" ٩ "
نەوشیروان مستەفا، ساڵانێک بوو، خوڵکی بە زوو رازان لەکازیوەدا، چەند سەعاتێک خوێندنەوە، دوایی کەمێکیتر خەوتنەوەی بەیانیانەوە گرتبوو ! لەنێوانی رازان و سەرخەوی ئەو سپێدەیە، لەگەڵ شەبەنگی خۆر، لەماڵەکەیدا، روخسەتم وەرگرت، وتم پێی بڵێن کارێکی گرنگم پێیەتی .
چواردەی مانگی پێنجی دووهەزاروشانزە، ئەو رۆژەی وابڕیاربو لەسەعات یانزەدا، لەیەک کاتدا، لەگردی زەرگەتە جڤاتی نیشتیمانی و لەهۆڵی مەکتەبی سیاسی سەرکردایەتی یەکێتی، بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر رێککەوتنی نێوان هەردوولا، کۆببنەوە .
بەو بەیانیە، کۆپیەکی رەشنوسی رێککەوتنەکەم خستە بەردەستی ... تیایدا، لای گروپێکی ئەوانەوە، بەقەڵەمێکی شین گۆڕانکاری لەسەر چەند خاڵێکی رێکەوتنەکە ( بەسڕینەوە و ئیزافە ) وە کرابو ! گرنگترینیان، یەکخستنەوەی فراکسیۆنەکان و یەک لیستی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئایندەی عێراق و هەرێمی کوردستان، هێڵی بەژێردا هێنرابو، لێی نوسرابو ( دوابخرێت بۆ قۆناغێکیتر ) .
دوای دڵنیابونمان لەوەی کەنیوەشەوی رابردو ئەو گۆڕانکارییە لەتەرەفێکی ناوخۆی یەکێتیەوە، رویداوە و کراوە، دواجار بۆ جێگرەکانی سکرتێری گشتی و مەکتەبی سیاسی نێردراوە، جارێکیتر دەستخەتەکەی تەماشاکردەوە و وتی :
- ئەوە خەتی ئەرسەلان بایزە !
+ ئەرسەلان لەهەولێرە، کۆسرەت رەسوڵ لەسلێمانی ! ئەو گۆڕانکاریانەش لەهەولێر کراوە .
من وام وت ... ئەویش تێگەیشت کەمەبەستم چیە ! رایسپاردم بەناوی خۆیەوە لەگەڵ چەند کەسێک لەئەندامەکانی سەرکردایەتی یەکێتی قسە بکەم، زیاتر لەوە بزانین کەرویداوە، وتیشی :
- واڕێکەوتوین ئەو بیستوپێنج خاڵە، بێ دەستکاریکردن وەک خۆی بڕیاری لێبدرێت ! ئێمە کۆبونەوەی خۆمان ئەکەین و چاوەڕێی ئەوان ناکەین .
ئەودەم، قوباد تاڵەبانی جگە لەوەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بوو، هیچ پۆستێکی حیزبی لەناو یەکێتی نەبوو ! ئەو بەیانیە بەدەستی پڕی هەمواری رێککەوتنەکەو دەستخەتەکەی ئەرسەلان بایزەوە، بەتایبەتی لەهەولێرەوە گەڕابۆوە سلێمانی، لەشوێنی کۆبونەوەکە خۆی و لاهوری ئامۆزای لەگەڵ گروپی جیاواز و لەژوری جیاواز گفتوگۆی خێرا و پەلەیان بۆ ( یان هەموار یان دواخستنی کۆبونەوەکە ) دەستیپێکردبو !
لای ئێمەیشەوە لەکاتی خۆیدا، کۆبونەوە کرا، بڕیاری لێدرا، دوا قسەی پەیامی رێکخەری گشتی بزوتنەوەکەش سەبارەت بەو رێککەوتنە ئەمە بو :
( وەک بیلبیلەی چاوی خۆتان ئەم رێککەوتنە بپارێزن )
لەکاتی جێهێشتنا، من لەناوەڕاست و کورسی یەکەمی راڕەوی هۆڵەکەیا دانیشتبوم، ئاماژەیەکی بۆکردم و پێکەوە کۆبونەوەکەمان بەجێهێشت .
لەژورەکەی سەید عومەر دانیشتین، زانیمان لەژێر کاریگەری قوباد و ماڵی مامجەلالدا، یەکێتی کۆبونەوەکەی خۆیانیان بۆ تاقی ئێوارە دواخستوە .داوایکرد عوسمانی حاجی مەحمود و قادری حاجی عەلی بێنە لای ! هەرچەندە لەوسەروەختەیا ئەوان هیچ پلەوپۆستێکی رەسمی ناو بزوتنەوەکەیان نەبو بەڵام بەقسەی نێوانیانا من زانیم کەهەردوکیان، بەهەوڵەکانیان کاریگەرییان لەسەر رێککەوتنەکە و نزیککردنەوە و رازیکردنی کۆسرەت رەسوڵ و هاوڕێکانی هەبوە !
لەگەڵ قادری حاجی عەلی بەتەلەفۆن و عوسمانی حاجی مەحمودیش خۆی هاتە لای .
هەندێک پرسیار و وەڵام لەنێوانمانا دروستبوو ! قادری حاجی عەلی پەیوەندی کردەوە و هەموان دڵنیابوین کەلەرێگەی قوباد تاڵەبانییەوە پارتی دیموکراتی کوردستان کارەکەیان تێکداوە و "بەڕەیەکیشیان خستۆتە ناو مزگەوتەوە" .
نیۆەڕۆی هەمان رۆژ، (حەمە تۆفیق رەحیم) بەتەلەفۆنی ئیسماعیل ساڵحی سکرتێری رێکخەری گشتی، پەیوەندی پێوەکردم، بەتوڕەییەک زیاد لەرادەی خۆی داوایکرد لەماڵەکەی نەوشیروان مستەفا، سەردانیان بکەم، لەقسەکانیشیدا وتی :
- تۆ بویتە هۆی تێکدانی نێوانی ئێمە و ماڵی مامجەلال، هێرۆخان و کوڕەکانی هیچ ئاگایان لەم بەزمە نیە ! ئەم نوسراوەت لەکوێ هێناوە ؟
+ من هیچ قسەیەکم بۆ تۆ پێ نیە، ئەتوانی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا قسەی خۆت بکەیت .
ئەو قسەیەم پێ وت و پەیوەندییەکە پچڕا ..! دواتر زانیم لەکاردانەوەی قسەکەی منا، تەلەفۆنەکەی داوە بەئەرزا و شکاندویەتی .