له‌ سویسرا پێش سەردانەکەی سکاڵا دژ به‌ سه‌رۆکی ئێران تۆمار کرا
  2023-12-12       351       

بڕیاره‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا و رۆژی چوارشه‌ممه‌ ١٣ی دیسه‌مبه‌ر ئیبراهیم ڕه‌ئیسی سه‌رۆک کۆماری ئێران به‌شداریی له‌ کۆڕبه‌ندی جیهانی بۆ په‌نابه‌ران له‌ بار‌ه‌گای نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کاندا بکات، که‌ هه‌مان ڕۆژ له‌ شاری ژنێڤ له‌ سویسرا ده‌ستپێده‌کات.

ئاوێنە: ئاژانسه‌کانی هه‌واڵ له سویسرا ئاشکرایان کرد، که‌ سێ قوربانیی سەرکوتکردنی دڕندانەی حکومەتی ئێران بۆ سەر چالاکوانانی ئۆپۆزسیۆن لە ساڵانی هەشتاکاندا سکاڵایەکی یاساییان دژی سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی لە سویسرا تۆمارکردوه‌.

لە سکاڵاکەی ڕۆژی دووشەممەدا کە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بینیویەتی، ڕەئیسی تۆمەتبارکراوە بە "کۆمەڵکوژی، ئەشکەنجە، لە سێدارەدان لە دەرەوەی دادگا و تاوانی دیکەی دژی مرۆڤایەتی."

لە نامەکەدا داوا لە دادگای فیدراڵی سویسرا کراوه‌، که‌ ڕەئیسی دەستگیر بکه‌ن و دادگایی بکرێت. گروپەکانی مافی مرۆڤ ماوەیەکی زۆرە داوای دووبارە هەڵسەنگاندنەوەیەکی یاسایی دەکەن بۆ کوشتنی هەزاران گەنجی زیندانیی لە زیندانەکانی ئێران لە ساڵی 1988 دا، که‌ به‌پێی هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ زیاتر له‌ پێنج هه‌زار زیندانی سیاسیی، له‌ ئه‌ندامانی پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانی ئێران و زۆربە‌شیان لایەنگرانی موجاهیدینی خه‌لق بوون، بێ هیچ دادگاییه‌ک و ته‌نها به‌ فه‌رمانی خومه‌ینی کۆمه‌ڵکوژکراون. وه‌ک ده‌گوترێت ڕه‌ئیسیش یه‌کێکه ئه‌نجامده‌رانی کۆمه‌ڵکوژییه‌کان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×