ئیتر قسەئەكەم (7)

عەبدولرەزاق شەریف
  2019-07-17     2652

بەردی بناغەی كوردستانی گەورە


ساڵی 2004‌و لە بەغدا، مەسعود بارزانی‌و نەوشیروان مستەفا سەرۆكایەتی تیمی نوێنەرایەتی كوردستانیان لە لیژنەی نوسینەوەی دەستوری عێراقدا ئەكرد, وایان رێكخستبوو یەكەمیان بەیانیان‌و، ئەوی تریان ئێواران ئامادەبێت.
دوای پشوی نیوەڕۆژێك، بارزانی لە هۆڵەكە‌و لە چاوەڕوانی هاوسەرۆكەكەیدا، بۆ پرس‌و گفتوگۆیەك ئەمێنێتەوە، ئەو كە چەند رۆژێك بو دەستەواژەی "ماعدا اللمحافڤات المنتڤمە فی اقلیم"، واتە "جگە لەو پارێزگایانەی كە لە چوارچێوەی هەرێمێكدا رێكخراون" بۆ مادەی (119) ئیزافە ئەكرد‌و بەیانی رۆژی دواتر، لادەبرا، لای عەبدولعەزیز حەكیمیش بە گلەییەوە لە هۆی لابردنەوەكەی پرسیبو، ناوبراو پێی وتبو:" نە شیعەو نەسوننە كێشەیان لەگەڵ ئەو ئیزافەیەدا نیە، ئێواران لەدوای تۆ كاك نەوشیروان دەیكوژێنێتەوە".
- راستە تۆ ئەو دەستەواژە لە مادەی (119) ئەسڕیتەوە كە ئێمە ئیزافەی ئەكەین؟ 
بەم پرسیارە گفتوگۆی ئەو تاقی ئێوارەیەی نێوانیان دەستپێدەكات.
- بەڵێ راستە، من ئەیسڕمەوە. 
كاك مەسعود بە سەرسوڕمانەوە ئەم وەڵامەی كاك نەوشیروان وەرئەگرێت‌و ئەڵێ:" دیارە تۆ نیازی جیاكردنەوەی سلێمانیت هەیە؟!".
- نەخێر، مەبەست جیابونەوە نییە، من پیاوێكی ماركسی بوم، حەقی جیابونەوە بە رەوا ئەبینم، تۆ كتێبەكەی لینین-ت لەسەر مافی جیابونەوەی گەلان خوێندوەتەوە ؟
- بەڵێ، چ پەیوەندی هەنە ؟
- تەڵاق مافێكە نە ئیدیعای بۆ ئەكەین‌و نە لە خەڵكی ئەسەنینەوە.
كاك نەوشیروان زیاتر لەسەری ئەدوێ‌و بۆی رون ئەكاتەوە لە ئایندەدا بۆ رێگریكردن لە غەدری پارێزگایەك لە پارێزگایەكی تر، ئەم مەسەلەیە گرنگە‌و ناكرێ ئەو مافە بە دەستور لە خەڵك وەربگرینەوە، بەڵام دڵنیابە بانگەشەی بۆ ناكەم.
هەرچەندە كاك مەسعود بڕوای بەو لۆژیكە‌و مافە دەستورییە هێنا، مادەكە وەك كاك نەوشیروان ویستی لە دەستوری عێراقدا جێگیربو، بەڵام ئیدیعا‌و تۆمەتی حەزو ویستی كاك نەوشیروان بۆ جیابونەوەی سلێمانی لە هەرێمی كوردستان بە ناڕەسمی‌و هەندێكجاریش بە رەسمی لەلایەن پارتییەوە بەردەوام بو، هەموجارێكیش لە وەڵامدا كاك نەوشیروان ئەم گفتوگۆیەی خۆی‌و كاك مەسعودی دەگێڕایەوە، بڕوای تەواویشی پێی هەبو.
هەرێمی سلێمانی !
