بەڵێ کتێبخانەکەش من سوتانم

عەبدولرەزاق شەریف
  2021-11-24     929
 سەرەتا ئەبێ ئەوە بزانن حیزبەکانی ناو حکومەتی هەرێم، سەرکردە و کادرە دەسەنەخۆرەکانیان، هەمیشە لەکاتی نارەزایی دەربڕین و خۆپیشاندانی چین و توێژە جیاجیاکان ، هیچ بەسەر خۆیانناهێنن، هەرێمەکە ئەکەن بەشامی شەریف و لە ناو کۆشک و ئۆتۆمێلە گولەنەبڕ و باخ و ئۆفیسی کۆمپانیاکانیانەوە لەهەموان ئەڕوانن و ئەڵێن کوردستان و کورد چ عەیبیان نیە ..! دەستی دەرەکی و دەستی دوژمنان لە پشت ئەو ئاژاوە گێڕانەوەیە ، رۆژانی دوەم خۆیان بە تەماحی پوڵ و پۆست هەندێ بۆ لێدان و تیرۆر و تۆقاندن هەندێکیش بۆ گێرەشێوێنی ئەنێرنە ناو خۆپیشاندانەکان و ئیتر بەدکاری و بەدئاکاری ئەوکەسانە ئەکەن بەماڵ لەسەر خۆپیشاندەران و بەرێگەی ماکینەی گەورەی ئیعلامی و پەیوەندیە هەواڵگرییەکانیانەوە چاوی ئەخەنەسەر و خەڵکی نارازی کوردستان بە دێو و درنج ئەکەن . 
- بەهیچ جۆرێ بەشداری لێدان و سەرکوتکردنی مزاهەرەچیەکان ناکەم هەتا شەهادەی شەشی ئامادەییم بۆ دروست نەکەن و نەمکەن بە ئامر فەوج ...
لە هەڤدەی شوبات و رۆژانیی دوایی ئەمە قسەی کەسێک بو کە تەکلیفی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانیان لێکرد .
- مقەرەکەی خۆشمانم بەدەستی خۆم سوتان وتم بانەڵێن هەر مقەرەکەی خۆیان ماوە و دەستمان کەشف بێت ...
ئەمەش قسەی هەڵسوڕاوێکی گۆڕان بو لە خۆپیشاندانەکانی کۆتایی ساڵی دوهەزار و هەڤدە .
ئەوحیزبانە و کارەکتەرەکانیان پێیان وایە کەس رابردوی ئەوان نازانێ ، ئەوان پێش راپەڕین و پێش تاڵانی دام و دەزگاکانی موڵکی گشتی هیچیان دەرماڵ و خوان و سفرەشیان لەماڵی باوکیانا نەبینیوە ، یان لەبنەڕەتدا، ماڵە باوکیشیان نەبوە ، هەندێ لەتاو دروێنە و گۆل بڕین ، هەندێ لە مەراق و گرێی دەرونی بێ کەسی و بێ پەروەردەیدا، رێگەی شاخ و پێشمەرگایەتیان گرتە بەر و بە پارەی دزراوی دوای راپەڕینیش دیسان لەبەر گرێ دەرونیە کۆمەڵایەتیەکانی خۆیان کەسانی نەجیب و خوێندەوار و تێکۆشەرە راستەقینەکانیان لە حیزب و حکومەت دورخستەوە . 
ئەوان لە شاخ سەری براکانی خۆیانیان پێش گیرفانەکان ئەبڕی ! بە شڕەخۆری پێشمەرگایەتی گەورە بون ! ئەوان لەشار لە تەلی کارەبای سەرئەرز و کێبڵی ژێر ئەرزەوە کەوتنە دزی هەتا ئۆتۆمبێلی ئاگر کوژاندنەوە و ئیسعافەکانی خەستەخانە .
لە شەڕی دزینی گومرگدا، سەدان گوند و شار و شاخیان تۆپ بارانکرد و سوتاند .
ئێستا بەئێمە ئەڵێن کتێبخانەتان سوتاندوە !!!
بەڵێ من سوتانم !
-  منی کوڕە شەهید کە جاشێکی کوژراوتان هاوشانی باوکم خستۆتە لیستی شەهیدانەوە ...
- منی خوێندکاری زانکۆ کە تەزکیەی کوڕە مەسولێکی پارتی و یەکێتیم پێ نەبێت مامۆستاکانیشم مەرحەبام ناکەن ...
- منی کوڕە گوندیەک کە پیاوەکانی ئاغای ئێستا و کۆنە سەرۆک جاشی جاران پێم ئەڵێ مەرزەکەی سنور کۆنترۆڵی خۆمە و وەرە بەر بە نیوەیی ئیشم لەگەڵدا بکە ...
- منی دایک ، کە بینیم کچ و کوڕەکانم لەبەر نادادی ئێوە جێیان هێشتم و لە ئاوی ئیجەدا گۆڕ بزر بون ...
- منی باوک ، کە بینیم رۆڵەیەکم سەری لەژێر پێی پاسەوانەکانی ئێوەدایە ...
- منی خوێنەوار، کە بینیم نەخوێندەوارێ حوکمداریم ئەکا ...
- منی هونەرمەند، کە بینیم جائیزەی باشترین هونەرمەندی ساڵ درا بە قەرەقۆزێک ... 
- منی شاعیر، منی نوسەر و منی ئەدیب ، کە بینیم زمان و وشەی کوردی لە دەرباری ئێوەدا، ئەتک ئەکرێ ...
- منی زیندانی سیاسی و پێشمەرگەی راستەقینەی شۆڕش، کە ئەبینم مێژوی خۆم و شەهیدەکانی هاوڕێم ئەشێوێنرێ و هەراج ئەکرێ ...
- منی ژن ، کە رۆژانە شکۆ و کەرامەتم لەبەردەم مەترسی دەزگا جاسوسیەکانی ئێوەدایە ...
- منی کرێکار و دەستگێڕی ناو بازاڕ ، کە پۆلیس و ئاسایشەکەتان بۆ دەستکەوتێکی رۆژانەم داوای سەرانەم لێدەکا ...
- منی مامۆستا و فەرمانبەر، کە داهاتی هەرێم و وڵات ئەبەن و بە منەتەوە موچەکەم بە چارەک و بە نیوە ئەدەنێ ...
- منی کورد ، کە لەپارچەکانی نیشتیمانی دایکەوە هاتوم و شەڕتانە لەسەر ئەوەی کێ دەنگم کپ بکات و کامتان تەسلیم بە چەقۆی سەر ملی خۆمم بکەنەوە ...
- منی قوربانی ناو زیندانەکانی پاراستن و زانیاری و ئاسایشی هەرێم ...
بەڵێ من خۆم ئەسوتێنم و هەمو شتێکی ئەم حوکمڕانیەی ئێوەش لەگەڵ خۆما ئەسوتێنم ... 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×