بەرەی ئەمریكاوە . ئێستا ئێران لەوە تێدەكات كە دژایەتی كردنی ھەرێم وایكرد
سیاسەتەكانی لە بەغداش توشی كیشە ببن. بە تایبەت كاتێك كوردەكان دەنگیان بە
كاندیدی ئێران نەدا بۆ سەرۆك وەزیران. بۆیە تا چەند لە بەغدا پێگەی ئێران
وھاوپەیمانەكانی لاواز ببێت، ئێران زیاتر لە ھەرێم نزیك دەبێتەوە و پێوێستی بە
ھەرێم زیاتر دەبێت بۆ راستكردنەوەی ھاوكێشەكان. بەتایبەت ئێران ترسی لە سێ شت ھەیە
لە عیراقدا: یەكەم دروستبۆونی حكومەتێكی بەهێز لە بەغدا كە سەر بە ئەمریكا بێت.
دووەم ئەو حكومەتە لایەنی نەتەوەیی و عەلمانیەتی بەسەردا زاڵ بێت. سێیەم عێراق
بكرێتە بنكەیەك بۆ لێدانی ئێران. بۆیە ئێستا بە ھۆی دروست بۆونی ئەو مەترسییە و لاواز بوونی پێگەی
ھاوپەیمانەكانی، ئێران كرانەوەی زیاتری دەبێت بەرامبەر ھەرێم.