سلێمانی چۆن ئاشت بکەینەوە؟

عەبدولرەزاق شەریف
  2022-12-25     451

ناونیشانی ئەم وتارە، پرسیارێکی جەوهەری مام جەلال بو .! دوای هەڵبژاردنی مانگی نۆی دوهەزار و نۆ، لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بیستوپێنج کادری (ی ن ک)دا، کەتایبەت بەمەبەستی وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ قەڵاچوالان و ماڵەکەی داوەتی کردبوین .

ـ پرسیارێک ئەکەم و ئیتر پێچەوانەی هەمو کۆبونەوەکانم من قسە ناکەم! گوێ لەوەڵامی ئێوە دەگرم و ئەنوسم، بەئازادی وەڵامم بدەنەوە، دوو رۆژ کاتم بۆ وەڵام و قسەکانتان هەیە .!

مام جەلال ئەم قسەیەی کرد و قەڵەمەکەی خستە سەر ئەو لاپەڕە سپیانەی کەبەشێوەیەکی ناڕێک لەسەر مێزێکی بچوک لە هۆڵێکی گەورەدا لەبەر دەستیا دانرابو .

وەک ئیمامی تەزبیحێک لەسەرەوە و ئێمەش دەنکە وردەکانی بازنەیەکمان بۆ دروستکردبو، هەر خۆشی وتی بەسەرە و بەریز دەست پێبکەن .

پێچەوانەی خوڵقی خۆی لە هیچ وەڵامێک توڕە و دڕدۆنگ نەئەبو، بۆیە هەتا نۆرە ئەچوە سەر ئەویتر، قسەکانمان توندتر و ئازا و ئازادانەتر ئەبو، من دواکەس دوام، پێش منیش هاوڕێ سوارە پێی وت (مام جەلال ئەم ئیشەی تۆ لەبەغدا ئەیکەیت بۆ کورد بێسودە و هیچت نەکردوە و هیچیشت پێ ناکرێت، وەک ئەوە وایە پوش لە کا ببژێریت).

ـ کارێک هەیە بۆ ئاشتکردنەوەی خەڵکی سلێمانی تەنیا بەتۆ دەکرێت، ئەتوانی ئێستا بڕیار بدەیت هەرچی زەوی و بینای موڵکی گشتی خەڵکی ئەم شارە کەلەلایەن (ی ن ک) ەوە براوە و لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ کراوە بگەڕێتەوە بۆ وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیەکانیان …

من ئەو قسەیەمکرد و چەندین نمونەشم خستە روو کەهەندێکیان بۆ بەرژەوەندی شەخسی چەند بەرپرسێکی یەکێتی بەکار دەهێنران .

لەسەرسوڕمان و بێدەنگی ئەویشا خوێندمەوە کەپێی وایە ئەو زانیاریانەی لەسەر گەندەڵی یەکێتی و مەسولەکانی هەیەتی کەسیتر وردەکاریەکانی نازانێت .!

چەند رۆژێکە و باڤڵی کوڕە گەورەی جێنشینی مام، وەک باوکی باسی ئاشتبونەوەی یەکێتی و خەڵکی پارێزگای سلێمانی دەکات . بە کارکردن بۆ گەڕانەوەی دۆخی سەرچنار بۆ ساڵانی پێشوتری، بەدروشمی پارێزگاری لە بەها ئاینی و کۆمەڵایەتیەکان هەڵمەتێکی دەستپێکردوە و بەڵێنی بەردەوامی ئەدات .

هەواری سەرچنار، لەگەڵ دروستبونی شاری سلێمانیدا، شوێنی سەیران و کەیف و سەفا و مەیخواردنەوە بوە، لە سەدان تێکستی ئەدەبی و هونەری پیاوە ناودارەکانیدا، وەسفی جوانی و گەورەیی کراوە، هەڵەیەکی گەورە لە مێژوی پیشەسازی عێراقدا کرا کە زیاتر لە تۆڵە کردنەوە لە شارەکە ئەچو نەک ئاوەدانکردنەوە ! کارگەی چیمەنتۆیان لەوێ دروستکرد، کارێکی باشکرا درەنگ وەخت راستکرایەوە و گواسترایەوە .

