كاتێكى نەگونجاو بۆ پڕۆژەیەكی هەستیار

دیاری محەمەد
  2021-05-27     156

تا كاتی پێشكەشكردنی پرۆژە یاسای رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، دەنگدەران نەیاندەزانی بە چ میكانیزیمێكی كاریكاتێری پرۆژە یاسا رادەستی سەرۆكایەتی دەكرێت؟  بۆ نمونە پەرلەمانتار "بەبێ ئەوەی پرۆژكە بخوێنێتەوە ئیمزای لەسەر كردوە"، پەرلەمانتارێكیش "شوفێرەكەی ئیمزای بۆ كردوە" یان "تەزویری ئیمزای پەلەمانتار كراوە."

دڵمان لە مستماندا بو تا ئێوارەی دوشەممە 17ی ئاب، لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی لەپەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە پێشنیازە یاسای رێكخستنی میدیای ئەلكترۆنی لە هەرێمی كوردستان-عێراق ئەو تێبینیانەی سەبارەت بەناوەڕۆكی پێشنیازە یاساكە گەیشتە لیژنەكەیان بە هەندوەرگرت، بڕیاریاندا "ناوەڕۆكی پێشنیازە یاساكە رەتبكەینەوە بەو شێوازەی كە ئێستا هەیە" ئامادەكاریی بكەن دوای پرس و راوێژ لەگەڵ پسپۆڕان و میدیاكاران و لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەن، بەمەبەستی ئامادەكردنەوەی بە ناوەڕۆكێكی گونجاو كە تێكهەڵكێشبێت بەو سەرنج و تێبینییانەی لەلایەن پسپۆڕان و میدیاكارانەوە بۆ لێژنەكەیان هاتوە.

بێ ئەوەی لیژنەی رۆشنبیری رایبگەیەنێت كە پرۆژەكەیان خستۆتەوە بەردەم "پسپۆڕان و میدیاكاران و لایەنە پەیوەندیدارەكان" وەك خۆیان بڕیاریان لەسەر دابو، ئەمجارەیان پرۆژەكە چۆتە ژورێكی وەزراەتی رۆشنبیری لە ناو وەزارەتەوە، ئەمڕۆ وتەبێژەكەیان مژدەی راگەیاندنی رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی و هەمواركردنی رێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2014 (رێكخستنی فریكوێنسی سپەیس لە هەرێمی كوردستان) راگەیاند.

لە دو ساڵی رابردودا، دو هەوڵی هەڵگەڕانەوە بەسەر یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، هەبون. هەوڵەكان بریتی بون لە پێشكەشكردنی دو پڕۆژە یاسا، یەكەمینیان پرۆژە یاسای دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای میدیا لە هەرێمی كوردستان، هەروەها پرۆژە یاسای ڕێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی، یەكەمیان ساڵی 2019 شكستی پێهینرا، دوەمینیان، ساڵی 2020.

وەك سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنین:

1. هەمو برگەیەكی یاسایی و رێنمایی و بڕیارێكی وەزاری بەرامبەر دەزگاكانی میدیا رەتدەكەینەوە كە پێچەوانەی مادەكانی یاسای ژماری 35ی ساڵی 2017 یاسای كاری رۆژنامەگەری.

2. ڕێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی دەبێت لە ژینگەیەكی سیاسی سەقامگیر گفتوگۆی لەسەر بكرێت و نەكەوێتە نێو ململانێی سیاسی و حزبییەوە، هەروەها ناكۆك نەبێت لەگەڵ پێودانگە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەمافی ئازادی رادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەری.

3. سەبارەت بە هەمواركردنی رێنمایی ژمارە یەكی ساڵی 2014ی وەزارەتی رۆشنبیری، رێكخستنی فریكوێنسی سپەیس لە هەرێمی كوردستان، میترۆ بە حەزەرەوە تەماشای ئەم هەنگاوەی وەزارەت دەكات بەتایبەتیش ئێستا وەرگرتنی مۆڵەتی میدیای بینراو و بیستراو لە بنچینەدا ئاڵۆزكراوە، داوا دەكەین هەمواركردنەكە پەرچەكردار نەبێت بەرامبەر هەڵەی پیشەیی هەندێ دەزگای میدیا كە دەبێت لە چوارچێوەی بەندەكانی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، نەك رێنمایی و بڕیاری وەزاری.

دیاری محەمەد، بەرێوەبەری سەنتەری میترۆیە بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×