ئیتر قسە ئەکەم/ بەشی نۆیەم

عەبدولرەزاق شەریف
  2019-11-08     1453
درز یان درۆ؟
سەید عومەر، لەژیانی سیاسی خۆیداو لەسێ قۆناغی جیاوازدا، سێ جار سەرۆکی وەفدی رێککەوتن‌و دانوستانکار بوە:

یەکەمیان: سەرەتای قەڕن و لەدوای شەڕی ناوخۆ، وەک سەرۆکی وەفدی یەکێتی، لەگەڵ وەفدەکانی پارتیدا، بۆ رێککەوتنی ستراتیژی، کە تائێستا ھەرێمی کوردستان گیرۆدەی قەیرانەکانی لێکەوتەی ئەو گفتوگۆیانەیەو لەناو ھەرەسی سیاسی‌و ئابوری‌و کۆمەڵایەتیدا تلۆر ئەبێتەوە.

دوەمیان: پێنج ساڵ پێش ئێستا، وەک سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ وەفدەکانی یەکێتیدا بۆ رێککەوتنی حکومەتی خۆجێی لە پارێزگای سلێمانی، کە تائێستا سلێمانی گیرۆدەی لێکەوتەکانی ئەو گفتوگۆیانەیە، لەناو ھەرەسی پاشاگەردانی‌و بێسەروبەریدایە.

سێیەمیان: رێککەوتنی ئەمساڵی ٢٠١٩ی بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە بزوتنەوەکەی خستە ناو ھەرەسی رێکخراوەیی‌و فەنابونەوە.

- سەرۆکی ھەرێم یەک جێگری ئەبێت‌و لە بزوتنەوەی گۆڕان ئەبێت.
- جێگری سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەمانەوە ھەڵئەبژێردرێت.
- سەرۆکی حکومەتی ھەرێم دو جێگری ئەبێت، یەک لە یەکێتی‌و ئەوی تر لە بزوتنەوەی گۆڕان، لەبەر موراعاتی یەکێتی پێشنیاز وایە ناوی جێگر نەبێت، رەنگە یاریدەدەر یان ناوێکی تری بۆ بدۆزینەوە، بەڵام ھەمان دەسەڵات‌و پلەو ئیمتیازی جێگری سەرۆکی حکومەتی ئەبێت.
- بزوتنەوەی گۆڕان ٦ وەزیری لە کابینەکەدا ئەبێت، دوان سیادی، دوان خزمەتگوزاری، دوانی تریش وەک سەرۆکایەتی دو دەستە (وەبەرھێنان، ناوچەدابڕاوەکان)، رەنگە ئەمەی ناوچە دابڕاوەکان بگۆڕین بە دەستەیەکی تر.
- لە ١٢%ی پۆستەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە حکومەتی ھەرێم لەناوخۆو نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی وڵات بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ئەبێت، دو نوێنەرایەتی لەدەرەوەی وڵات پشکی گۆڕان ئەبێت.
- لە ئەنجومەنی ئاسایش، ئاسایشی گشتی، ھێزەکانی ناوخۆ، پشکی ١٢%ی پۆستەکان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ئەبێت.
- چوار بریکاری وەزیر، دوان سیادی‌و ئەوانی تر خزمەتگوزاری، بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ئەبێت.
- لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمینداری گشتی وەزارەت وەک پۆستێکی سیادی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ئەبێت.
- ھەمو ئەو بریکاری وەزیر، راوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتیانەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان‌و وەزیرەکانی کابینەی پێشودا سزادران‌و دەرکران، ئەگەڕێنەوە سەر کارەکانی خۆیان.
- بەرێوەبەرە گشتییەکان، راوێژکارەکان بە پشکی ١٢% لەھەمو سێکتەرەکانی حکومڕانی وەرئەگیرین، دوای باسکردن‌و حسابکردنێکی ورد، زیاتر لە (٤٨) پۆستمان بەرئەکەوێت، رەنگە زیاتریش بێت.
- لە پەرلەمانی کوردستان پۆستێکی سیادی وەرئەگرین.
- ھەمو ئەمانە لەگەڵ پێکھێنانی حکومەتدا دەستبەکارئەبن، جگە لە بەڕێوەبەری گشتی‌و راوێژکارەکان، کە پارتی داوایکردووە مۆڵەتی سێ مانگیان بدەینێ تا جێگیریان ئەکەن.
ئەمە ئەو رێککەوتنە بو کە جەلال جەوھەر لە کۆبونەوەی سەرەتای ئەمساڵی جڤاتی نیشتیمانیدا، لەسەر راسپاردەی سەید عومەر بۆ ئامادەبوانی خوێندەوە، مامۆستا جەمال کە سکرتێری جڤاتی نیشتمانی بو، لە وەڵامی پرسیارێکی مندا لەسەر بەشداریکردنی ئاشتی ھەورامی‌و رێباز محەمەد حەملان لە کابینەی نوێدا، کۆبونەوەی دڵنیاکردەوە لەوەی بەھیچ جۆرێک ئەو دوو ناوە لە کابینەکەدا نابن.

