ساختەچییەک بەناوی جیم ئۆزان!

توانا ئەمین
  2022-01-29     383

هەموومان دەزانین یەکێتی و پارتی نا، حکومەتی هەرێم نا، حکومەتی سویدیش ناتوانێت بە هەفتەیەک ئەو خاڵانەی نەوەی نوێ چاوبەستانە وەک مەرجی دەنگپێدان دایناوە جێبەجێی بکات! یارییەکی پیس، کارتێکی سووتاو، فێڵێکی نامۆراڵییانەی ناشرینە؛ تۆ هەموو خەڵک و لە پێشی هەمووشیانەوە دەنگدەرەکانی خۆت بەکەربزانی!

تۆ فرۆشتوتە و بڕیوتە و دوریوتە و کردوتەتە بەری؛ داوای ڕای خەڵک دەکەی لە فەیسبووک؟! نەوەی نوێ کاندیدێکی داماوی بۆ سەرۆککۆمار داناوە، کە خۆشیان دەزانن ۲٠ دەنگ ناهێنێ. ئەوە بیانوویەکە بۆ ئەوەی ئەندام پارلەمانەکانت بنێریتە ژوورەوە و بایکۆت نەکەی، هەر ئەوەندەی چوونە ژوورەوە یارییەکە تەواوە، هەم نیسابی قانوونی زیاد و تەواو دەکەی، هەم لەگەڕی دووەمدا یارییەکەی خۆت دەکەیت و دەنگ بەو کاندیدەی دەسەڵات دەدەی کە پێشتر کورسییەکانت پێ فرۆشتووە. ئیدی هیچ شتێک لەگۆڕێ نییە بەناوی (بەرژەوەندی خەڵک!).

ئەگەر لەسەر ئەو بڕە پارەیە ڕێکبکەون کە نەوەی نوێ ئەمشەو داوای کردووە؛ ئەوە دەنگ بە یەکێتی دەدەن و هێشتایش زۆر زەحمەتە یەکێتی دەربچێت؛ ژمارەی کورسییەکانی ئەم ململانێیە زۆر نابەرامبەرە. دەنگدانەکەیان پەیوەندی بە بەرژەوەندی تیجاری و ئەمنییەوە هەیە.سەنتەری نەوەی نوێ سلێمانییە و حاکمی موتڵەقی سلێمانیش یەکێتییە. یەکێتی زۆر بە ئاسانی بە جوڵاندنی کۆمەڵی کەیسی دادگا لەسەر دەستبڕین و حەقخواردنی خەڵک بە دوو ڕۆژ دەتوانێت سەرۆکی جوڵانەوەکە وەک (جیم ئۆزان) سووک ڕسووا بکات، ئەی کە تا ئێستا لێی توند نەکردبوو بۆ ڕۆژێکی ئاوهای هەڵگتبوو.

جیم ئۆزان کێیە..؟

جیم ئۆزان سەرمایەدارێکی تورکی بوو، خاوەنی چەندن کەناڵی ئاسمانی و ناوخۆیی بوو؛ لەنێویاندا کەناڵی تەلەفزیۆنی (ستار تی ڤی). لە ساڵی 2002 پارتێکی سیاسی دامەزراند بەناوی (حزبی گەنجان _گەنج پارتیسی _Genç Parti)کە بانگەشەی چاکسازی بنەڕەتی حکومەتی دەکرد و توانی ببێتە ڕکەبەرێکی گەورەی ئەوکاتەی حکومەت، لەهەمان ساڵدا لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ئەو وڵاتەدا توانی 7% کورسیەکان بەدەست بهێنێت، بەڵام دواتر دەرکەوت کە (جیم ئۆزان) تێوەگلاوە لە گەندەڵی و پارەیەکی زۆری حکومەت و خەڵک قەرزارە کە دەگاتە 10 میلیار دۆلار بەم هۆیەوە چەندین کەیسی لەدادگا بۆکرایەوە و دەست بەسەر هەموو سامانەکەیدا گیرا و ئەویش وەک هەر قۆڵبڕێکی گەورەی تر هەڵهات بۆ دەرەوەی وڵات.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×