لەبەر شکۆی کورد، وەرن چیرۆکەکەمان لەعێراقدا، بگۆڕین

عەبدولرەزاق شەریف
  2023-07-27     775

  تەنیا پاڵنەر و هۆکاری  بیر و فکری پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی کەپێش سێ ساڵ نوسیمان وکارمان بۆ کرد ئەوەبو کەدەمانزانی هەرێمی کوردستان لەسەردەستی خیانەتکارانی ناوخۆ بەئەجندای داگیرکەرانی کوردستان، تەسلیمی بەغدا دەکرێتەوە . ئەوساوئێستاش، لەبەهەرێمکردنی کەرکوک و گشت پارێزگاکانی تری کوردستاندا، رێگای رزگاری دەبینین .
 لەدەیان چاوپێکەوتن ونوسینا دەمانوت حوکمداری هەرێمی کوردستان لەسایەی تەماح و بەرژەوەندی حیزب و بنەماڵە و خێزانە سیاسیەکانا دەڕوخێت . ئەم دوو حیزبە جگە لە پرۆژەی تەسلیم بون و لەگۆڕنانی خەون و ئاواتی میلەتەکەمان هیچیتریان لێنەماوەتەوە .
- ئێمەیان تەخویندەکرد بەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەخەینە بەرمەترسی و تێکدان ! ئێمەش دەمانوت نیوەی خاکی کوردستانیان تەسلیمی حەشدی شەعبی کردوە، بافریای نیوەکەی تری بکەوین . ئێستا دەرکەوت کێ نیوەباقیەکەشی  تێکدا و تەسلیمی بەغدای کرد ؟
- بەئێمەیان ئەوت  شورەیی و شەرمە بۆ موچە و خەرجی  هەرێم هانا بۆ بەغدا بەریت ! ئێستا وەک مافی دەستوری بەشی هەرێم لەبوجەی عێراق نا بەڵکو وەک سواڵ و سەدەقە دەست بۆ موچە پانەکەنەوە .
-  ئەوان و زۆرێک لەدۆستەکانیشمان ئەیانوت داهاتی پارێزگاکە لەبون بەهەرێمدا، ناتوانێ بژێوی، موچەی خەڵک و موچەخۆران دابینبکات ! ئەی ئێستا کە بەغدا گسکی لەداهاتی نەوت و گومرگ و ناوخۆی هەرێمی کوردستان دا، بەکام بڕگەی دەستور و یاسا لەبەغداوە موچە و خەرجی دابینی دەکەن ؟ خۆ مانگا مرد و دۆ بڕا .
- دۆستەکانمان ئەیانوت هەرێمەکانیش پێکبهێنرێت هەر  بنەماڵەی بارزانی لەولا و تاڵەبانی لەملا حوکمداری ئەکەن ! ئەمانوت کورد و هەرێمەکەی پێویستی پەلەی بەنوسینەوە و ئیقراری دەستوری خۆیەتی، لەهەبونی ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتی و سیاسیەدا ، حوکمدارێتی بنەماڵە، مەحاڵ ئەبێت چونکە ئەو بنەماڵانە لەفەراغی نەبونی دەستورا حوکمداری هەرێمەکە ئەکەن، هەربۆیە ناشیانەوێت کوردستان خاوەنی دەستوری خۆی بێت،  گەر دوژمنەکانی لێگەڕێن، کورد هەمیشە مقەوەمات و فەرهەنگێکی پتەوی بۆ حوکمدارێتی دیموکراسی و پێکەوەیی هەبوە .
خەڕەکی کڵاوی بابردومان ڕست، وتمان چش لەکڵاو بافریای سەرمان بکەوین ! ئێستا وەک پرۆژەی هاڕین و تەسلیمبونی کورد سەری شکۆ و ئیرادەیان بەشێوەیەک شکاندین هیچ تاکێکی کورد ئامادەنیە بەرگری لەیەک بستی خاکی کوردستان بکات .
جیاوازی هونەر و زانستی سیاسەت لەگەڵ ئەوانیتر ئەوەیە کەهەمیشە رێگە و فیکر و تاکتیکی نوێ، بۆ خستنەوە سەر رێگەی ئامانجەکانت ئامادەیە، بەداخەوە کورد تەنیا بەچیرۆکێکەوە نوساوە و دەیان ساڵە ( بەپشتیوانی گورنەتەڵە بەدوای روناکی ئاگری دێوەکەی بەغداوەیە) !
دەستوری عێراق رێگەی پێداوین بەچیرۆکی (فیدراڵی پارێزگاکانمان)، سەرلەبەر هاوکێشە و سیستەمی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان بگۆڕین .
چۆن و چی بکەین ؟
+ هەرچی زوە بەناو نوێنەرەکانی کورد لەبەغدا بکشێنەوە، ئەو حیزب و تاقم و کەسانەی موچە و ئیمتیازاتیان لەبەغداوە بۆ دێ رەتیبکەنەوە .
+  دەستەیەک لە (حاکم و سیاسی بێلایەن) بەپشتیوانی کەسانی پسپۆڕی جیاواز  (وەک حاڵەتی پەلە و ناچاری) حوکمڕانی هەرێمیان تەسلیمبکرێت .
+ حیزب و کارەکتەرە حیزبیەکان بۆ گەڕانەوەی متمانە و شکۆی میلەتەکەمان دەست لەکاروباری حکومەت هەڵبگرن .
+ دادگایەکی تایبەت بۆ گەڕاندنەوەی هەموو ئەو موڵک و ماڵ و پارانە (چ ئەوانەی شەخس یان حیزب و کۆمپانیاکان) دزیویانە دابنرێت .
+ عسیانی مەدەنی خەڵکی هەرێمی کوردستان رابگەیەندرێت .
+ هەتا دۆخی دەستوری و یاسایی خۆی وەردەگرێت (هەڵەبجە، هەولێر ، دهۆک و سلێمانی ) بەپراکتیک وەک چوار یان دوو هەرێمی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنەکانیانەوە بەرێوە ببرێن و رەشنوسێک بۆ دەستوری هەرێمەکان ئامادە بکرێت .
+ هەمو گفتوگۆیەک لەگەڵ عێراق لەرێگەی ئەو دەستەی حوکمڕانیەوە بەئامادەبونی نوێنەری چوار پارێزگاکە بکرێت، بنەمای شەراکەتی دوو نەتەوەی جیاواز و دیاریکردنی سنورە فیدراڵیەکان لەعێراقدا،  ستونی نەگۆڕ و جێگیری گفتوگۆ و رێکەوتنەکان بێت .
+ کار بۆ پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگای کەرکوک بکرێت .

