"شەوگەردو مشکەکانی ماڵەکەی نەوشیروان مستەفا"، لەساڵیادی مەرگیدا .....

عەبدولرەزاق شەریف
  2022-05-18     843

مقەرەکەی ئاوەژێ، لە نێوەندی هەورازو بزنەڕێیەکا بۆ سەر چیای ئاسۆس، رو لە خۆرئاوا دوستکرابو . لە ناو قەدی شاخەکەدا رێگەیەکی خۆڵ لە (مەرگە)وە، بە بەرواردا، هەتا باخەکانی (کانی تو) دەچو .
 هۆڵێک هێندەی فاگۆنێکی شەمەندەفەر و هەنگاوێک پانتر ، بە کاریتە و دارەڕا ، سەر و ژێر بە قوڕسواخدراو، شوێنی حەوانەوەی پێشمەرگەکانی دەستەکەی بو .
 ئەو ناوچەیە بەگشتی گڵەبانێکی ئەستور بۆ سەر خانوەکانیان بەکارئەهێنن، هیچ کامیان نیو مەتر کەمتری لەسەر نیە ، پێچەوانەی هەندێ ناوچەی تری وەک گەرمیان، ماڵەکانیان تەنیا بە چەند سانتیمەترێکی کەم لەگڵ داپۆشراوە .
  لەناو هۆڵەکەی مقەڕدا،  ژورێکی بچوک بۆ بێسیم و پەوەندیەکان دروستکرابو کە زۆرجار سکرتێری گشتی کۆمەڵە، خۆی بۆ ناردن و وەرگرتنی بروسکەکان لەنێوان ئەو ژورە و کوختەکەی خۆیدا هاموشۆی ئەکرد . 
 کوختێک لە کەڵەکە بەرد، دیوی ناوەوەی بە نایلۆنێکی رەنگاورەنگ کە لە شاردا، بۆ سفرەی نانخواردن بەکارئەهات، لەبنمیچەوە بۆ زەویەکەی روپۆش هاتبۆ خوارەوە، چەند هەنگاوێ سەروتر لە هۆڵی پێشمەرگەکانەوە دوربو، ئەوکات شوعلەی هاوسەری بە نمای تاقانەی لەشار زەیستان بو، دور لەو ئەمیش تەنیا ئەژیا .
بەردەوام خەریکی خوێندنەوە و نوسین بو، زۆر کەم تێکەڵاوی کاری مقەڕ و پێشمەرگەکانی دەستەکەی خۆی ئەبو، شەوان مەی ئەخواردەوە و بەیانیان ئەهاتە بەر هەتاوەکە، بوتڵە خاڵیەکەی شەوی پێشوی، چەند مەترێ لەدوری خۆی دائەنا و بە وردە بەرد خەریکی شکاندنی شوشەکە ئەبو .
نیوەڕۆیەک وەک فرسەتێک بێنم چومە ژورەکەی و خۆم پێناساند . قسەوباسمان دامەزراند و مشکێک لە پشتی ئەوەوە و بەژێر لایلۆنی قەد دیوارەکەدا بە ئازادی هەڵدەگەڕا . من سەرنجم چوبوە سەر خشەخشی جوڵەی خێرای مشک، لە دەنگی خشەی رادیۆیەکی کۆن ئەچو کە ڤۆلیۆمەکەی دواپلە زیاد کرابێت .
 ئەو کە زانی سەرنجی منی مەشغوڵکردوە، هەر لەسەر ناایلۆنەکەوە مشکەکەی بەدەستێک گرت و بەدەستەکەیتری لەژێرەوە  مشکەکەی دەرهێنا، کەمێ هەستاو لەو دەرگا تەنەکەیەوە کە لە دیوی ژورەوە بە بەتانیەکی عەسکەری داپۆشرابو، مشکەکەی فڕێدایە دەرەوەو وتی : 
ئەم مشکانە هەندێجار ئیزعاجمان ئەکەن ..!
بیست‌و هەشت ساڵ دواتر و لە هۆڵی دانیشتنەکەی لە ماڵەکەی گەڕەکی عەقاری خوارەوە، روداوێکی هاوشێوە رویدایەوە، ئەمجارەش خۆم و خۆی بەرامبەری یەکتری دانیشتبوین، ئەو پشت لەدیوارەکە، بەڵام لەجیاتی مشک، شەوگەردێکی گەورە، هێندەی لایتێکی قەڵەمی، بەدیوارەکەوە و لەپشت سەری ئەوەوە ئەهاتە خوارەوە و جوڵەی ئەکرد .
لامیسەلایی من چاوم لەسەر هەمو جوانیەکانی ئەو هۆڵەی بەمێزی نانخواردن و تاقم قەنەفەی دارگوێز رازابو، تابلۆی ئەو پەنجەرانەی باخچەیەکی پڕ بە دار لیمۆ و گوڵەباخ و چیمەنێکی سەوزی لێوە دیاربو، لابرد و تەماشام بەرامبەر جوڵەی شەوگەردەکە نەئەتروکاند .
 شەوگەردێکیترم بینی و بون بەدوان، هەستیکرد من هەم سەغڵەتم و هەم چاوم لەسەر شەوگەردەکانە، لەراستیشدا بیرمئەکردەوە چۆن هەستمەوە و بیانکوژم یان دوریانخەمەوە، بۆیە بە دەنگێکی هێواش وەک ئەوەی نەیەوێ یاری شەوگەردەکان تێکبدات وتی :
تۆ ئەزانی کورد میلەتێکە لەژیانی گیانداران  زۆر بێ ئاگایە، لەنەزانیا ئەچن ئەم شەوگەردانە ئەکوژن، ئەمانە زۆر سودیان هەیە لەماڵدا، تەنیا زیندەوەرێک کە هیچ زیانی نیە و تەنیا سودی هەیە ئەم شەوگەردانەن ..!  
 واملێکدایەوە کە ئەو زانی ئەمەوێ بیانکوژم بۆیە پێشم کەوت و ئەو قسەیەی کرد .
کاک نەوشیروان خوڵقێکی تایبەتی لەگەڵ گیاندار، باڵندە، زیندەوەر، گەڵاوگوڵ و درەختەکانی کوردستانا هەبو ! وەرزی هاتن و چونیان، ژیان و پێخۆر و تەنانەت چۆنیەتی زاوزێ و مردنی هەمویانی ئەزانی، یەک لەخەمەکانی فەوتی ورچەکانی قەندیل و باڵەکایەتی بو، وێڕای زیانگەیاندن بە هەنگەکانیان، هەر لە زوەوە خەڵکی گوندەکانی راسپاردبو کە تەقەیان لێنەکەن و نەیانکوژن ، لەم ساڵانەی دوایدا، چەند کەسێکیان هاتنە لای و دادوبێدادیان لەدەست ورچەکان دەرەبڕی، ئەیان وت لە ساڵی حەفتاو حەوتەوە کە تۆ پێتوتوین  لێمان نەکوشتون، ئێستا هێندە زۆربون بە ئازادی و بەئاشکرا دێن هەنگوینەکانمان ئەخۆن .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×