میراتگرەکانی بیری نەوشیروان مستەفا لە کوێن؟

عەبدولرەزاق شەریف
  2022-04-17     941

سەرەتا بڵێم لەبەر دوبارەبونەوەی ناوی کاک فاروقی مەلا مستەفا و کاک نەوشیروان مستەفا، ناچار ناوی یاکەم بە (ف م) و ئەویتر بە ( ن م) ئەنوسم …

دوای قسە و لێدوانی (ف م )، ماوەیەک و چاوەڕوان بوم یەک لەوانەی خۆیان بە هاوڕێی خەبات و فکری (ن م) زانیوە، یان ئەوانەی لای کەمی لە (ب گ)، کاریان لەگەڵ کردوە، یان خزم و خێزان و نەوەکانی سەبارەت بە موڵکیەت و خاوەندارێتی و پارە و داهاتی کارگەی چیمەنتۆی گاسن و ….هتد بێتە دەنگ، قسەیەک و وەڵامێکی هەبێت، بەداخەوە بێدەنگی ئەوان وەک لە دوای مەرگیشی هەر بێدەنگ بون وەک ئەوە وایە ئیتر بیسەلمێنن کە (ن م)، جگە لە بازرگانێک و خەمخۆری مناڵەکانی هیچیتر نەبوە !

چیرۆکی خاوەندارێتی کارگەی گاسن و هەمو موڵکەکانی پرۆژەکەی (ن م) نە بە نهێنی بوە و نە ئەفسونێکیشە تەنیا من بیزانم و کەسیتر نەیزانێت، بەڵام بۆچی تەنیا من قسە بکەم؟ دواتر وەڵامی ئەم پرسیارەش ئەدەمەوە .

لە بەغدا و لە کۆبونەوەیەکی دو قۆڵی و بە رێکەوتنێک (ن م) کۆتایی بە کاری سیاسی خۆی لەگەڵ مام جەلال ئەهێنێت .

ـ ناوەندێکی لێکۆڵینەوە و راگەیاندن دروستبکات

ـ زەویەکی بدرێتێ

ـ تێچوی ناوەندەکەش کە فەخری کەریم قەزاوەتیان بۆ ئەیا ( دە ملیۆن دۆلار )ی بدرێتێ

ماوەیەکی کەم و لەسەر ئەو گردەی زەرگەتە رێکدەکەون کە سنفەکەی لە زەوی غاباتەوە بە فەرمانی مام جەلال خۆی گۆڕدراوە بۆ موڵکی سرفی عەرەسە و بە ناوی (ئیدارەی گشتی ینک) ەوە کراوە . قسەش لە چۆنیەتی بونی داهاتێکی مانگانە ئەکەن بۆ بەردەوامی پرۆژەکە .

(ن م)، پێشنیازی تاپۆکردنی بۆ ناوی خۆی ئەکات وەک مامەڵەی کڕین و فرۆشتن و بەشێک لەو پارەیە ئەگەر بە پێی نرخ رەمزیش بوبێت ئەگەڕێنێتەوە بۆ (ینک)، بۆ ئەوەی مامەڵەکە لە ئایندەیا تانەی قانونی لێنەدرێ، ( شارەزایانی ئەو بوارە ئەزانن کە جگە لەم رێگەیە بەهەر رێگەیەکیتر مامەڵەکە بڕۆشتایە مافی دەوڵەت یان حکومەت بو هەرکات بیەوێت وەریبگرێتەوە و کێشەی یاسایی بۆ دروست بکات، دوای روداوەکانی هەڤدەی شوبات دروست ویستیان هەنگاوێکی وەها بنێن و لەروی یاساییەوە نەیانتوانی لێی وەربگرنەوە ).

بۆ مەسەلەی داهاتی مانگانەی پرۆژەکە و بەردەوامی مام جەلال پێشنیازی هاوکاریەکی مانگانەی بۆ ئەکات بەڵام (ن م) کە خۆی ئەزانێ بەتەمای چیە ! رەتی ئەکاتەوە و داوای مۆڵەتی کارگەیەکی چیمەنتۆ ئەکات، پێشی ئەڵێت کە لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی یان خۆماڵی بۆ بەردەوامی پڕۆژەکەی دایئەمەزرێنێت .

ئەوکات لەبەر هەر هۆیەکی یاسایی و ئیداری یان ئابوری کە من نازانم بۆ ؟ مۆڵەتی کارگەی چیمەنتۆ رێگە پێنەدراو بو ! بۆیە هەر سەرمایەدارێک تەمەناو هەوڵی بەدەستهێنانی مۆڵەتێکی لەوجۆرەی ئەکرد .

تێکچونی باری ئەمنی و سیاسی و ئابوری هەرێم و تێچوی زۆری کارگەکە، کەبە سەدان ملیۆن دۆلار مەزەندە ئەکرا، وایکرد کەس بەدەنگ جێبەجێکردنیەوە نەچێت . دواجار (ف م) وەک پشتیوانیەک بۆ (ن م) و وەک موجازەفەیەک لەگەڵ کۆمپانیا میسرییەکان رێکەوت و دەستیپێکرد .

