فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریكا (سێنتكۆم) ڕایگەیاند، حووسییەكانی یەمەن بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان لە كەنداوی عەدەن هێرشیان كردووەتە سەر كەشتییەكی ئەمریكا، هێرشەكە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، تەنها زیان بەر كەشتییەكە كەوتووە.
ئاوێنه: فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا (سێنتكۆم) لە بارەی هێرشێكی نوێی حووسییەكانی یەمەن بۆ سەر كەشتییەكی وڵاتەكەیان ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، حووسییەكان لە كەنداوی عەدەن هێرشیان كردووەتە سەر كەشتی M/V Genco Picardy ، بەڵام هیچ یەكێك لە تیمەكانی سەر كەشتییەكە بریندار نەبوون، تەنها زیان بەر بەشێكی كەشتییەكە كەوتووە.
ئاماژە بەوەش كراوە، ئەمە دووەم جارە لەم هەفتەیەدا ئەو گرووپانەی سەر بە ئێران كەشتی ئەمەریكا دەكەنە ئامانج و دەیپێكن.
حووسییەكانی یەمەن بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەكە ڕایگەیاند، كە زنجیرەیەك مووشەكیان ئاڕاستەی كەشتییەكی ئەمەریكی كردووە.
جێگەی ئاماژەیە، لە دوای ٧ی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووە و لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، حووسییەكانی یەمەن پشتیوانی خۆیان بۆ حەماس دووپات كردەوە و ڕایانگەیاند، لە دەریای سوور هەر كەشتییەكی ئیسرائیل یان وڵاتانی دیكە بەرەو ئیسرائیل بچێت دەیكەنە ئامانج، ئەمەش وایكرد چەند وڵاتێك بە سەرۆكاییەتی ئەمریكا هاوپەیمانییەك دژی حووسییەكان لە دەریای سوور درووست بكەن، تا ئێستاش ئەو دوو لایەنە هێرش دەكەنە سەر یەكتر و مەترسی لە سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دیكەش درووست بووە.