ئەو نمونانەی پێش سیانزە ساڵ بۆ سکرتێری گشتیم باسکرد تەنیا موڵکە داگیرکراوەکانی شەقامی سالم بوو، لە (ئوتێل سلێمانی) یەوە وەک رێوڕۆیشتن پیایدا هاتم و نەگەیشتمە( یانەی شەوانەی سەناعە ) کە دواتر نەما و درا بە ئیدارەی گشتی و سەرمایەدارێک، ئیتر کیفایەتی پێهێنام .

ئەمەی ئێستاش ئەینوسم ئەوانەی سەرچنارن و بۆ سەرۆکی ئەنێرم، بۆ ئەوەی وەک (یانەی شەوانەی سەناعە) دوای داخستنیان نەکرێن بە ئوتێل و پرۆژەی بازرگانی هاوبەش، بەڵکو رێگە دروستەکە بگرێت و تاپۆکانیان بگەڕێنێتەوە بۆ موڵکی گشتی و فەرمانگە رەسمیەکانی خۆیان، ئەو بڕیارەش تەنیا بەسەرۆکایەتی ئەو لە یەکێتیدا ئەدرێت و کەسیتر .

دەستخستنی زانیاریەکان بۆ سەرۆک هیچ گران نین، وەک دەستخستنی (ئیزبارە و سجلی ئەساس)ی موڵکەکانی قادرکەرەم مەکە .! کەئەبوا کەسێکی خۆتت راسپاردایە وێنەیەکی لەبەر بگرتنایەتەوە و بۆی رەوانە بکردیتایە، چونکە دواجار وێنە ئۆرجیناڵەکە شوێنەکەی دائیرەی تاپۆیە، موڵکی وەزارەتی عەدلی عێراقیە و وێنەیەکی تریش هەر لەو وەزارەتە لە بەغدا هەیە، کەساڵانێکی زۆرە وەزیرەکەی کورد و یەکێتیە .

لە سەرچنار :

* دوو ئوتێلی پێنج ئەستێرە دیار نەماون

* بێشەکان و باخەکان بەسەر مەسولەکان و ئیدارەی گشتی دابەشکراون

* (خانوەکانی مەنسەب) هەریەک هەزاران مەتر بوو، لەسەر هەندێ مەسول تاپۆ کراون

* سەرجەم یانەکانی لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ کراون

* شاری یاری و هەوارگەی تاڤگە، هەوارگەکانی چەق چەق لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ کراون

* کارگەی چیمەنتۆکە لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ کراوە

* سەیرانگای نەورۆز لەنێوان کێشەی جەلال خەفاف و نەرۆزدا، مەکتەبی شەهیدانی یەکێتی تاپۆی کرد و جەلال و خانەوادەکەی هانایان بۆ مەسعود بارزانی برد ! ئەویش هیچی بۆ نەکردن و شاربەدەر و ئاوارەی دەرەوە بون

* زەویەکانی شەقامی سەرەکی بۆ ناو سەرچنار (بەبازرگانی کران) و بەسەر مەسولەکانا دابەشکران

لەم هەمو موڵک و زەویانەی بەڕێوەبەرایەتیەکانی( شارەوانی ، زەراعە و سیاحە ) یەک پارچەشیان نەماوە .! گەر ئەتەوێت بەراستی خەڵکی سلێمانی ئاشت بکەیتەوە ؟ سەرۆک داوای وێنەیەکی ( ئیزبارە و سجلی ئەساس ) ی موڵکەکانی سەرچنار بکە و لیژنەیەکی شارەزای تاپۆش، ئەتوانن هاوکاریت بکەن، بەڵام لەو کارمەند و بەڕێوەبەرانە نەبن کە وەک غەنیمەی شەڕ رەفتاریان لەگەڵ موڵکی گشتی شاری سلێمانیدا کرد .

سەرۆک ئەو موڵک و زەویانە بگەڕێنەرەوە بۆ خەڵکی شار، گەر ئەوەت جێبەجێکرد، بەڵێن بێت تەواوی موڵک و زەویە گشتیەکانی (دزراو و داگیرکراو)ی شاری سلێمانیت بۆ ئەنوسم و هەموشمان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستانا ئاشت ئەبینەوە .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×