ئیتر قسەدەكەم (8)

عەبدولرەزاق شەریف
  2019-07-24     3116

دیسان پێشەکی 

 
روداوەكانی دو هەفتەی ناوەڕاستی تەموزی ئەمساڵ وەك كەشوهەواكەی گەرم‌و گوڕ، جێگەی قسەو باس بو، بۆ لەمەودوا هەوڵئەدەم وێنەكانی رابردو، بە نەخشی روداوەكانی ئێستا رەنگ بكەم‌و بچنم، ئەگەر ناڕێك‌و ناجۆریش بێ‌ وەك دەنكە قەزوان بەسەرەداوی روداوەكانی ئایندەوەی ئەكەم، ئەوەش چەندین پەنجەرەی ترم بەسەر روداوەكانی ئەم مێژوە تازەیەدا بۆئەكاتەوە كە دەیان ساڵ لە نزیكەوە ئاگاداری روداوە سیاسییەكانی بوم، لەوەش زیاتر ئەتوانم لەمڕۆ دانەبڕێم‌و لە خوێندنەوە بەردەوام بم.
حەقیقەتی سیاسەتكردن‌و بڕیاردان لەناو مەسەلە گرنگ‌و چارەنوسسازەكاندا، هەمیشە نهێنین‌و نهێنییەكانیش هەمیشە حەقیقەتی بەرجەستەن، بۆ نوسین‌و قسەكردن لەسەریان تەوژمێكی توندی ئیلیتزام‌و مەسولیەت بە نەوەی ئێستا‌و ئایندەوە هانت ئەدەن‌و كۆسپ‌و ئازاری ئەخلاقی, ویژدانی‌و تەنانەت میهەنیش بە هەمان تەوژم بۆ بێدەنگی پاڵت پێوەدەنێ. هەموو شتێك لە هەموو كات‌و جێگەیەكدا ناوترێت، ئەوانەی ئەشوترێن هەمووی نانوسرێن، ئەوانەشی ئەنوسرێن هەمووی بڵاوناكرێتەوە.. سەرەنجام مشتێك لە خەروارێك ئەمێنێتەوە، وەك شێركۆ دەڵێ:" هەندێك لەو نهێنی‌و رووداوانەی رابردو پیاو ناتوانێت لای خۆشی بیگێڕێتەوە".
من زۆر بە هەرزەكاری‌و لە ناو كتێبخانە‌و دەور‌و مەجلیسی فكر‌و رۆشنبیری‌و مەدەنیەتەوە، بە بڕوای تەواومەوە تێكەڵاوی كاری سیاسیی بوم، هەر زو كەوتمە ناو دنیای پرسیاركردن، لێكۆڵین، وەرگرتن، ناسین‌و تەنانەت نوسینیش، پێموایە درەنگیش كەوتومە بڵاوكردنەوە، قسەكردن‌و تەنانەت خۆدەرخستنیش. دوای 10 ساڵ كاركردن لە دوای 1992ەوە تێگەیشتم ئەگەر لە نزیكی كەسی یەكەمی حزب نەبیت، یان كەسی یەكەم ئەركێكت پێ‌ نەسپێرێت، لە هەر پلە‌و پۆستێكدا بیت هەر هێندەی رۆژنامەنوسێكی هەواڵ ئاگاداریی‌و زانیاریت لەسەر روداوەكان ئەبێت، رونتر بڵێم تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا پێكەوەبوێتن یان بەجیا، خۆیان‌و چەند كەسێك لە هاوڕێ‌ یان بنەماڵەكانیان بازنەی پرس‌و را‌و بڕیارەكانیان بوە, دوای ئەو تێگەیشتنەشم كەم تا زۆر لە نزیكیان بوم، بزێو بوم‌و بە متمانەوە منەی بیر‌و بڕیار‌و كار‌و رەفتارەكانیانم كردوە، بەراوردیش لە بەخشین بە خوێن‌و قوربانی ماددی‌و مەعنەویی خۆم‌و بنەماڵە‌و خزمەكانم لە ئابڵاخ بە هەردو ماڵباتی تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا، ئەوانی تیا قەرزاربار ئەبن, پێویستیشمان بەو بەراوردە نیە، چونكە لە بنەڕەتدا وەك ئەركی نیشتمانی‌و نەتەوەیی بەجێمان گەیاندوە‌و جگە لە میللەتەكەمان بۆ هیچ كەسێكی دیاریكراومان نەكردوە.  


