چێژی فریودان، لەبارەی قوڵبڕینەکانی سلێمان هەڵشۆییەوە

توانا ئەمین
  2020-12-21     606
قوڵبڕەکان بێئیش نیین، پڕئیشترین کاراکتەری کۆمەڵایەتین، ئەوان هەرچی وەزەی خۆیانە لە ڕێگای سەرمایەگوزارییەکی گومڕاکەرەوە خەرج دەکەن، سەرمایەیەک بێ مایە!
سروشت لە ڕێگای شێوە و ڕوخساریانەوە چاکەی زۆری لەگەڵ کردوون بەوەدا نزیکەی هەمیشە؛ قۆڵبڕەکان دەموچاوێکی منداڵانە و بێگەردیان هەیە و لە ڕەفتاری ڕۆژانەیاندا سادە و دڵپاک و بێگەرد دەردەکەون، کە بێگومان دەرکەوتنەکەیان بەم شێوەیە بەشێکی ڕێکخراوە لە بزنزەکەیان.
قۆڵبڕەکان لەگەڵ سادەییەکەیاندا بەلوتف و ماریفەتن، لە قسەکردندا توانایەکی سەیریان لە زمانبازی و سەفسەتە و پەندهێنانەوە هەیە. زەینێکی ڕوون و چاوێکی تیژیان هەیە، لە هەر کەسێکی تر ئاسانتر و خێراتر دەتوانن چارە بۆ کێشەکان بدۆزنەوە، مێشکیان هێجگار چالاک و وەڵامدەرەوەیە، بەجۆرێک مۆرتێمر فاینبێرگ لە کتێبی (بۆ خەڵکی ئاقڵ ئیشی قۆڕ دەکەن ـ Why Smart People Do Dumb Things) دەڵێت "ئەگەر تۆ ئاستی ئیدراک و عەقڵت لەسەرو خەڵکەوەیە و بەهۆی ئەم توانایەتەوە ئاسانتر و خێراتر لە خەڵک دەتوانی گێرمەوکێشەکان چارە بکەیت، وریابە تۆ ریسکی ئەوەت لەسەرە ببیت بە قۆڵبڕ!"
قۆڵبڕەکان ڕۆحێکی شەڕانگێزی وەهایان هەیە کە دەتوانێت خەرمانەی لەرەلەری جەستەت بشکێنی و هیپۆنە (تەنویم)ت بکات، قۆڵبڕەکان ئاسانتر لە هەرکەس دەتوانن قەناعەتت پێ بکەن و ئەم مەهارەتەیان بە ئەزموونی زیاتر گەورەتر و ترسناکتر دەبێت.
فەنتازیای کاراکتەری قۆڵبڕ لە خەڵکی ئاسایی زۆر بەرینترە، قۆڵبڕەکان بێ خەون نین و سەریان تەژییە لە خەون، لێ ڕێگای بە ڕاستی کردنی خەونەکانیان هەڵەیە. ئەوان یەک و دوان نین، زۆرن و ئەوەتان لەناو ئێمەدا، بەڵام ئەوکاتە دەیانبینین کە چزەمان لێ هەڵدەستێنن.
مایک کۆمپۆبێلی تاوانناسی ئەمریکی دەڵێت " ١٠%ی ئەو کەسانەی ڕۆژانە دەیانبینی کار دەکەن، دروستکار و سەرڕاستی تەواون، ١٠%یان چەوتکار و فریوەدەری تەواون، ٨٠% بەردەوام لە نێوان دەستەی یەکەم و دووەمدا دێن و دەچن".
بۆیە سلێمان هەڵشۆیی تەنها یەک کەسە لەو ٩٠ لەسەد کەسەی کە دەکرێ لە هەرساتێک لە ساتەکاندا ببنە شتێکی تر.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×