ئیسلامی ڕاستەقینە و ئیسلامی تیکتۆک..!

توانا ئەمین
  2023-06-24     293

بۆ من وەک خوێنەوارێک سەیرە کە ببینم ئیسلام ئەمەندە لاستیکییە، هەر کەسێک چۆنی ویست وا ڕایبکێشیت... بەیانییەک لە خەو بێداردەبینەوە و دەبینین مەلایەک شوێنی شەیتانی دۆزیەوەتەوە، مەلایەک خەوی بە خوداوە بینیوە و مەلایەک بە پەیامبەر و مەلایەک بە فریشتەوە و هەر یەکەشیان ڕاسپاردەیەکی هەیە... داعشێک هەڵدەتۆقێ؛ سەری دیل بە شمشێر دەپەڕێنێت، مرۆڤ بە زیندووی دەسوتێنێت و دەڵێ ئەمەیە ئیسلام... مەلایەک دروست دەبێت و دەڵێ ژن دەیناسوورە و ڕێکخراوەکانی ژنان بێڕەوشتن و ئەمەیە ئیسلام... مەلایەکی تر سەرهەڵدەدات و دەڵێ هەر پیاوێ ژن و خوشکەکەی سفور بوو گەوادە و ئەمەیە ئیسلام! مەلایەکی تر لەسەر جیاوازی بیروڕا فەتوای کوشتنی گەنجێک بە کەتەر دەدات و دەڵێ ئەمەیە ئیسلام!!

من کەسێکی ئاینیی نیم، بەڵام هەمیشە ڕێزم بۆ ئاینەکان و پەیڕەوکەرانی هەبووە و هەیە، لەناو ئاینیشدا دیوە عیرفانییەکەی جێی سەرنجمە و خۆشەویستترین دیویانە... من لە کتێبە عیرفانییەکانەوە فێربووم؛ ئێمە (زەمان)نشینی ھەمیشەیین و تەنھا لە (مەکان)دا گیرمان نەخواردووە... فێربووم کە خودای بەڵێ و نەخێری وتاربێژانی فەیسبووک، خوای واعیزانی تیکتۆک؛ ئەو خودایە نییە، کە ئێمە لە ڕێگەی ئەزموونی ڕۆحیی و عیرفانیی، لەڕێگا کەشف و شهود، لەڕێگای وردبوونەوە لە سروشت، لە گەردوون، لە کەماڵییەکەی دەیناسین و لە زەینی خۆماندا وێنای دەکەین..

ئەوەی کتێبێکی منی خوێندبێتەوە دەزانێت؛ هیچ کاتێک مرۆڤم لە تۆزێک گۆشت و ئێسک و خوێندا کورت نەکردۆتەوە و هەمیشە لام وابووە ڕاز و پەنهانییەکی خودایی گەورە لە ئەسڵی ژیان خۆیدا هەیە، بۆیە بەردەوام جیهانی تەسەوف و مەعنەوییەت و زوهد و گۆشەگیریی و بیگەردیی ڕۆح بۆ من جێی سەرنج و پرسیار بووە.

ئێستا کە چاو بە لاپەڕەکانی مێژووی ئیسلامدا دەخشێنی؛ سوهرەوەردی و ئیبن عەرەبی و مەعروفی کەرخی و حەلاج و جەلالەدینی ڕومی و بایەزیدی بوستامی دەبینیت، لە کورددا؛ بەر مەولانا خالید و مەحوی و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس دەکەوی و جۆرێکی شکۆداری ئیسلام دەبینیت و ئێستا لە تیکتۆک و فەیسبووک جۆرێکی تری ئیسلام..!

ئەرێ بەڕاست ئیسلامە ئەسڵەکە کامەیانە؟!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×