دوو ساڵ بەر لە ئێستا

لەدوای مەرگی كاك نەوشیروان‌و لە دانیشتنێكدا، لەگەڵ  كاك (نەوزادی نوری بەگ)، خەم‌و دەردەدڵی ئەو كۆستە‌و ئایندەی بزوتنەوەی گۆڕان‌و ناتەبایی ئەو هاوڕێیانە‌و بارودۆخی ناوخۆی بزوتنەوەكەمان ئەكرد، دوای گفتوگۆ، ئەو بۆچونێكی منی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان‌و راگرتنی بڵانسی پێكەوەیی‌و تەبایی‌و رێككەوتنی هاوڕێكانمان بەباش‌و رەوا بینی، بە تایبەتی نێوانی بەڕێزان (قادری حاجی عەلی‌و عومەری سەید عەلی)، كە ئەوكاتە لەسەر پرسی جێگرتنەوەی رێكخەری گشتی سارد‌و سڕییەكەیان بە قسەنەكردن‌و دابڕان گەیشتبوو. رێنمایكردم بۆچونەكانم وەك پرۆژەیەكی نوسراو ئامادە بكەم، وتیشی خۆم قسە لەگەڵ كاك قادر ئەكەم‌و مستەفای سەید قادریش بانگئەكەم‌و لەڕێگەی ئەوەوە هەوڵ لەگەڵ سەید عومەر ئەدەین.
لە ماوەی هەفتەیەكدا وەك ئەوەی ویستمان كارمان لەسەركرد‌و منیش پرۆژەكەم بۆ زۆرێك لەو هاوڕێیانەمان نارد، لێرەدا وەك خۆی بڵاویدەكەمەوە: 

بەڕێزان/
سڵاوێكی گەرم.....
بارودۆخی بزوتنەوەی گۆڕان‌و ئەو كات‌و دەرفەتەی لە پێشمانەوەیە بڕیاری بەرپرسانەی قۆناغەكە پێویستییەكی گرنگ‌و حەتمییە بۆ بەڕێزتانی بەجێدەهێڵم.
زۆر بەكورتی پێشنیازی خۆم بۆ چارەسەرێكی سەركەوتو و گونجاو دەنوسم، بەوەی بەڕێزان كاك عومەری سەید عەلی‌و كاك قادری حاجی عەلی راستەوخۆ بۆ گفتوگۆ دابنیشن‌و رێك بكەون بە ئامادەبوونی چەند هاوڕێیەكی خۆیان لەسەر ئەم نەخشە رێگەیە:
1- كاك عومەری سەید عەلی پشتیوانی بكرێ‌ بۆ رێكخەری گشتی.
2- كاندیدەكانی خانەی راپەڕاندن لەگەڵ موراعاتی پرەنسیپە دەستورییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و لایەنە هونەرییەكەی‌و مافی خۆپاڵاوتنی ئەوانەی تر.
3- جێگیركردن‌و پابەندبوون بە پرەنسیپە سەرەكییەكان‌و دەستورییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان. لەوانە:
أ- پاراستنی سەربەخۆیی بزوتنەوەكە.
ب- پاراستن‌و جێگیركردن‌و دانپیانانی داهات‌و مومتەلەكاتی بزوتنەوەكە.
ج- رێگرتن لە هەر لادانێك لە پرەنسیپە گشتییەكانی بزوتنەوەكە‌و بیروباوەڕی كاك نەوشیروان‌و لادان لە كاری نادەستوریی‌و ناڕێكخراوەیی.
د. دەستبەجێ‌ سزای تەجمید یان دەركردنی هەر كەسێ جێبەجێ بكرێ كە لەدژ یان زیان بە بزوتنەوەكە‌و ناوەرۆكی بزوتنەوەكە‌و ناوەرۆكی رێككەوتنەكە دەگەیەنێ.
لەگەڵ رێزدا
عەبدولڕەزاق شەریف 
17/ 7/ 2015 

هەر لەسەرەتاوە كاك قادر گومانی لە توانا‌و ئیرادەی سەید عومەر هەبو بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە‌و راپەڕاندنی ئەركی رێكخەری گشتی، رازی نەبونیشی نەشاردەوە، پێشنیازمان كرد لەكاتی دانیشتنی دوقۆڵیدا، ئیمزای رێككەوتنەكە بكەن، بەوەش پێكهاتن رویدا، نازانم بۆ ؟ رەنگ بێت لە (ئیحراجی مەوقیف)دا بوبێت، نەمبیستەوە هیچ ئیمزایەك لەسەر رێككەوتنەكە كرابێت.