خستیانە دەنگدانەوە، بە (بەڵێ) یان (نەخێر) بۆ بەشداریکردن لە کابینەکەی مەسرور بارزانی، تەنیا (٤) ئەندامی جڤاتی نیشتمانی کە ئێستا ھیچیان پەیوەندیان بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە نەماوە، بە (نەخێر) وەڵامیان دانەوە، ئەوانی تر لەسەر بنەمای قسەکانی وەفدی دانوستانکارو ئەو خاڵانەی خوێندرانەوە، دەنگیان بە (بەڵی)دا بۆ بەشداریکردن.
"پارتی لە مێژوی ژیانی سیاسی خۆیدا ھیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ یارو نەیارەکانیدا جێبەجێ نەکردوە، ئەم رێککەوتنە ئاشتبونەوەو پۆستوەگرتنی ئەندامانی وەفدەکەی ئێمەیە، نەک ئاشتبونەوەی جەماوەری گۆڕان‌و پارتی، رێککەوتنەکە جگە لە داتاشینی چەند پلەو پۆستێکی وەزاری بۆ خۆیان، ھیچی تر نیە" ئەمە دوا قسەی من بو لەو کۆبونەوەیەدا، گومانی خۆشم لە راستگۆیی قسەکەری وەفدەکەمان نەشاردەوە.

گشت ئەندامانی وەفدی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکەکەشیانەوە لەو کۆبونەوەیەدا بون، ھیچ کامیان وشەیەکی جەلال جەوھەریان رەتنەکردەوە، دوای ئەوەش ھیچ کام لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی، کە نوێنەرایەتی ھەڵسوڕاو دەنگدەرانی گۆڕان لە شارو شارۆچکەکان دەکەن، نوێنەرایەتی ژورە تایبەتەکان، فراکسیۆنەکانی حکومەت‌و پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەکەن، جگە لەوانەی وازیان ھێناوە، نەیان وتوە خۆڵ لەچاومان کراو وەفدی دانوستانکار بەدرەفتاری‌و بەدکرداری‌و بەدگۆییان لەگەڵ کردوین، ھەندێک دەنگی کەم ماوەیەکەو بێئاگا لەم درۆو دەلەسانە، قسەکانی خانەی راپەراندن‌و ئەندامانی وەفدەکەیان بە فاکت دەزانن، پێیان وایە رێککەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموکراتی کوردستان درزی تێکەوتوە.

خانەی خوازەڵۆک
ئەو ئەنجامەی ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان پێی گەیشتوە، لای ھەموان چاوەڕوان کراوبو، رۆژانە لەنێو خۆماندا گفتوگۆمان لەسەر دەکرد، دەیان کەس‌و گروپی جیاجیا بەقسە، نوسراو، یاداشت‌و بەیاننامە، ئاگاداریان ئەکردنەوە لەوەی روئەداو ئەگوزەرێت، لەوەی چیتر بەردەوامبونی ئەو بەدرەفتاری‌و بەدگوفتارییە، بزوتنەوەکە بچوک دەکاتەوەو کەس نامێنێ‌و لەکەداریشمان ئەکات، یان وەکو ئەوەی یەکێک لە ھاوڕێکانمان ئەیوت" ئەم بزوتنەوەیە تادێت ئەرکمان قورسترو خۆمان سوکتر ئەکات"، لەبەرەو رو لە گفتوگۆ شەخسییەکاندا، ئەوانەی ئێستاش شەریک‌و خەریکن، ھەروا بیریان ئەکردەوەو قسەی لەوە زیاتریشیان ئەکرد، بەڵام لە راگەیاندنەکاندا ( ھاوڕێی نیوە رێگە، ھەواداری پلەو پۆست‌و ھەندێک جاریش بە خیانەت ئەو ھاوڕێ دڵسۆزانەی خۆیان پێناسە ئەکرد)، حەمە تۆفیق‌و مەلا رەئوف، شۆڕش حاجی، سێ کەسی ناو ئەو دەستەجەمعەی تۆمەتبەخشینەوەیە بون، بەڵام کە خۆیان ئەفەرۆزکران، زۆرتوندتر لە ئێمەومانان قسە ئەکەن، شۆڕش ئەڵێ" پارتی رێکخەری گشتی داناوە"، حەمەتۆفیقیش ئەڵێ" پارتی مستەفای سەید قادری داناوە"، مەلا رەئوفیش ئەڵێ" ئەو پارەیەی وەزیرەکەمان لە بەغدا بۆی ئەھێناین، وەک ئەو پارەیە بو کە فیفی عەبدە ئەیخستە مزگەوتەوە".

ھەموان ئەیانزانی ئەمە کۆتایی یارییەکەیە، ئەشیانزانی ئیتر کوڕەکانی کاک نەوشیروان حزبیان بۆخۆیان ئەوێ، جگە لەو خوازەڵۆکە سیاسییانەی دەوروبەریان، کەسی تریان لە خانە پێویست نیە، سەید عومەر کە تەرجومەی قسەکانی ئەوانی ئەکرد، نەیئەزانی پێش خۆی ھەمومان ئەو قسانەمان لە کوڕەکان ژنەفتوە کە "ئەندامانی خانە نابێ پۆست لە حکومەت وەربگرن، شۆڕش‌و حەمەتۆفیق‌و مەلا رەئوف تەواوبون، جەمال‌و جەلال کەڵکی ئیشوکاریان نەماوە"، تەنانەت ئەو تکاو گلەییەشمان بیستەوە کە سەید عومەر بە کوڕەکانی وتبو" ئەتانەوێ منیش لابەرن"، بەڵام نمای کوڕە گەورەی کاک نەوشیروان لەوەڵامی گلەییەکەیدا دڵنیای کردبوەوە "بۆ ئەم دەورەیەش پشتیوانی ئەکەن"، دوای ئەو مشتومڕانەیان، جەلال لەشوێنی خۆی‌و جەمالیش وەک راوێژکار لەدەرەوەی گردەکە مایەوە، مەلا رەئوف‌و حەمەتۆفیق‌و شۆڕش حاجیش وەک ئەو کەشتیوانەیان لێھات کە روی لە دەریاکردو ئێستاشی لەسەر بێت ھەواڵێکی نەبوو.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×