کاکە حەمە گیان فریابکەوە..!

توانا ئەمین
  2022-07-02     709

کاتێک میساقێکی شەرەفمان نییە

کاتێک یاسایەکی ڕوونی ڕوماڵکردنی تاوانمان نییە، کاتێک میساقێکی گشتی شەرەفی کارکردن (پێوەرێکی ئەخلاقی ئیشکردنی ڕۆژنامەوانی) لەنێوان میدیاکارەکاندا نییە و هەمووان هەڵپەی ڤیو و ڕاوکردنی زۆرترین بینەر و ڕاکەڕاکی خێرا گواستنەوەی تاوانەکانی کوشتن و خۆکوشتنیانە; بەجۆرێک زیان لە بینەر و وەرگر دەدەن، هانی چاولێکەریی دەدەن، تایبەتمەندی کەسیی و خێزانیی کوژرا و یان خۆکوشتوو یان تاوانلێکراو دەخەنە بەرچاو و زیان بە ڕێڕەوی لێکۆڵینەوە و کاری دادوەری دەگەیەنن و حکومی پێشوەختە لەلایەن ڕای گشتییەوە دروست دەکەن کە دەکرێ هەڵەبێت و زۆرجاریش هەڵەیە.

ئێستا لە پێناو پاراستنی سەلامەتی دەروونی بینەر و وەرگری کورد و پاراستنی شیرازەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردی، باشترین شت ئەوەیە دەستبەجێ وەزیری ڕۆشنبیری کاکە حەمەی حەمەسەعید ئەو گەڕەلاوژێ و بێسەروبەرییەی میدیای کوردی بەم سێ خاڵە بوەستێنێت:

* میدیا مافی (ڕووماڵ و گواستنەوەی ڕاستەوخۆ)ی تاوانەکانی کوشتن و خۆکوشتنی نییە.

* میدیا بە هیچ جۆرێک مافی دواندنی کەسوکاری کوژراو یان خۆکوشتوی نییە لەناو پرسە یان لە گۆڕستان.

* میدیا مافی ڕووماڵی تاوانەکانی کوشتن و خۆکوشتنی نییە بەجۆرێک زیان بە دەروونی بینەر و وەرگر بگەیەنێت و ببێتە هۆی تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی، یان ببێتە هۆی چاولێکردن و دووبارە کردنەوە٠

هەر میدیایەک پێشێلکاری ئەم خاڵانەی کرد ڕاستەوخۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕێکاری یاسایی لە سزادانی میدیاکە تا داخستنی بگاتەبەر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×