كاك قادر ئەندامێتی خانەی رەتكردەوە‌و لە درەنگانێكی شەوی 25ی 7 دا، وێڕای لادان لەو رێنماییانەی ژوری یاسایی‌و ژوری هەڵبژاردن بۆ خۆپاڵاوتنی كاندیدەكان نوسیبویان‌و پەخشیان كردبو، رێككەوتن لەسەر كاندیدەكانیش بە ئەنجام گەیشت، پێشنیوەڕۆی 25ی 7 ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی زۆرینەیان بێ‌ ئاگا لەو رێككەوتنە بە دەنگی خۆیان وەك خۆی جێبەجێیان كرد.
چەند مانگ‌و رۆژێكی كەم، دەركەوت گومانەكانی كاك قادری حاجی عەلی لەجێگەی خۆیدا بو، بە عەمەلی كار بە پێچەوانەی رێككەوتنەكە كرا‌و هەموو ئەوانەشی باسیان لە پاراستنی موڵك‌و ماڵی بزوتنەوەكە‌و پابەندبون بە دەستورەوە دەكرد، بە پرۆسەیەك كە تائێستاش بەردەوامە لە بزوتنەوەی گۆڕان دوخرانەوە. 

قسەیەك لەسەر 31ی ئاب
ئێمە لە یەكێتی‌و زانیاری‌و نزیك لە مام جەلال لە كۆتایی ساڵی 1993وە لە رێككەوتنی سیاسی‌و سەربازی پارتی‌و دەزگا ئیستیخباراتییەكانی عێراق ئاگاداربوین، لە كۆتایی ساڵی 1995‌و گەرمەی شەڕی ناوخۆدا ئەو پەیوەندییەی پارتی لەگەڵ بەغدا، چوە قۆناغێكەوە چیتر گەڕانەوەی نەبو، جوڵەی دیپلۆماسی، سیاسی‌و سەربازی لە ئیرادەی خۆیاندا نەمابو، هەمو ئەوانەش بە ئاگاداری‌و زانیاری دەزگا ئیستخباراتییەكانی توركیا‌و ئەمریكا دەكراو بەڕێوەدەچون، بۆیە هەمو هەوڵەكانیش بۆ رێككەوتن‌و كۆتاییهاتنی شەڕ لە ناوخۆو دەرەوە مەحكوم بە شكست دەبون.
بەهاری ساڵی 1995 بەپێی زانیاریی سەرچاوە باوەڕپێكراوەكان لەناوخۆی عێراق‌و سوریا‌و ئوردن، بەپشتڕاستكردنەوەی ئەمریكییەكان هەوڵێك بۆ كودەتایەكی سەربازی لە بەغدا دژی سەددام حسێن لە ئارادا بو، بۆ ئەو مەبەستە پێویستی ئەكرد سوپای عێراقی لە توخوبی سەنگەرەكانی پێشمەرگەوە (خانەقین هەتا زاخۆ) شپرزە بكرێن‌و پەلامار بدرێن، پارتیش ناڕاستەوخۆ لە چاوەڕوانیدا بون‌و رەزامەندییان دەربڕی بو، جۆرێك لە هودنەی رانەگەیەندراو لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا هاتەئارا، مام جەلال هەمو هێزەكانی یەكێتی لە سەنگەرەكانی روبەڕوبونەوەی سوپای عێراق دابەشكرد‌و خۆشی بارەگای سەرەكی لە شارۆچكەی سەنگاو و ناوجەرگەی هێزەكاندا جێگیر كرد. لێدان‌و مەشغوڵكردنی هێزەكانی سوپای عێراق دەستیپێكرد‌و شپرزە بون. سەرەنجام پارتی نافرسەتیی كرد‌و لە مەخمور‌و سنورەكانی شارباژێرو پێنجوێن‌و سورێنەوە، لە پشتەوە بە هاوكاری ئێرانییەكان پەلاماری هەمو ئەو ناوچانەیان دا‌و شەڕ گەیشتە نزیكی چوارتا‌و قەڵاچوالان، بەهەر رێگەیەك بو مام جەلال توانی ئێرانییەكان لەو هاوكێشەیە دەربكات‌و لەو شەڕەدا بێلایەنیان بكات، ئەمریكییەكان هەوڵی كودەتاكەی بەغدایان بە شكست پێناسەكرد‌و پارتییەكانیش بە سیناریۆ وەسفیان كرد.