هەرچیمان بەسەرهات و بەسەریان هێناین بەپرۆژەیەکی ئاشتی ناو ماڵی کورد گەردنتان ئازاد بێت بەڵام دەرفەتێک بدەن حیکایەتەکە بۆ هەتا هەتایە لەعێراقدا، بگۆڕین . 
گەروانەکەین ؟ بەسەروکڵاوی بابردوەوە، زۆرنابا و عێراق داوای جێبەجێکردنی مادەی سەدوچلمان لێدەکات !
ئەو رۆژە دێت و لەراپرسیەکەدا، بەرێژەی سەدا حەفتا و بەرەوژور بۆهەتایە هەموو ئەو خاکە لەدەست ئەدەین کە هەوێنی چیرۆکی سەدساڵەمان بوە .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەلایەک بە بە دەستڕێژی گوللە کوژرا
وه‌زیری پێشمه‌رگه‌: پڕۆسه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌ركه‌وتویی كۆتایی هات
دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی لالەزار دواخرا؛ پارێزەران باس لە «سیناریۆ و گوشار» لەسەر تۆمەتباران دەکەن
پێشڕەویی حوسییەکان بەرەو شاری موخا؛ هاوکێشەی سەربازی لە دەوروبەری بابولمەندەب دەگۆڕێت
پەرلەمانتارێک: وەزیری دارایی واژۆی لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرد
هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی بۆ مه‌سرور بارزانی: مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم له‌ بودجه‌دا پارێزراو ده‌بن
دادگای سلێمانی ئەمڕۆ وتەی لاهور شێخ جەنگی و پێنج دەستگیرکراوی دۆسیەی لالەزار وەردەگرێت
لە کەلار؛ منداڵێکی دوو ساڵان لەناو تەشتێک ئاودا خنکا
ئیسرائیل بە هەزارو ١٠٠ تەن تەقەمەنی تونێلەکانی "عەلی تاهیر"ی وێران کرد
حکومەتی هەرێم بەپێی سەرژمێریی نوێ داوای 14.1%ـی بودجەی عێراق دەکات؛ "مەبەستمان بودجەی گشتگیرە نەک تەنها مووچە"
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×