کێ بەرپرسە لەسوتاندنی سێ فریشتە

شنیار ئەنوەر
  2018-12-24     2272


ویژدانتان ھەبێت‌و بڵێن بکوژی سێوە، پیاوێکی وەحشیە کە دەستی چۆتە رۆحی ھاوسەرەکەی‌و سێ فریشتەوە.



ھەموو ئەوانەی قسە لەسەر سوتانی جوانەمەرگ سێوەخان دەکەن‌و رەبتی دەکەنەوە بەکەناڵی میدیایی، ھەموو ئەو پیاوانەن کە پاساو دەھێننەوە بۆ ئەو مێردە وەحشیەی کە منداڵەکانی خۆی و ژنەکەی سوتاندوە.



ھەوموو ئەو پیاوانەن کە بەلایانەوە ئاساییەوە پیاوێک سێ منداڵەکەی بسوتێنێت.



من بەش بەحاڵی خۆم سەیری ھیچ درامایەک ناکەم‌و کاتم نیە بۆی، بەڵام  کەسێک پێم بڵێت چ درامایەک پاساوە بۆ ئەوەی پیاو منداڵەکانی خۆی بسوتێنێت؟ بۆ گلەیی لەپیاوە بێ ویژدانەکە ناکەن کە دور لەئەخلاق‌و ویژدان‌و ئاینی پیرۆزی ئیسلام، دەستی چۆتە گیانی سێ فریشتەو ھاوسەرەکەی.



ئاخر بۆ باسی ئەوانە ناکەن کە دەڵێن فرە ژنی ئاساییەو ژن بۆێ نیە رێگری لەپیاو بکات‌و پیاویش پێویستی بەروخسەتی ژنی یەکەمی نیە بۆ ئەوەی ژنی تر بھێنێتەوە، یاخود پەیوەندی ھەبێت لەگەڵ ژنی تردا.



ھەر مرۆڤێک پاساو بۆ ئەم کارە وەحشیە بھێنێتەوە، ئەوە ئەو کەسە لەو بکوژی سێ منداڵ‌و ژنە تاوانبار ترەو بۆی ھەڵکەوێت لەو خراپتر دەکات.



یەک تاوانبارو یەک ھۆکار ھەیە بۆ ئەم بابەتە، ئەویش ئەوەیە پیاوێکی خێزاندار کە سێ منداڵی جوان‌و ھاوسەرێکی جوانی بەئەخلاقی ھەبووە، چووە دەستی لەگەڵ کچێکی تردا تێکەڵ کردوەو خیانەتی لەھاوسەرەکەی کردوەو بەوەش نەوەستاوە، بەڵکو ھەستاوە بەسوتاندنی ژن‌و سێ منداڵەکەی، بۆ؟



چونکە پێیوایە پیاو لە قەفەزی تۆمەتباری رزگاری دەبێت‌و یاسا پشتی دەگرێت‌و سەرۆکی ھەرێم‌و پەرلەمان لێبوردنی گشتی بۆ دەردەکات‌و مەکتەبی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی یەکێتی و پارتی سوڵحی بۆ دەکەن.



ھۆکاری سەرەکی‌و تاکە ھۆکار ئەم دەسەڵاتەیە کە ھیچ بەھاو رێزێکی بۆ یاسا نەھێشتۆتەوەو شیرازەی خێزانی تێک داوەو لەپێناو حیزب‌و بەرژەوەندی حیزبدا ھەمو کارێک دەکات‌و ھەمو جۆرە تاوانبارێک لەزیندان دێنێتە دەرەوە.



ویژدانتان ھەبێت‌و بڵێن ئەو پیاوە وەحشیەو بێ ویژدانەو خوای گەورەو ئاینی پیرۆزو ھەمو کەسێکی بەویژدان دژی ئەم رەفتارە قێزەونەن.


تکایە پاساوی بۆ مەھێننەوەو لەئەسڵی بابەتەکە لامەدەن.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×