جەواڵدڕەکان

عەبدولرەزاق شەریف
  2020-11-23     1075
ئەوەی ئێستا لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ئەگوزەرێ ، دەسەڵاتێکی رەهای بنەماڵە و کەسایەتیە سیاسیەکانی هەر سێ حیزبی حوکمڕانە، لە روی دارایی و ئابورییەوە کۆمەڵێ کۆمپانیای بواری جیاجیای پارە پەیاکردنی ناشەرعی و ناقانونی پێیانەوە هەڵواسراو و گرێدراون، ئاوێتەیەکن هاوڵاتی نازانێ و ناتوانێ پیاوی پارەدار، لە سیاسی و حاکم، حوکمدارێتی لە بازرگان و هەموشیان لە مناڵی بنەماڵە سیاسییەکان هاوێر بکات . 
لەڕوی هێزی چەکدارەوە، بۆ پارێزگاریکردنی خۆیان و هەڕەشە و خۆ سەپاندن، دەیان دەستە و تاقم و گروپی سەر بەخۆیانیان لە دەزگاکانی هەرێم ( وەزارەتەکانی پێشمەرگە، ناوخۆ، نەوت و دارایی، سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی ئاسایش )دا هەیە، لە عێراقیش لە ( سەرۆکایەتی کۆمار ، ئەنجومەنی وەزیران ، وەزارەتی دیفاع، وەزارەتی داخلی و مەجلیسی ئەمنی وەتەنی ) لە مەفرەزەی حیمایەوە بۆ فەوج و لیوا هەیانە، سەرباری هەمو ئەوانەش کۆمپانیاکانی پڕچەکی سیکیوریتی تایبەت بە نەوەکانیان داناوە، تێکەڵەیەکن کەس نیە بتوانێ ناوی تفەنگچیەکان و سەردارەکانیان و تەنانەت جلوبەرگەکانیشیان لێکجیابکاتەوە .
لە ڕوی دەسەڵاتەکانی ( قەزایی ، تەنفیزی و تەشریعی )، دەیان ساڵە و بە کاوەخۆ هەمو جومگەکانیان لە کارگوزارێکی قوتابخانەیەکەوە بۆ بەرێوەبەرایەتییەکان، راوێژکار،  وەزیر، حاکم و پەرلەمانتارەکان، تۆڕێکی دەربار و خوازەڵۆک و دەسندەخۆریان چنیوە، تەونێکن هێندە ئاڵۆز، قورسە لە ناو ماڵەکانیشیاندا، ئاشپەز و دەرگاوان بە گفت و رەفتار لە حاکم و وەزیر و پەرلەمانتارەکە جیا بکرێنەوە و بناسرێنەوە .
لە روی بوارەکانی ژیانی فەرهەنگی ( میدیا، ئەدەب و هونەر، وەرزش و ...هتد )، دەیان (کەناڵ و دامەزراوە، سەدان رێکخراو، یانە و تیپ ...هتد ) یان بۆ تێکدان و شێواندن و سوکایەتی  بە مێژو، شکۆ و شوهرەتی ئێستا ورابردومان لە گەڕدایە، بە شێوەیەک مرۆڤی کورد، گومان لە رابردوی باوباپیرانی خۆی ئەکات و پرسیاری هەقیقەتی رەگەزی ناودارەکانی کۆمەڵی کوردەواری بۆ وەڵام نادرێتەوە .
هەمو ئەو دارودەستەو دەسەڵاتە رەهایانە، کەس و بنەماڵە سیاسیانەی هەرێمی کوردستان قۆرخیان کردوە و بە هێشویی لەگەڵ تۆڕە لێکچوەکان پیادەی ئەکەن، بێ دەزگای لێپرسینەوە و بێ پابەندبونی بەرپرسیارێتی دەستوری و یاساییە، بێ بەرپرسیارێتی شەرعی و ئەخلاقیە .
 لە هیچ شوێنێکی سەر تۆپی ئەم زەوییەدا، نە ئێستا و نە لە رابردودا، دەسەڵاتی هاوشێوە بە بێ بەرپرسیارێتی نەبوە و نیە . گەلۆ ئێمە بە تەماو تەمەنا و بە نیازی چی لەگەڵ ئەمانەدا بژین ؟ تا کەی و بۆ کوێ دێوجامەی سەرچۆپی ئەم شین و شاییە بە دەست جەواڵدڕەکانەوە بشەکێتەوە !؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×