بڕیاری پەرلەمانی عێراق و بژاردەکانی ئەمەریکا

د. سامان شاڵی
  2020-01-18     822

لەم کاتەدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کۆمەڵێک کێشەی سیاسی و عەسکەریدا تێدەپەڕێت دەرئەنجامی ململانێی نێوان ئەمەریکا و ئێران. وە ئەوەی شایانی باسە لەو دوادواییەدا عێراق بۆتە شانۆیەک بۆ ئەو ململانێیانە، و چەند مانگێکە سەرقاڵی خۆپیشاندانە بەناوبانگانە ئاشتیخوازانەکەیە کە لە بەغدا و پارێزگاکانی تری باشوور بەڕێوە دەچێت دژ بە حوکمڕانەکانی عێراق لە دەستەڵات و حیزبە سیاسیەکان کە تاوانبار دەکرێن بە گەندەڵی و تائیفیەت و داواکاری مافە ڕەواکانی خۆیان دەکەن. تا ئێستا کوژرانی زیاتر لە ٦٠٠ شەهید و ٢٣٠٠٠هەزار برینداری لێکەوتۆتەوە و حکومەتیش نەیتوانیوە پارێزگاری خۆپیشاندان بکات لەوانەی ناوبراون بە (لایەنی سێهەم).

لەم کەشە ناسکەدا حەشدی شەعبی و میلیشیاکان ئەم هەلەیان قۆستۆتەوە بە دەستوەشاندن لە بەرژەوەندیەکانی عێراق بە پێی ڕاپۆرتی ئەمەریکیەکان. دواهەمینیان ئەو هێڕشە موشەکیانە بوو لە ٢٧/١٢/٢٠١٩ بۆ سەر سەربازگەی K1   ی هێزەکانی هاوپەیمانان لە پارێزگای کەرکوک و بوو هۆی کوژرانی ئەمەریکیەکی مەدەنی. ئەمە وەکو یەکەم کڵپەی ئاگری نێوان ئەم دوو بەرەیەدا بوو. حکومەتی ئەمەریکی وەڵامی ئەم هێرشەی لە ٢٩/١٢/٢٠١٩دا دایەوە بە هێرشکردنە سەر بنکەکانی حەشدی شەعبی و میلیشیاکان لە قائم کە ژمارەیەک قوربانیانی لێکەوەتەوە.  ئەمجارە حەشدی شەعبی و میلیشیاکان لە ٢/١/٢٠٢٠دا هێرشەکەیان وەڵامدایەوە بە هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا  لە ناوچەی سەوز کە بە پارێزراوترین ناوچەی عێراق هەژماردەکرێت،  دەرگایەکیان سوتاند و ئاڵای حەشدی شەعبی و میلیشیاکانیان لەسەر دیواری باڵیۆزخانەکە بڵندکرد. پاشان ئەمەریکا وەڵامی ئەم هەیبەت شکاندنەی بە کوشتنی هەردوو مەزنترین فەرماندەی فەیلەقی حەرەسی سەوری- قاسم سلێمانی و جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی ابو مهندس لە ٣/١/٢٠٢٠دا دایەوە لەبەرئەوەی ئەمەریکا ئەم دوو فەرماندەیەی بە پلانگێڕ و جێبەجێکاری سەرەکی  هێڕشەکەی سەر باڵیۆزخانەکەی خۆی دادەنا. وە ئێرانیش وەڵامێکی شەرمنانەی دایەوە وێڕای چاوەڕوانی خەڵکی بۆ وەڵامێکی توندو کاریگەرانە لە بەرامبەر ئەم کارەدا.