كاردانەوەی پارتی بەرامبەر رێككەوتنی سیاسی گۆڕان‌و یەكێتی هەر لە سەرەتاوە بیری پرۆژەیەكی بۆ جیاكردنەوەی "هەرێمی سلێمانی" لای كاك نەوشیروان گەڵاڵەكرد، هەرچەندە هێزە عێراقی‌و نێودەوڵەتییەكان لە سەرەتاوە پیرۆزباییان لە رێككەوتنەكە كرد، بەڵام كاری دەستوبردی پارتی بۆ لەباربردنی رێككەوتنەكە وایكرد، جگە لە ئێرانییەكان، هیچ كام لە نوێنەرایەتی ئەو لایەنانە لە مەراسیمی ئیمزاكردنی رێككەوتنەكەدا ئامادە نەبون، ئەمریكییەكان بە كارمەندێكی كوردی كونسوڵخانەكەیان بەشدارییان كرد‌و ئەوانی تر مەعزەرەتیان هێنایەوەو وتیان:" لەئاستی باڵای وڵاتەكانمانەوە ئاگاداركراوین كە بەشداری نەكەین".
لە ناوخۆی هەرێم‌و حیزبە كوردستانییەكان‌و یەكێتی نیشتمانیدا، پارتی بە چڕی كەوتە دژایەتیكردنی رێككەوتنەكە‌و لەڕێگەی هەوادارەكانیەوە توانی ئەو متمانەیەی پێش ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە هەبو، لەقی بكات، بەداخەوە باری ناوخۆی یەكێتیش رێگەخۆشكەر بو بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكەی پارتی، تا گەیشتن بە جیاكردنەوەی باڵی "ناوەندی بڕیار"، كاك نەوشیروان هەر لە سەرەتای مەترسییەكەوە پەیڕەوێكی بۆ سەركردایەتی هاوبەش نوسی‌و وەك پاشكۆیەكی رێككەوتنەكە لە كۆبونەوەیەكیاندا بۆی خوێندنەوە‌و پەسەندیان كرد، تیایدا، ئیقرار كرابو كە هیچ كەسێكی تر بۆ ئەو سەركردایەتییە زیاد نەكرێت، تەنانەت لە حاڵەتی چۆڵبونی شوێنی هەر ئەندامێك بە هەر هۆیەك، هەتا بە مردنیش كەس جێگەی نەگرێتەوە، سەركردایەتی هاوبەش بۆ گشت قەزاو ناحیەكان دروست بكرێت، پارەو داهاتی سنوری سلێمانی بە لیژنەیەك لێكۆڵینەوەی لێ بكرێ‌و بزانرێ‌و كۆبكرێتەوە، هێزی پێشمەرگە‌و پەیوەندییەكان‌و دارایی هاوبەش بكرێ. لەوچوارچێوەیەشدا وەك سەرەتایەك پشتگیری مادی بزوتنەوەی گۆڕان بكرێت، جێگەی خۆیەتی باسلەوەش بكەین لای گۆڕانەوە حەمەتۆفیق بە فشاری هێرۆخان‌و لای یەكێتیشەوە دكتۆر بەرهەم بە فشاری كاك نەوشیروان لەو سەركردایەتییە دانران.
لەگەڵ زیاتر بێئومێدبونی كاك نەوشیروان لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە‌و فشارەكانی پارتی بۆ لەباربردنی، سەرقاڵی نوسینی پرۆژەیەكی گشتگیر بو بۆ بەكارهێنانی ئەو مافە دەستورییەی خەڵكی سلێمانی، بۆ ئەو مەبەستەش هەم پرس‌و ڕا هەم گفتوگۆی لەگەڵ زۆر لە هاوڕێكانماندا دەكرد.