لە هێوربونەوەی بارودۆخەكەدا، مام جەلال سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد‌و رێككەوتنی كرد، لەبەرامبەردا ئێرانییەكان نوێنەری رابەرو وەزارەتی ئیتڵاعاتیان بە رەسمی ناردە سلێمانی‌و بەندە هەم ئەركی پێشوازیكردنیان لە سنورەوە هەم تەدارەكی مقەڕو حیمایەو پێداویستییەكانیانم دابین كرد، یەكەم كۆبونەوەشیان لەگەڵ مام جەلال لە هەولێر ئامادەبوم، لەلایەكی تریشەوە لەگەڵ هەڤاڵ (چەكۆ) بەرپرسی ئەمنیەتی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران پەیوەندییەكانمان توندوتۆڵ كردەوە‌و برادەرێكمان ئەو كارەی گرتەئەستۆ‌و چەند كۆبونەوەیەكیشیان ئامادەبوم (تەمەن رێگە بدات، هەموو وردەكارییەكانی ئەو سەروەختە لە دەرفەتێكی تردا بڵاودەكەمەوە).
لە سەرەتای ساڵی 1996وە ئیتر شەڕو چارەسەری سەربازی بۆ پارتی‌و یەكێتی بو بە ستراتیژ، گشت هەوڵەكان بۆ راگرتنی مەحكومی شكست دەبون، ئەو كەسانەشی پەنجەرەیەكیان بۆ گفتوگۆ یان نزیكبونەوەی پارتی‌و یەكێتی دەكردەوە، هەرزو عەیبدار دەبون‌و مام جەلال وتەنی بە "باڵە حیزەكەی یەكێتی" ناویان دەبردن.
جێگەی خۆیەتی باس لە هەوڵێكی كاك نەوشیروان بكەم لە نامەیەكی شەخسیدا بۆ بارزانی هەمو ئامادەگییەكی بۆ شەڕ راوەستاندن دەربڕیبو، سەرەتاكەشی بە "برای گەورە‌و بەڕێز" دەستپێكردبو، لەرێگەی پیرمام‌و لەدوا سەیتەرەی پێشمەرگەكانی یەكێتی، پەیك‌و نامەكە پێكەوە گیران، تەنیا لەسەر ئەوەی بەرێز‌و حورمەتەوە موخاتەبەی بارزانی كردبو، هەڵایەكیان لەسەر كاك نەوشیروان نایەوە‌و بە تەنەزولی گەورەیان زانی‌و نامەكە نەگەیشت‌و هەوڵەی ئەویش شكستیهێنا.
تیمی ئەمریكییەكان كە لە سلۆپی‌و لەناو خاكی توركیا بنەیان خستبو، لە زاخۆش نوایەكی جێگیریان هەبو، بەچڕی هامۆشۆی سەری رەش‌و قەڵاچوالانیان ئەكرد، جگە لە كۆكردنەوەی زانیاری‌و گەیاندنی پەیامی پارتی‌و یەكێتی بە ئیدارەی ئەمریكی، هیچ دەستوەردانێكی لە كاری شەڕو ئاشتیدا نەئەكرد، هەردولاش تیمێكی چەند كەسییان بەرەو ڕوكردبونەوە‌و كەمتر تاڵەبانی‌و بارزانییان دەبینی. من چەندجارێك لە دەعوەت‌و كۆبونەوە‌و سەفەر لەگەڵیان بوم، ئەوەندەی لێیان تێگەیشتبوم ئەوەندەی گرنگیان بە ئەتەكێتی دیپلۆماسی‌و هەڵسوكەوت‌و جلوبەرگی ئێمە ئەدا، ئەوەندە گرنگیان بە بیروبۆچون‌و رەوایی‌و ناڕەوایی هەڵوێستی سیاسی نەئەدا، لەو روانگەیەشەوە بەراوردی ئێمەو پارتییان ئەكرد، زۆرجاریش ئەیانوت" ئێمە كاری سیاسی ناكەین"، لەسەر كێشەكانی كوردستان، عێراق‌و ناوچەكە دیدو بۆچونیان رون نەبو، تەنانەت جارێك بە راشكاوی وتیان " ئێمە لە ئیدارەی ئەمریكا فایلێكمان نییە بەناوی كێشەی كورد، ئەوەی هەمانە فایلەكانی عێراق، توركیا، ئێران‌و سوریا"یە، بەڵام پشتیوانییەكی ماددی باشی یەكێتی‌و پارتییان ئەكرد.
كۆتایی مانگی (7)‌و بە رێكەوت، من‌و شاسوار ئیبراهیم تیمەكەیانمان گەیاندەوە سەیتەرەی سماقوڵی‌و لەڕێگە پێیان راگەیاندین رەنگە جارێكی تر نەیانبینینەوە‌و بە گەرمی ماڵئاواییان لێكردین، تیمێكی پارتی  لە پێشوازییاندا لە ئێمەیان وەرگرت، لەوكاتەدا بە شاسوارم وت:
- ئاوڕێك لە پێشمەرگەكانی خۆمان بدەرەوە‌و ئەوانەی پارتیش تەماشا بكە.
