تورکیا میوانێکە ناڕواتەوە!

توانا ئەمین
  2024-06-30     509

لە مێژوودا تورک چووبێتە هەر خاکێکەوە بە شەڕ نەبووبێ لێی نەکشاوەتەوە، کە بەناوی عوسمانییەکانەوە چووە خاکی وڵاتانی یۆنان و بولگاریا و ڕۆمانیا و هەنگاریا و کرواتیا ئەلبانیا و مەکدۆنیا و کۆسۆڤۆ و سڕبیا و مۆنتینیگرۆ و بۆسنە، تا سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم، تێیدامایەوە و دواتر بە زنجیرەیەک شەڕ و ڕاپەڕین لێی کشایەوە و جێی هێشت.

کە عێراق و سوریا و لوبنان و ئوردن و فەلەستینی ئێستای داگیرکرد، دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، بەریتانیا و فەرەنسا لە چنگیان دەرهێنا و کۆنترۆڵیان کرد. کە میسر و لیبیا و تونس و جەزائیر و سودانی ئێستای داگیرکرد، دوایی بە شەڕ و بەهۆی فراوانبوونی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپییەوە لەدەستیچوون. کە سعودیە و یەمەن و عومان و خاکی ئیماراتی عەرەبی و قەتەر و بەحرەین و کوەیتی ئێستای داگیرکرد، بە شەڕ لێی کشایەوە.

ئەم تورکیا نوێیەی ئێستاش کە لە ساڵی ١٩٧٤وە هێرشی کردە سەر قوبرس و بەشی باکوری دورگەکەی داگیرکرد، تا ئێستا لێی نەکشاوەتەوە... کە لە ٢٠١٦وە بە ئۆپراسیۆنی سەربازی، لەشکرکێشی کردە سەر وڵاتی سوریا و بەشێک لە ڕۆژئاوای کوردستانی داگیرکرد تا ئێستا لێی نەکشاوەتەوە.

کە لە ١٩٨٣وە بە حەوت هەزار سەربازەوە پێنج کیلۆمەتر هاتە ناو خاکی عێراق_باشووری کوردستانەوە و لە ١٩٩٦وە و دوای ٣١ی ئاب، یەکەم بارەگای سەربازی ئاشکرای خۆی لە شارەدێی بامەڕنی، لە پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان دروست کرد. نەک تا ئێستا نەکشاوەتەوە، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ بارەگای سەربازی زیاتر دروست دەکات، ڕێگای نێوان سەربازگەکان چێ دەکات، گوندنشینەکان ئاوارە دەکات.

ئێستا لە دهۆک، لە ناوچەکانی بابیرێ و کانی بەلاڤێی بامەڕنێ بازگەی داناوە و داوای ناسنامەی لە هاوڵاتیانی مەدەنی دەکات! بە ٣٠٠ ئۆتومبێلی سەربازییەوە شەوان بە ئاشکرا بەناوچەکانی کێستە و چەلکێدا دەخولێتەوە، بۆسە دادەنێ، کانی کوێر دەکاتەوە، داردەبرێتەوە، ژینگە ئەشێوێنێ... هەر تۆپخانە و درۆن و فڕۆکەکانی لە ئاسمانەوە هێرش ناکەن، ئەم هەفتەیە لە زەویشەوە سەربازەکانی ماڵ بە ماڵ گوندەکان دەپشکنن. دوێنێ شەو لە گوندی میسکای بەرواری باڵا لە پارێزگای دهۆک، ئاگریان لە ماڵی گوندنشینەکان بەرداوە و خانووەکانیان سووتاندوون.

بەکورتی تورکیا میوانێکی ڕەزا قورسە و نیازی ڕۆشتنەوەی نییە، لە مێژوودا بە میوانی چووبێ بۆ هەر ماڵێک لێی نەڕۆشتۆتەوە... کەچی لە ئاستی ئەم (میوان!)ـەدا، نە دەسەڵاتی زاڵی ئەو زۆنە کە پارتییە و هەمیشە کوردایەتی بە خەڵکی داماوی خۆمان دەفرۆشێتەوە، مێش میوانێتی! نە عێراقیش دەرپێی (سەروەری!)یەکەی خۆی کە وا لە ئەژنۆیدایە، بۆی هەڵدەکێشرێتەوە...

زۆرترین بینراو
له‌سنوری "پاوه‌"ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان شه‌ڕ رویداو پاسه‌وانێكی سنوری ئێران كوژرا
مه‌زڵوم عه‌بدی: ده‌بێت مافه‌ نەتەوەیی، كو‌لتوری و ئیدارییه‌كانی كورد له‌ سوریا به‌ ده‌ستور مسۆگه‌ر بكرێن
لە حەسەکەوە بەرەو دیمەشق: مەزڵوم عەبدی بە فەرمی وەک ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی دەستبەکار دەبێت
دادگای باڵای عێراق بە فەرمانی فایەق زێدان هێرشکردنە سەر ناوچە دیپلۆماسییەکان بە "تیرۆر" ناودەبات
ترەمپ: بە کامێرا چاودێریی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەین
سوپای پاسداران بە موشەک هێرشی کردەسەر ئامانجەکانی ئەمریکا ئوردن
سۆمۆ: داهاتی پێشبینیکراوی نه‌وت دەگاتە نزیکەی 4.5 ملیار دۆلار و نه‌وتی هه‌رێم به‌ 87 دۆلار ده‌فرۆشرێت
هه‌ڵسوڕاوانی گۆڕان له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌: بە بڕیاری دادگا شەرعییەت لە دانا ئەحمەد مەجید وەردەگرینەوە
عراقچی له‌باره‌ی هێرشه‌كانی وڵاته‌كه‌ی، وه‌ڵامی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوردن ده‌داته‌وه‌: ده‌بوایه‌ چه‌ند چاوه‌ڕێمان بكردایه‌
هێشتا وەرزی زستان نەهاتوە، نرخی نەوتی ماڵان لە بازاڕەکانی هەرێمدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×