وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: سبەینێ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەمان سەردانی سعودیە و قەتەر دەكات، دەشڵێت، سەرەتا عێراقچی دەچێتە ڕیاز و دواتر بۆ بەشداری لە كۆنفرانسی دیالۆگی عەرەبی و ئێران دەچێتە دەوحە، ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە وادەی سەردانی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی بۆ سعودیە و قەتەر ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
ئاوێنە: لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، سبەینێ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی ڕیاز دەكات، هەروەها دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سعودیە ئەنجام دەدات.
ئاماژەی بەوەشكرد، دواتر عێراقچی دەچێتە دەوحە و بەشداری لە كۆنفرانسی وتووێژی جیهانی ئێران و عەرەب دەكات، ئەمەش پێش دانووستانەكانی داهاتووی ئەمریكا و ئێرانە، كە بڕیارە ڕۆژی یەكشەممە بەڕێوەبچێت.
سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران، پێش سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا دێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەفتەی داهاتوودا.