- كاكە پێتوانییە لەڕوی مەسەلە گەورەكەی نەتەوە‌و نیشتمانەوە زیان بە نەوەكانی ئایندە بگەیەنێ ؟
من وەڵامی ئەم پرسیارەم لا گرنگ بو، بێ بیركردنەوە زۆر بەوردی وەڵامی دامەوە:
- من ژیانی پێشمەرگایەتیم، پارتیزانیم وایكردوە هەمو مەسەلە گەورەكان بەو تەجروبەیەوەو دەرسەكانی بەراورد بكەم، بۆ جێبەجێكردنی ستراتیژو بەرنامەی درێژخایەن، كورد پێویستی بە شوێنێكی ئەمین هەیە (ملاژ امن)، خەباتی پارتیزانیش وایە، پەكەكە بۆیە نافەوتێ، قەندیل بوە بەو پەناگەیە بۆیان، هەر كات‌و لەهەر شوێنێ فشاریان بچێتەسەر، ئەگەڕێنەوە‌و لەوێ ئەتوانن خۆیان رێكبخەنەوە، هەر لەوێش ئەتوانن پەلوپۆ بۆ هەمو كوردستان بهاوێژن، ئەمە بۆ حیزب‌و بزوتنەوەی چەكداری دروستە‌و ئێمەش هەروابوین، بۆ حکومڕانی كوردیش وەك نەتەوە‌و بۆ هەر چوار پارچەی كوردستانیش ئێمە پێویستمان بە پەناگەیەكەی ئەمین هەیە، شوێنێ كە بە دەستور‌و یاسا بتوانین بیپارێزین، ژێرخانی خۆی‌و سەرخانێكی پتەوی خۆی هەبێ، لەڕوی دیموكراسی‌و مافی مرۆڤ نمونەیەك بێ باسبكرێ‌و چاوی لێبكرێ. مێژوی فكرو ئەدەب‌و سیاسەت‌و رۆشنبیری سلێمانی، ئەو فرە رەنگ‌و دەنگییە، باشترین شوێنە بۆئەوەی بتوانین بیكەین بەو پەناگە ئەمینە‌و خاڵی گۆڕانكاری لە بیری سیاسی كورددا، دەكرێ لە قۆناغی یەكەمدا سود لەو پشتیوانییەی بەغدا وەرگرین، گەر بتوانین لەجیاتی ئەو هەمو زانكۆ بێكەڵكە تەنیا زانكۆیەكمان هەبێ بچێتە ئاستی زانكۆ جیهانییەكان‌و مامۆستای لە دەرەوە بۆ بهێنین، لە جیاتی ئەو هەمو خەستەخانەیە، یەك دو خەستەخانەی گەورە لە ئاستی ئەوانەی دنیای دەرەوەدا بن‌و دكتۆرو پسپۆڕی بیانی بۆ بهێنین.. ئاسایش، پۆلیس، هێزی چەكدار، ئازادی بیروڕا، ئەدەب‌و هونەرو...
لەڕاستیدا كاك نەوشیروان زۆر بە وردی هەمو كۆڵەكە سەرەكییەكانی ژیان‌و بەردەوامی هەرێمی سلێمانی باسكرد.