پێشمەرگەكانی ئێمە بە تاقم‌و تفەنگی جیاوازو تۆزاوی، جلوبەرگی ناڕێك‌و ناجۆر، وەك دەڵێن هەریەك لە ئاوازێك ئەیانخوێند، ئەوانەی پارتیش بەرگی سەربازی مونەزەم‌و هاوشێوە، تەنانەت پێڵاوەكانیشیان یەكڕەنگ‌و پاك‌و تەمیز بو، من ویستم بە تەنزەوە بە شاسوار بڵێم "هەتا ئەو جیاوازییە هەبێ چۆن دێن بەلای ئێمەدا". ئێستاشی لەسەربێ ئەم جیاوازییە لە هەمو رویەكەوە لەنێوان ئیدارەی هەولێرو سلێمانیدا، لەنێوان پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕاندا زیاتر بوە‌و لای بیانییەكانیش حسابی وردی لەسەر ئەكرێ.
دوای دابڕانی تیمی ئەمریكییەكان‌و زیاتر قوڵبونەوەی پەیوەندییەكانی ئێمە‌و ئێران، دكتۆر بەرهەم كە ئەوكات نوێنەرایەتی یەكێتی لە ئەمریكا ئەكرد، وێڕای سەغڵەتبونی، چەندینجار نامەی بۆ مام جەلال ئەناردو لە مەترسی پچڕاندنی ئەو پەیوەندییانە ئاگاداری ئەكردن، لەلایەكی تریشەوە هەمو ئەو راپۆرتانەی لەناوخۆو دەرەوە بە مام جەلال ئەگەیشتن، هێرشی هاوبەشی پارتی‌و سوپای عێراقی بۆ هەولێرو گرتنەوەی شارەكانی هەرێمی كوردستانی پشتڕاست ئەكردەوە، هەندێ نامەی تایبەتیشی لەلایەن ئەو ئەفسەرە عێراقییانەوە پێئەگەیشت كە خۆیان بۆ هێرشكردن بۆ هەولێر ئامادەكردبو.
تیمی ئەمریكییەكان لە سلۆپی بڕیاری راگرتنی گشت پەیوەندییەكان‌و هاموشۆیان لەگەڵ قەڵاچوالاندا بە ئێمە راگەیاند، ئەمە لە كۆتایی مانگی (7)دا بو، دكتۆر بەرهەم بە نامەیەكی رەسمی مام جەلالی لەو بڕیارە ئاگاداركردەوە‌و هۆكارەكەشی باسكرد‌و داوای وەڵامی رەسمیشی لە مام جەلال ئەكرد، هەر خۆشی چاوەڕوانی كاردانەوەی سلبی ئەمریكییەكانی ئەكرد، پارتی ئیستیغلالی ئەو هەڵوێستانەی توركیا‌و ئەمریكییەكان كرد، بە هاوكاری حەرەس جمهوری‌و هێزەكانی بەغدا سەرقاڵی نەخشەی گرتنەوەی هەولێرو سلێمانی بون، مام جەلال تا بەرەبەیانی 31ی ئاب، مەكتەبی سیاسی‌و گشت یەكێتییەكانی لە پشتیوانی ئەمریكا‌و رونەدانی پەلامار دڵنیائەكردەوە، ئەوان وەك خەوتوی گوێچكەی گاو مام جەلالیش سەرقاڵی بەرنامەی تاسنور چۆڵكردن‌و جارێكی تر گۆڕانكاری بارودۆخەكەو پەلاماردانەوەی پارتی‌و سوپای عێراقی لە مێشكی خۆیدا ئەهێناو ئەبرد.
ئەو مام جەلالەی لەبەرامبەر جەبەروتی جەیشی عێراقی‌و ئێرانیدا، قەیوان‌و یاخسەمەری چۆڵ نەئەكرد، لە راپەڕین‌و كۆڕەودا خۆی لە قەلاچوالان‌و هانی ئەداین لە ئەزمەڕو سەفین بەرگری بكەین، لەو رۆژەدا بەرامبەر پارتی زنجیرە چیای ئاسۆس، گوڵێ‌و شارباژێری سەخت‌و دەشتی شلێریشی پێ چۆڵكردین.
لەنێوان مام جەلال‌و ئێمەدا، مام جەلال و سەركردایەتییەكەیدا ئاش لە خەیاڵێك‌و ئاشەوان لە خەیاڵێك بو، لامسەلایی قسەیەكی كۆنی كاك نەوشیروانم لەسەر مام جەلال لەكاتی هەردو مفاوەزاتی 1984‌و 1991 بیركەوتەوە، كە لە توڕەبونی ئەوەی ئیمزای لەسەر هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ بەغدا نەئەكرد‌و ئەیوت: "مام جەلال ئەبێ دەسكەوتێكی هەبێ 66 بسڕێتەوە". 