دوابەدوای ئەمە و لەژێر فشاری حیزبە شیعیەکان و ئێران، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داواکاری دانیشتنێکی نائاسایی کرد  بۆ دەنگدان لەسەر دەرکردنی هێزە هاوپەیمانەکان و لەسەروو هەموشیانەوە هێزە ئەمەریکیەکان.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنە نائاساییەکەی خۆی لە ٥/١/٢٠٢٠دا گرت، بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی دەستلەکار کێشاوە د.عادل عبدالمهدی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانیەکان لە عێراق. زۆرینەی سوننە  و فراکسیۆنە کوردیەکان و هەندێک لە شیعەکانیش بایکۆتی ئەم دانیشتنەیان کرد بەهۆی ڕەچاونەکردنی بیروڕای ئەوان لەسەر مەترسیە ئاسایشی و ئابوریەکان کە لەوانەیە ڕوبدات لە دەرئەنجامی دەرکردنی ئەم هێزانە.

ئەوەی شایانی باسە، ئەنجومەنی نوێنەران لیستەیەکی ١٧٠ ئەندامی پێشکەشکرد بۆ ئەم بەیاننامەیە، کە لەڕوی یاساییەوە ژمارەیەکی تەواوە بۆ گرتنی هەر دانیشتنێک بەڵام وێنە ڤیدیۆییەکان نیشانی دەدەن کە ژمارەی ئامادەبووان لەو کاتەدا ناگاتە ١٤٥ لە کۆی ٣٢٩ ئەندام، بەمەش نیصابی یاسایی تەواو نەکراوە لەبەرئەوەی دەبوایە ١٦٥ بێت!

وە لەپێش دەستپێکردنی دەنگدان، سەرۆکی ئەنجومەن گوتی "ئەم بڕیارە بڕیارێکی شیعیە نەک بڕیارێکی عێراقی و (ئێوە، ئەی ئەندامانی شیعە زۆرینەن لە پەرلەمان) و دەبێت بەرپرسیارێتی ئەنجامی هەر بڕیارێک وەرگرن کە لەسەر ئەم بابەتە دەدرێت.....!" کەواتە بۆچی سوننە و کورد بەرپرسیارێتی دەرئەنجامی بڕیارێک بکەوێتە ئەستۆیان کە لەژێر پاڵەپەستۆی ئێران و حیزبە سیاسیە شیعەکاندا وەرگیراوە؟!

پوختەی بڕیارەکە بریتیە لە:

پێویستە حکومەتی عێراق کۆتایی بهێنێت بە بوونی هێزە بیانیەکان لەسەر زەوی عێراق و ڕێگر بێت لەبەکارهێنانی زەوی و ئاوو ئاسمانی عێراق بۆ هەر مەبەستێک لە ماوەی ( ) دا، وە دەبێت ئەو دەوڵەتانەی هێزیان هەیە لەناو عێراقدا بەڵێننامەیەک پێشکەش بکەن و تێیدا بەڵین بدەن کە نابێت بە هیچ شێوەیەک ناوچە عێراقیەکان بەکاربهێنن بۆ لێدانی هیچ دەوڵەتێکی تر.

دەبێت حکومەتی عێراق ئەم بڕیارە جێبەجێبکات لە کاتی ئاگادارکردنەوەی ئەو دەوڵەتانەوە.

ئەم بڕیارە داواکاریە  نەک فەرمانی دەرکردنی هێزەبیانیەکان لە عێراق. لە هەمان کاتیشدا خۆپیشاندەرەکان لە بەغدا و پارێزگاکانی تری باشور ئەم بڕیارەیان ڕەتکردەوە و بەڵێنیاندا بە بەردەوامی ئەم شۆڕشە جەماوەرییە ئاشتیخوازانە تا ڕزگاریان دەبێت لە بوونی ئێران لەناو عێراق و دامەزراندنی حکومەتێکی نیشتیمانی بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندیە نەتەوەییەکانی عێراق. وە هەروەها هەرێمی کوردستانیش ئەم بڕیارەی هەژمار نەکرد بە بڕیارێکی دەستەجەمعی نێوان لایەنە سیاسیەکان کە پێویست بوو هەبوایە بۆ ئەم جۆرە حاڵەتانە. 

لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە:

ئەمە بریتیە لە بڕیارێک نەک یاسایەک و حکومەت پابەند نیە لە جێبەجێکردنیدا.

حکومەتی ئێستای عێراق دەست لە کارکێشراوەیە و ناتوانێت ڕێکەوتنێکی نێودەوڵەتی واژۆ بکات یان ڕێکەوتنێک هەڵبوەشێنێتەوە.

هێزە بیانیەکان پێک دێن لە هێزە هاوپەیمانەکان لە نێویدا تورکیا و ئێرانیش، ناکرێت ئەم بڕیارە بەتەنها بەسەر ئەمەریکادا بسەپێنرێت و ئەوانەی تر جیابکرێنەوە.

ئەگەر بڕیارەکە وەکو خۆی جێبەجێبکرێت ئەوا ماوەی جێبیجێکردنی لە ساڵێک کەمتر نابێت.

ئەم بڕیارە لێکەوتە ئابووریەکان ڕەچاوناکات و ئەمەش دەبێتە هۆی داڕمانی ئابووری عێراق.

ئەم بڕیارە ڕەچاوی کێشەی تیرۆر ناکات کە هێشتا بەردەوامە و هێزە سەربازی و پاسەوانە ئیتیحادیەکان ناتوانن بەرەوڕوی بوەستن بەبێ هاریکاری هێزە هاوپەیمانەکان. وە بە ئاسانی دەتوانین پێشبینی زۆربوونی چالاکیە تیرۆریستیەکان بکەین لەم ساڵەدا و ئەمەش لە توانای عێراقدا نیە بەرەنگاری بێتەوە.

لە بەرامبەری ئەم بڕیارە، ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ئەم بژاردانەیان دەبێت:

دەتوانێت بچێتە ووڵاتە یەکگرتوەکان و داوای بەندی حەوتەم بکات بەو پێیەی کە عێراق ناتوانێت پارێزگاری لە هاوڵاتیانی خۆی بکات، وە ئەمەش دەمانگێڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم کە هەرسێ سەرۆکایەتیەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە و حاکمێکی عەسکەری دادەنرێت هەتا ئەو کاتەی ئاسایش بەرقەرار دەبێت و چەک لە چەکدارەکان دادەماڵرێت و دەستەڵات دەدرێتەوە بە حکومەت و سوپا.

ئەگەر نەیتوانی عێراق بخاتە ژێر بەندی حەوتەم، ئەوا گەمارۆیەکی ئابوری قورس دەخاتە سەر ووڵاتەکە. هەروەها ئەو ڕێگاپێدراوانەش لادەدرێن کە عێراق وەریگرتوە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران و تایبەتن بە کڕینی کارەبا و غاز لە ئێران. قەبارەی مامەڵەکردنی ئابووری عێراق لەگەڵ ئێران دەگاتە ١٠-١٥ بلیۆن دۆلاری ئەمەریکی، و ئەم بڕیارە وادەکات کە سزا ئابووریەکانی سەر ئێران بەهێزتر بکرێن و ببنە هۆی داڕمانی تەواوی ئابووری ئێران.

هەتا ئێستا ئێران سوودێکی باشی وەرگرتوە لە دۆلار بەهۆی ئەم ڕێگاپێدراوانەی عێراق وێڕای گەمارۆکانی ئەمەریکا لە سەری.

هەموو پارەکانی عێراق لە بانکە ئەمەریکیەکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت ئەم بڕەش نزیکە لە ٣٥ ملیار دۆلار. بەهەمان شێوە لە بانکە بیانیەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ بانکە عێراقیەکانیش ڕادەگیرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی داڕمانی نەقدی عێراقی. وە دەستدەگیرێت بەسەر پارەی هەموو سیاسیە گەندەڵەکان لە دەرەوە و ناوەوە و گەڕاندنەوەی ئەم پارانە بۆ حکومەتی نوێ لەپاش دادگاییکردنیان.