جارێكی ترو لە وەڵامی هاوڕێیەكی باژێڕی هەولێردا، كە پێی وابو پارتی دەربەدەریان ئەكات‌و راوەدویان ئەنێ، وتی:
- نەك هەولێر‌و دهۆك، هەمو شارەكانی تری پارچەكانی كوردستان خۆزگە بەو هەرێمە ئەخوازن، ئەوەی ئێمە بیری لێ ئەكەینەوە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و ئێران‌و توركیاش پشتیوانی ئەبن، لێتان تێكنەچێ، ئەمە دو ئیدارەیی نیە، ئەمە هەرێمی سەربەخۆیە‌و دەستوری عێراق رێگەی پێداوە، ئەسڵەن بۆ نەهێشتنی ئەم دو ئیدارە فەرزكراوەیە كە مەسئولەكانی یەكێتی‌و پارتی لە بەرژەوەندی شەخسی خۆیان فەرزیان كردوە، خۆ ئەگەر هەر پارتی فەلاقەی كردن، بڕۆن خەباتی سیاسیی ژێرزەمینی بكەن‌و ئێمە دەستان لێ بەرنادەین، وەك چۆن لەو شاخە دو بۆ سێ هەزار كەس بوین، بەڵام دەیان هەزار كەسمان لە سلێمانی‌و هەولێرو كەركوك لەژێردەستی بەعسدا خەباتیان ئەكرد، هەوڵبدەن‌و بڵێن ئەمانەوێت ئێمەش وەكو سلێمانیمان لێ بێ، رەنگە پارتیش لە مونافەسەی ئێمەدا وەزعی هەولێرو دهۆك باشتر بكا، چونكە ئەوكاتە رێزو حورمەتی پارتییەكان دەبێ لە سلێمانی زیاتر بێ لە حیزبەكانی تر، بیریشت نەچێ، پارتی هاوكارمان بێ، دەكرێ یەك هێزی پێشمەرگە‌و یەك ئابوری‌و یەك پەیوەندی دیپلۆماسی هاوبەشمان هەبێ، ئەو هێزانەی هەر لە سەرەتاوە لە پارتییەوە دوركەوتونەتەوە، بەهێزبون‌و گەشەیان كردوە، بەپێچەوانەشەوە ئەوانەی پارتی سەیتەرەی بەسەریاندا هەبوە، وێران بون، بۆ یەكەمیان نمونەی پەیەدەو پەكەكەی لە رۆژئاواو باكور ئەهێنایەوە‌و بۆ ئەوی تریشیان حیزبەكانی باشور‌و رۆژهەڵاتی كوردستانی بە نمونە ئەهێنایەوە، پارتی نایەتەژێر بارو باشترین چارەسەر دوركەوتنەوەیە لێی.
دوای 16ی ئۆكتۆبەرو ئەم فكرەیە بەجۆرێكی تر لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی تەرحكرا، تەنانەت عەبادی جوابی ناردبو كە وەفدێكی ئێمە بڕوات‌و پارەی هەمو ئەو ساڵانەی موچەخۆرانی سلێمانی بەبێ پاشەكەوت تەسلیمی پارێزگاری سلێمانی بكات، لەگەڵیا پارەی پرۆژە‌و تەنمیەی ئەقالیم بنێرێ.
لە ساڵی 2014وەو لەسەروەختی دەسەڵاتی مالیكییەوە حسابمان كرد زیاتر لە (10 ملیار دۆلار) دێتە سلێمانی‌و هەمو تەسەڕوفێكی لەرێگەی پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگا‌و دەزگا رەسمییەكانەوە ئەبێ.
- خواهاوار ! كەس هەیە ئەم عەرزەی بەغدا رەتبكاتەوە ؟ ئەم فرسەتە لە مێژودا نە بۆ كورد نە بۆ سلێمانی رێكناكەوێتەوە.
من ئەم قسەیەم لە كۆبونەوەیەكدا كردو حەمەتۆفیق رەحیم بە گژمدا هات:
- ئەوە جێبەجێكردنی ئەجێندای وڵاتانی ئیقلیمییە.
- نەخێر هەموتان ئەزانن كاك نەوشیروان پرۆژەیەكی موتەكامیلی هەبو بۆ ئەو مەسەلەیە‌و تەمەن دەرفەتی نەدا، لای هەموشتان باسی كردوە، ئامادەم دو سەعات لەسەر پرۆژەكەی قسەبكەم.