قسەیەكیش لەسەر 17ی شوبات

دوانیوەڕۆی 29ی مانگی یەكی 2011 ئاگاداریان كردم كە سەعات 5 كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسییە‌و بۆ تەدارەكی رێكخستنی كۆبونەوەكە ئامادەبم، پێشوەخت‌و سەعات 4 لەوێ‌ بوم، د. خەسرەو گوڵ محەمەد پێش هەموان هات‌و لە ژورەكەی من دانیشت لەبەرئەوەی ئەو ئەندامی مەكتەبی سیاسی نەبو، لەگەڵ هەواڵی باس‌و خواسی ئەو رۆژە پرسیاری هۆكاری هاتنەكەیم كرد‌و وتی:
- ئەم كۆبونەوەیە پەلەیە‌و من رێكمخستوە، زانیارییەكان لەسەر گردەكە‌و كاك نەوشیروان جێگەی مەترسی گەورەن.
هیچ هەواڵی ئەو یەك دو رۆژەی گردەكە‌و هاوڕێكانمانم لە بزوتنەوەی گۆڕان نەئەزانی، بۆیە بەسەرسوڕمانەوە گوێم لێگرتبو.
- ئەمڕۆ 1500 دەمانچەی كاتم لە گردی زەرگەتە تەوزیعكراوە، سەدان سندوقی كڵاشینكۆڤ بە تازەیی هەڵپچڕاون، لە كەلار هەتا كۆیە‌و باڵەكایەتی جلی رەش تەوزیعكراوە..
لە نێوان عەقڵی خۆم‌و قسەكانی د. خەسرەودا كە بەرپرسی زانیاری‌و چەند ساڵێكیش پێكەوە كارمان كردبو وەك پیاوێكی بە خیبرە دەمناسی، هیچم نەوت‌و هیچم بۆ نەكرا، جگە لە روخسەت وەرگرتن بەبیانوی چاككردنی هۆڵی كۆبونەوەكە لە ژورەكەی خۆمدا بەجێم هێشت. ئەندامەكانی مەكتەبی سیاسی هاتن‌و بە دەوری مێزە هێلكەییەكەدا، گرمۆڵە بون.
- رەزاق تۆ بڕۆ بە دیار تەلەفزیۆنی كەی ئێن ئێنەوە بە، هەركات بەیاننامەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بڵاوكرایەوە بۆمان بهێنەرە كۆبونەوەكەوە.
مەلا بەختیار ئەم قسەیەی پێوتم، چونكە سەعاتێك بو كەناڵەكانی كۆمپانیای وشە نوسیبویان پاش كەمێكی تر بەیاننامەیەكی گرنگ بڵاودەكرێتەوە, هۆڵی كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، تەلەفزیۆن‌و رادیۆ‌و تەنانەت كۆمپیوتەر‌و ئینتەرنێتیشی تێدا نەبو، وەك ئێستاش مۆبایلی زیرەك‌و هێڵی ئینتەرنێتی سەر تەلەفۆنەكان نەبون.
دوای كەمتر لە سەعاتێك‌و چومە هۆڵی كۆبونەوەكە، دەقی بەیاننامەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بە خەتی خۆم دایە دەست كاك بەختیار، زۆر بەپەلە بۆ كۆبونەوەكەی خوێندەوە‌و بەدوایدا وتی:
- زانیارییەكانی د. خەسرەو هەموی ورد‌و راست دەرچون، ئەمە بەیاننامەی ئینقیلابە.
دیاربو لەو ماوەیەدا كە من رۆشتم‌و تا بەیاننامەكە خوێندرایەوە، د. خەسرەو هەمو زانیارییەكانی لەسەر گردەكە‌و زیاتر لەوەی بەمنیشی وتبو، بۆ باسكردبون.
هەر لەو كۆبونەوەیەدا پەیوەندییان بە مەكتەبی سیاس پارتییەوە كرد‌و لیژنەیەكی سەربازییان بۆ چارەسەركردن لە (حاكم قادر، شێخ جەعەفەر، مەحمود سەنگاوی) پێكهێنا، هەمو دەسەڵاتەكانی مەكتەبی سیاسیشیان پێدان، كە بۆ هیچ بڕیارێك نەگەڕێنەوە.