ئەمەریکا داوای قەرەبووکردنەوەی تێچوی هەموو بنکە و دامەزراوە سەربازیەکانی خۆی دەکات کە لە عێراق بینایکردون، هەرچەندە لە ڕێکەوتنامەکەیدا هاتوە ئەمانە بۆ عێراق جێدەهێڵدرێت لە پاش ڕۆشتنیان بەڵام ئەمان خۆیان نەڕۆشتون بەلکو دەرکراون و ئەمەش پێچەوانەی ڕێکەوتنەکەیە.

بژاردەیەکی تری ئەمەریکا ئەوەیە کە دەتوانێت سێ حکومەتی کۆفیدراڵی شیعە و سوننە و کوردی لە عێراقدا دروستبکات و بەغدا بکاتە پایتەخت بۆیان، بە یەکسانی حکومڕانی بکەن و سەرۆکایەتیەکەشی بە تەداول بێت.

ئەگەر بژاردەکانی پێشوو سەرنەکەوت و ئەمەریکا بیەوێت لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە بۆ پارێزگاری بەرژەوەدندیەکانی خۆی، دەبێت ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی کوردستان تەفعیل بکات لە ووڵاتە یەکگرتوەکان، وە هەروەها دانبنێ بە دەوڵەتی کوردستان و پاڵپشتی جیهانیش بۆ ئەم دانپێدانانە کۆبکاتەوە. بەمەش دەتوانێت لە کوردستاندا بمێنێتەوە بە ڕەزامەندی دەوڵەتی کوردستان و ڕێکەوتنامەیەکی ئاسایشی دوورمەودا واژۆ بکات.

بێگومان هەموو لایەنەکان لە مەرجەعیەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتانی جیهان داواکارن لە ئەمەریکا و ئێران دانبەخۆیاندا بگرن و ڕێگا دیبلۆماسیەکان بگرنە بەر لە پێناو دوورخستنەوەی ناوچەکە لە جەنگێکی تێکدەری تر. کەنداو ناتوانێت جەنگێکی تر بەخۆیەوە ببینێت وهەروەها عێراقیش لە شەستەکانەوە ئاشتیەکی تەواوی بە خۆیەوە نەبینیوە!

ئەمڕۆ عێراق دوو بژاردەی لە پێشدایە. یان لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی میللەتە خۆپیشاندەرەکەی خۆیدا دەوەستێ بە دانانی سەرۆک حکومەتێکی ئینتیقالی بە سەرۆکایەتی سەربازێکی بێلایەن کە بەرژەوەندی عێراق و عێراقیەکان لەبان هەموو بەرژەوەندیە سیاسی و حیزبی و نەتەوەیی ئایینی و تائیفیەکانەوە دابنێ. وە ئەرکە سەرەکیەکەی کۆکردنەوەی چەک بێت بەدەستی سوپای فەرمی بەتەنها لەگەڵ ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی شەفاف کە لەژێر چاودێری تەواوی ووڵاتە یەکگرتوەکاندا بۆ دەستەبەرکردنی شەرعیەت. وە یاخود، بەردەوامبوون لەسەر ئەو سیاسەتە هەڵەیەی کە تا ئێستا پەیڕەوی کردوە و ئەمەش دەبێتە هۆی ڕوخاندنی ووڵات و بەرژەوەندیەکانی میللەت.

چارەسەری ئاشتیخوازانە و دیموکراسیانە چاکترینە بۆ ئەم ناوچەیە و بەتایبەتیش بۆ عێراق کە ماوەیەکی زۆرە شەڕ و پێکدادانەکان ماندوی کردوە،  دەبێت زۆر هەوڵبدرێت بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان ڕۆڵەکانی ئەم میللەتە لە لایەکەوە و لەگەڵ حکومەتیش لەلایەکی تر، ئەمەش بە پابەندبوونی تەواو بە دەستوور، ئەگینا عێراق دابەشدەبێت بۆ سێ دەوڵەتی بچوک.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×