ئەمریكا: ڕێککەوتنی ئەتۆمی خراپ لەگەڵ ئێران قبوڵ ناکەین
  2025-05-09       139       

ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمریکا ڕایگەیاند، کە ئەمریکا ڕێککەوتنی ئەتۆمی خراپ لەگەڵ ئێران قبوڵ ناکات و هەر ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی کۆتایی لەگەڵ تاران زۆر بەهێزتر دەبێت. دەشڵێت، "ئەگەر خولی چوارەمی دانوستانەکان كە ڕۆژی یەکشەممە لە عەممان بەڕێوەدەچێت، بەرهەمی نەبێت ئەوا بەردەوام نابن و دەبێت ڕێگایەکی دیکە بگرینەبەر".

ئاوێنە: ستیڤ ویتکۆف، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، ئێران هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە قبوڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی كە وڵاتەكەی ڕێککەوتنی خراپ قبوڵ ناکات و هەر ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی کۆتایی لەگەڵ تاران زۆر بەهێزتر دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر خولی چوارەمی دانوستانەکان كە ڕۆژی یەکشەممە لە عەممان بەڕێوەدەچێت، بەرهەمی نەبێت ئەوا بەردەوام نابن و دەبێت ڕێگایەکی دیکە بگرینەبەر. هەروەها ئێران لە دۆخێکی لاوازتردایە لە چاو دە ساڵ لەمەوبەر و ناژیرانە دەبێت بۆ ئێرانییەکان کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاقی بکەنەوە.


ستیڤ ویتکۆف باسی لەوەشكرد، لە قۆناغەکانی داهاتودا بە نیازین فشار بخەینە سەر ئێرانییەکان بۆ ئەوەی واز لە پارەدان و دابینکردنی چەک بۆ گروپەکانی وەک حەماس، حزبوڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن بهێنێت.

لایخۆیەوە ئاژانسی تەسنیم-ی ئێران، ئەمڕۆ هەینی لە زاری ئەندامێكی شاندی دانوستاندنكاری وڵاتەكەیەوە بڵاویكردەوە، دوابەدوای پێشنیاری وەزیری دەرەوەی عومان بۆ بەڕێوەچونی خولی چوارەمی دانوستانەکان. تاران ڕەزامەندی لەسەر ڕۆژی یەکشەممە داوە.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوە ئێرانیە ئاگادارە، دانوستانەكان تەنها پەیوەندیان بە بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران و هەڵگرتنی سزاكانی سەر تاران دەبێت.

بەگوێرەی میدیا ئێرانیەكە، خولی چوارەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆكانی نێوان ئێران و ئەمریکا کە لە سەرەتادا بڕیار بو ڕۆژی شەممە 3ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەگوێرەی ڕاگەیاندنی لایەنەکان "بە هۆکاری لۆجستی و تەکنیکی" دواخرا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×