هەمو ئەو چەند ساڵەی گۆڕان دروستبوبو، شێخ جەعفەرم بە قسەیەك یان رەفتارێك نەبینبوو دژی كاك نەوشیروان یان بزوتنەوەی گۆڕان وەستابێتەوە، بۆیە قبوڵكردنی لە لیژنەكەدا، توڕەبونی ئەو ئێوارەیەی، هەوڵی خێرای بۆ كۆكردنەوەی هێز لە دەوروپشتی گردەكەو پەلاماردانی، وایكرد پێی بڵێم:
- كاك جەعفەر تۆ بەراست ئەمە بەرامبەر هاوڕێكانمان لەو گردە ئەكەیت؟
- رەزاق من لە ژیانمدا قسەیەكی غەڵەتم بەرامبەر كاك نەوشیروان‌و هیچ كەس لە رەفیقەكانم لە گۆڕان نەكردوە، ئەوانیش قسەیەكیان بەمن نەوتوە، بەڵام ئەمانەی خۆمان ئەوانیان لە یەكێتی دەرپەڕاند، ئاژاوەكەیان دروستكرد‌و مام جەلالیشیان هەڵخەڵاتاند، دەبێ‌ منیش شەڕەكەیان بۆ دروست بكەم‌و چی ئەبێ‌ با ببێ‌.
ئەو بارودۆخە ناهەموارە بە هەڕەشەو هێرشی ئیعلامی هەردولاوە، بە سەعات تێدەپەڕی، لە راستیدا لەناوەڕاستی مانگی یەك‌و لە كۆبونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتیدا، پێشبینی جۆرێك لە گرژی‌و خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەكرا، هەردولاش بڕیارێكیان هەبو بۆ هەر جوڵانەوەیەكی لەوجۆرە چارەسەری عەسكەریی بكەن، هەر بۆیە كە 17ی شوبات‌و پەلاماری لقی چواری پارتی لە سلێمانی رویدا، جوڵە‌و هاتنی هێز لە هەولێرەوە هەم بڕیاری پێشوەختی هەردولا، هەم ئامادەسازی پێشتری یەكێتی‌و رەزامەندی سەرۆكایەتی حكومەتیشی هەبو.
پەشیمانبونەوەی یەكێتی بوە مایەی گلەیی‌و گومانی پارتییەكان، پێم سەیرە مەكتەبی سیاسی پارتی ئەو راستییە دەزانن‌و لای كەمی بۆ رەتكردنەوە‌و بەرپەرچدانەوەی ئەو غەزەب‌و توڕەیەی هەرێمی سلێمانی هیچ كات باسی ناكەن.
لەسەروەختی تەقەكان‌و لە گەرمەی پەلاماردانەكەی لقی چواری پارتیدا، رو لە حاكم قادر وتم:
- عەیبەیەكی گەورەیە بۆ ئێمە كارەساتێك لە سلێمانی روبدات.
ئەوكات حاكم بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی هەرێم‌و كارگێڕی مەكتەبی سیاسی بو، منی راسپارد وەك نوێنەری مەكتەبی سیاسی بڕۆم بۆ لقی چوارو وتیشی ئەگەر رێگەكە ئەمین بو بەدواتا دێم. هەرچۆنێك بو لە كۆڵانەكانی پشتەوە‌و لە دەرگای ئەودیوی شەقامی سەرەكییەوە خۆم گەیاندە ئەو ژورەی لەسەرەوە بەرپرسی لق‌و ئەندامەكانی پارتی تیایدا كۆبوبونەوە، هەندێ دۆست‌و هاوڕێی خۆشیان بەهانایانەوە چوبون، خۆم پێناساندن (هەندێكیان كوڕی گەڕەك‌و ئەهلی شار بون، دەمناسین)‌و وتم حاكم قادریش بەڕێگەوەیە بۆ ئێرە، زۆر هەوڵماندا كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكەین، لە چەند لایەكەوە گولە بەر دارو دیواری بیناكەی ئەوانیش ئەكەوت، فازل میرانی بەتەلەفۆن لەگەڵیاندا لەسەر خەت بو، شپرزە بوبون، بە موئامەرەی یەكێتی‌و مەسئولەكانی یەكێتییان ئەزانی، جگە لە جنێودان بە بەرپرسەكانی یەكێتی (كە لە پشتی منەوە گوێڕادێریان دەبوم) كەسی تریان تاوانبار نەئەكرد، تەنانەت بەرپرسی لق منی بردە باڵەكۆنی سەرجادەكە‌و لەمسەر بۆ ئەو سەری شەقامی سەرەكی سالم تەنیا یەك پۆلیس‌و ئاسایشمان نەبینی‌و پێی وتم:
- لەدوێنێ نیوەڕۆوە زانیاریمان هەبوە كە ئەمە روئەدات، بەرپرسەكانی ئاسایشمان لە جۆرە موزاهەرەیەك‌و پەلاماردانێكی وەها ئاگاداركردوەتەوە، بەڵێنیشمان وەرگرت كە ئەمڕۆ پارێزگاریمان بكەن، بەڵام هیچ هێزێكیان نەناردو لە نیوەڕۆشەوە تەلەفۆن بۆ هەر كەسێكیان ئەكەین وەڵاممان نادەنەوە‌و نەشیان هێشت بەشی پاراستنی خۆمان هێز كۆبكەینەوە.
