نامەیەک بۆ سەرۆک ماکرۆن، سەرۆکی‌ فەرەنسا

د. عه‌لی قەرەداغی
  2020-10-03     959
بەڕێز سەرۆک ماکرۆن:
پاش سڵاو...
نیگەران مەبە لەسەر ئایندەی‌ ئاینەکەمان، ئیسلام رۆژێک لە رۆژان پشتی‌ بە یارمەتی‌ دەستەڵات نەبەستووە، شمشێریشی‌ بەڕووی‌ نەیارانیدا بەرزنەکردووەتەوە تا لەو رێگایەوە ئاڵاو دروشمی‌ خۆی‌ بسەپێنێ...
ئیسلام بریتییە لە کۆمەڵە راستییەکی‌ گەردوونی‌ نەمر، چارەسازە بۆ ئەو کێشەو گرفتانە کە دەستەڵات و فەرمانڕەواکان نەتوانان لە چارەسەرکردنیان...
ئیسلام ئاینی‌ خوایە، نە سیستمێکی‌ فەرمانڕەواییە پشت بە خوو و حەزو ئارەزووی‌ دەنگدەران ببەستێ، نە هۆشیاریی‌ و بێداریی‌ جەماوەریش ساختە دەکات...
ئیسلام ئەو ئامادەبووە بەردەوامەیە کە بە پێوەری‌ ژیریی و سەلماندن کاردەکات، ئامانجی‌ پاراستنی‌ مرۆڤە...
لە هەرکوێ ئازادی‌ هەبێت ئیسلام لەوێیەو دەیبینی‌ کە سەرقاڵی‌ کاری‌ خێر و چاکەدایە، بەم پێیە لە هەر کوێ چەوساندنەوە بوونی‌ هەبێت ئەو لەوێ دەڕوێ و گەشە دەکات با ستەمکارانیش پێیان ناخۆشبێت.
ئیسلام ئاینێکە هەمیشە بە بەرزییەوە، ئاینێکە بەردەوام لە فڕیندایە هەروەک د. حوسەین موئەننەس بەوە ناویبردووە، لەگەڵ هەوادا دەفڕێ و جەماوەر هەناسەی‌ پێدەدات و پێی‌ دەژیێتەوە، با سەرۆکیش نکولی‌ لە ئیسلام و لەو راستییە بکات...
بەڕێز ماکرۆن:
ئاینی‌ ئێمە بە قەیراندا تێناپەڕێت، لە داهاتووشدا هەر لە قەیراندا نابێت، چونکە ئیسلام دەستکردی‌ مرۆڤ نیە تا لە پاشەکشەو کزبوونی‌، لە رەواجپێنەدان و بێبازاڕیی‌ بترسین...
ئەو ئیسلامە و تەواو، قسەی تر هەڵناگرێ، راستییەکە دەستەملانی‌ جووڵەی‌ گەردوونە، با فێڵ و پلان و پیلانەکانی‌ ئەوانیتریش کەڵەکەبن لەسەری‌، با دەهۆڵی‌ ئیسلام فۆبیاش لێدرابێ...ئەو هەر بەردەوام بەوپەڕی‌ ئاسودەیی‌ هەناسە دەدات و لە ژیاندایەو ئاوابوونی‌ نیە...
ئەی‌ سەرۆکی‌ بەڕێز: دڵنیابە ئێمە ترسمان لە ئایندەی‌ ئاینەکەمان نیە، هیچ پێویستیشمان بەوە نیە کەسێک بێت بەرچاوڕوونمان بکات گوایا ئاینەکەمان لە قەیراندایە...
بەڵکو پێت دەڵێین: ئایندە هەر بۆ ئیسلامە، بەڵکو ئەوەی‌ ئێمە ترسمان لێی‌ هەیە ئایندەی‌ ئەو کۆمەڵگایانەیە کە فەرمانڕەواکانیان بە رەوای‌ دەزانن ئاین و پیرۆزییەکانی‌ ئەوانیتر بە ئامانج بگرن...
ئێمە ترسمان لە ئایندەی‌ ئەو کۆمەڵگایانەیە کە فەرمانڕەواکانیان مۆتەکەی‌ دوژمنیان بۆ دروست کردوون... وا رایانهێناون کە بەردەوام لە ترسی‌ دوژمندا بن...
ئێمە بە چاوی‌ بەزەیی دەڕوانینە ئەو فەرمانڕەوایە کە هێشتا خودی‌ خۆی‌ لە قەیراندا دەژی‌، لەنێو تارمایی‌ جەنگە ئاینییەکانی‌ چاخەکانی‌ سەدەی‌ ناوەڕاستدا دەژی‌، لە کاتێکدا ئێستە ئێمە لە سەدەی‌ بیست و یەک داین..
کەواتە راستە قەیرانێکی‌ راستەقینە بوونی‌ هەیەو نکولی‌ لێناکرێ، بەڵام ئەو قەیرانە دەگەڕێتەوە بۆ باری‌ دووفلیقانەیی پێوەرەکانی‌ هەندێ لە سیاسەتمەدارە خۆرئاواییەکان، با ئێوەش باش بزانن ئەو کەسانە کە جڵەوی‌ فەرمانڕەواییان لە زۆربەی‌ وڵاتانی‌ جیهانی‌ عەرەبی‌ و ئیسلامیدا بەدەستە لەوانەن کە ئێوە دروستتان کردوون، یان کەسێکی‌ کودەتاچی‌ بووەو ئێوە پیرۆزباییتان لێکردووەو لەسەر ئێسقان و کەللەسەری‌ بێتاوانان گەیاندووتانەتە دەستەڵات...
بەڕێز سەرۆک ماکرۆن:
ئەوە ئێوەن لە قەیراندان، قەیرانی‌ داڕمانی‌ رەوشت، داڕمانی‌ بەهای‌ مرۆڤایەتی‌، داڕمانی‌ سیاسەت، هەرگیز ئیسلام بەرپرس نیە لە تاوانی‌ ئەو سەرکردە کارتۆنیە ساختانە کە بە سەرپەرشتی‌ و چاودێری‌ ئێوە ئەو قەیرانانەیان دروستکردووە...
بەڕێز سەرۆک ماکرۆن:
Le pouvoir n'appartient qu'à Allah. Il vous a commandé de n'adorer que Lui. Telle est la religion droite; mais la plupart des gens ne savent pas.
پ. د. عەلی‌ قەرەداغی‌
  ئەمینداری گشتی یەکێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×