سەرەتا مەبدەئیەن لەسەر سەدا بیستوپێنج ٢٥٪ رێکەوتن، بەڵام لە قۆناغی سەرەتاییدا بو بزوتنەوەی گۆڕان پێکهات و تەنگی بە پارتی و یەکێتی هەڵچنی، ئەوانیش بۆ سەرنەگرتنی پرۆژەی کارگەکە مۆڵەتی کارگەی چیمەنتۆیان ئازاد کرد و داوایان لە سەرمایەدارەکان کرد هەرکەسیان بیانەوێت مۆڵەتیان ئەدرێتێ و کارئاسانی زەوی و پشتیوانی حکومەتی هەرێمیان بۆ دەستەبەر ئەکرێت .

دوای ئەم بڕیارە (ف م) ئەیتوانی بەبێ شەراکەتی هیچ کەس مۆڵەتی کارگەکە وەربگرێت بەڵام چونکە پابەندی قسە و پەیمانی پێشوی خۆی بو هەر ئەوەندەی پێکرا بەرەزامەندی پشکەکانی (ن م) بۆ سەدا پانزە ١٥ ٪ کەمبکاتەوە .

بەرهەمهێنان لە ناوەراستی ساڵی دوهەزاروپانزەوە بە تەدریج لە کەم بۆ زۆر دەستیپێکرد، تەواوی ئەو ماوەیە هەتا رۆژی مەرگی (ن م) داهاتەکەی بزوتنەوەکە وەریگرتوە، دورونزیک نە خۆی نە مناڵ و خێزانی بەلای پارە و داهاتی ئەو کارگەیەدا نەچون ..! زۆرێک لە سەرکردەکانی بزوتنەوەکە ئەم راستیە ئەزانن ..!

دواجار و لە سەرەتای ساڵی دوهەزاروهەڤدەوە ئەو داهاتە روبەروی (فازیل دگل) کرایەوە و هەموانیشی راسپارد کە ئەو داهاتە بۆ هەڵبژاردن و خەرجی هەڵبژاردنەکانی ئایندەیە ..! تەنانەت لەو ماوەیەدا بزوتنەوەکە توشی قەیرانێکی دارایی هات هەم لە خۆی و هەم لە کاک فازیلیشمان بیست کە پارەی کارگەی چیمەنتۆی گاسن تایبەتە بە خەرجی بزوتنەوەکە و بۆ کاتی هەڵبژاردنەکان تەرخانکراوە . بەداخەوە پێش هەڵبژاردن (ن م) مرد و هێشتا چلەی نەچوبو خاوەندارێتی گشت موڵکوماڵی بزوتنەوەکە بە پشتیوانی (سەید عومەر، جەلال جەوهەر، حەمە تۆفیق، جەمال حاجی محەمەد و شۆڕش حاجی) بۆ هەردو کوڕەکەی یەکلا کرایەوە، لەکۆبونەوەی رەسمی جڤاتەکەشدا، وتاریاندا کە هەموی موڵکی شەخسی (ن م) یە، کە منیش بەگژیانا چومەوە لە کۆبونەوە کرامە دەرەوە ! ئیتر لەو رۆژەوە کوڕەکانی بونە خاوەنی داهاتی کارگەکە و هەمو موڵکوماڵی تری بزوتنەوەکە .

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە :

ـ ئەگەر کارگەی گاسن تایبەت موڵکی (ن م) و خێزانەکەی بوبێت بۆچی هەتا رۆژ و هەفتەکانی پێش مردنی داهاتەکەی لای بزوتنەوەکەوە و بۆ خەرجی بزوتنەوەکە وەرگیراوە ؟

ـ ئەی بۆچی ئێمەومانان کە بەگژ ئەو پیلانی خاوەندارێتیەدا چوینەوە کەمینەیەک بوین و هەریەک بە شێوازێک (گردبەدەر) کراین ؟

ـ جڤاتی نیشتیمانی بۆچی پشتیوانی کوڕەکانیان کرد ؟

وەڵامی ئەم پرسیارانە ئاشکرا و رونە کە بزوتنەوەکەی بەو دەردە برد، پێبزانن یان نەزانن مێژوی تێکۆشان و بیری نەوشیروان مستەفا و شۆڕشی نوێ و خوێنی شەهیدەکان و ماندوێتی هاوڕێکانی شۆڕش و تەنانەت قوربانیەکانی گەلەکەمان بە هەڵەبجە و ئەنفالەکانیشەوە کەوتۆتە ژێر پرسیار گەلێکی جدیەوە ! دەنا ئێمە ئەوەندە گەمژە نەبوین وەک سەرکردەیەکی خۆمان و شۆڕشەکە (ن م) نەناسین ! ئەوە هەندێ لەهاوڕێکانی خۆی و جڤاتی بزوتنەوەکە و نەوەکانی بون خیانەتیان لێکرد ..!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×