هەر لەوێدا تەلەفۆنم بۆ حاكم قادر كرد‌و رەئی پارتیم لەسەر روداوەكە پێوت‌و داواشم لێكرد بەڕێگەكەی مندا بێتەلامان. حاكم قادر هات‌و بەچاوی خۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی بینی‌و وتی:
- زابت‌و مەفرەزەو ئاسایش‌و پۆلیسەكانمان درۆیان لەگەڵ كردین.
بەهەرحاڵ، گرژییەكان زۆر بون‌و پارتیش لەسەر بڕیاری مەكتەبی سیاسی هەردولا هێزێكی زێرەڤانی هێنایە سنوری سلێمانی، لەراستیدا ئەو هێزە ئەوەندەی بۆ پاراستنی بارەگا‌و مقەڕەكانی پارتی لەناوچەكەدا هاتبو، ئەوەندە بۆ پەلاماردانی گردەكە نەهاتبو، بەڵكو ئەوەی هێزی پەلاماری گردەكە بو، یەكێتییەكان بون‌و دو هەفتەش بو ئامادەسازی بۆ كرابو.
ئێمە چەند كەسێك هەمان رۆژی 17ی شوبات‌و ئێوارەكەی، هانامان بۆ كاك كۆسرەت برد دەوری خۆی بگێڕێت، بەتایبەت كە زانیمان دژی هاتنی هێزەكانی پارتی بو بۆ سلێمانی، مام جەلال لە بەغدا بو، كاك كۆسرەت لە وەڵامی ئێمەدا وتی: 
- ئەبێ قەناعەت بە مام جەلال بكەین.
هاوڕێ سەنگاو، خەلیل عەبدوڵا، عومەر شیرەمەڕی پێشنیازمان كرد كۆبونەوەیەكی فراوان بە خەڵكی سلێمانی بكات‌و رای ئەوان بە مام جەلال بگەیەنێ، فكرەكەی پێ باشبو، بەیانی رۆژی دواتر لە هۆڵی یانەی كۆمەڵایەتی لە چین‌و توێژە جیاجیاكانی شاری سلێمانی زیاتر لە (150) كەسمان دەعوەتی كۆبونەوەكە كرد، هەر خۆشی پێشنیازی كرد مەلا بەختیاریش بۆ ئەو كۆبونەوەیە بانگ بكەین‌و وتیشی:
- ئەگەر مام جەلال بڕوای نەكرد، با مەلا بەختیار شایەتی بدات.
لەلایەكی ترەوە بەشێوەیەكی كاتیی هێزەكانی پارتی لە دوكان‌و ئاپارتمانی مەكتەبی سیاسییان لە راپەڕین تەوزیع ببون.
كۆبونەوەی یانەی كۆمەڵایەتی رێكخرا، تەواوی ئامادەبوانی كۆبونەوەكە هێرشی توندیان كردەسەر ئەو هەڵوێستەی یەكێتی‌و داوایان لە كاك كۆسرەت كرد رێگە بە داخڵبونی هێزەكانی پارتی بۆ سلێمانی نەدات‌و بارودۆخەكە ئارام بكەنەوە، هەر ئەو رۆژە‌و دوای كۆبونەوەكە، كاك كۆسرەت پەیوەندی بە مام جەلالەوە كردو قەناعەتی پێكرد كە پەیوەندی بە كاك مەسعودەوە بكات‌و هێزەكانی پارتی بكشێنەوە.
ئێستاو هەر كەسێكیش خۆی بكات بە پاڵەوانی راگرتنی هێزەكانی پارتی لە حزوری (مام جەلال‌و كاك مەسعود) دا پێش رایگشتی, پارتییەكان‌و یەكێتییەكان ئەزانن ئەوە راست نییە‌و ئەسڵ‌و ئەساسی نییە، چونكە ئەوەی بڕیارێكی لەوجۆرەی لەناو پارتی‌و یەكێتیدا چ بۆ پەلاماردان یان بۆ كشانەوەی هێز، دابێت شەخسی بارزانی‌و تاڵەبانی بون‌و بەتەنیا لە دەسەڵاتی ئەواندا بوە.
ماویەتی.....

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×