بەتەنیاو جودا جودا هانام بۆ هەمو ئەو هاوڕێ دەستڕۆیشتوانە برد، سەید عومەر ئەزمونی حكومەتی هەرێمی پێ لە هەمو حوكمدارێتی دنیا جوانترو گەورەتر بو، ئەوانەی دەرەوەی سلێمانی هەمو دژایەتییان ئەكرد، هەر لەمیانی ئەو گفتوگۆیانەدا جارێكیان سەید عومەر وتی:" بەم عەقڵەوە ئیعلامەكە بەڕێوە ئەبەی ؟ لە تەلەفزیۆنەكەوە ئەڵێی یەكەمجارە لە مێژوی عێراقدا وەزیرێكی كورد لەسەر گەندەڵی دەربكرێ.. لەمەدا مەبەستی راپۆرتێك بو لەسەر كەیسەكەی هۆشیار زێباری لە KNNوە بڵاوكرابوەوە"، وتم:" جەنابی كاك عومەر ئەوە راستییە‌و ئێمە لەسەر ئەو كەیسە وا قسەمان كردوە، خۆشم نوسیومە"، لێم راستبوەوە‌و بەتوڕەبونەوە وتی:" دەبا پێت بڵێم لە تەئریخی عێراقدا وەزیرێكی كورد نەبوە بەقەد هۆشیار زێباری باش بوبێت‌و ئیشی بۆ كورد كردبێ".
لەوێدا تێگەیشتم بیركردنەوەی من‌و ئەو پیاوە‌, ئەو پیاوە‌و خەڵكی ئەم هەرێمە چەند لەیەكەوە دورن‌و چەند ناجۆرو ناتەبان.
بەهەرحاڵ لەژێر فشاری هاوڕێكاندا، پێشنیازكرا وەفدێكی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتو و كۆمەڵی ئیسلامی پێكەوە سەردانی بەغدا بكەن، دواجار بە هەرهۆیەك بو، من نازانم, بۆ ئەو وەفدە هاوبەشە لەوكاتەدا رێكنەخرا، شۆڕش حاجی‌ بەتەنیا‌ وەكو نوێنەری گۆڕان سەردانی بەغدای كرد، بەڵام لەژێر فشاری سەید عومەرو هاوبیرەكانیدا قەناعەتیان پێكردبو بەنهێنی‌و دور لە چاوی كامێرا حەیدەر عەبادی ببینێ، عەبادیش لە وەڵامی ئەو جۆرە كۆبونەوەیەدا وتبوی:" ئینجا كە پێیان شەرم‌و شەرمەزاییە كە بە ئاشكرا بمبینن، بۆچی نوێنەریان ناردوە بۆلام ؟"، زیارەتی شۆڕش حاجی رەتكرایەوە‌و دیدارەكە روینەدا، هەمو ئەو روانینەی شۆڕش‌و هاوبیرەكانی بۆ ئەوە بو كە پارتی تەخوینی بزوتنەوەی گۆڕان نەكا، وەك چۆن لەوكاتەدا سەرگەرمی تەخوینكردنی یەكێتی بو، كێچ كەوتە كەوڵم‌و لەوسەروبەندەدا پەیوەندیم بە یەكێك لە موستەشارەكانی مالیكی لەلایەك‌و چەند كەسایەتییەكی دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لەلایەكی ترەوە كرد كە لە عێراقدا كاریان ئەكرد، هەردولا یەك قسەیان كرد‌و وتیان" لە 16ی ئۆكتۆبەردا یەكێتی یەك هەنگاو هاتەپێشەوە، پارتی‌و بارزانی بە 100 هەنگاو پێشیان كەوتن، ئیتر بۆچی لە پارتی‌و كاك مەسعود ئەترسن ؟".
ئەمەیان نەكرد‌و پارتی‌و بارزانی خۆیان چونە بەغدا‌و رێككەوتن، بونەوە بە دەمڕاستی هەرێم‌و دوای هەموو ئەمانە بزوتنەوەی گۆڕان  لە بەیاننامەیەكدا داوا لە حكومەتی عێراق دەكات پارەی موچەخۆران بدات‌و داواش لە پارتی دەكات پاشەكەوتی موچە لابەرێ، ئێستاشی لەسەربێ هەم پارەی پارەی موچەخۆران لە غەرغەرەدایە‌و هەم پارتیش  پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی نەداوە. 
ماویەتی..

 
  


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×