له‌باره‌ی‌ دابه‌شنه‌كردنی‌ دەرزی گەشەی منداڵانه‌وه‌ په‌رله‌مانتارێك وه‌ڵامی‌ تەندروستی هەولێر ده‌داته‌وه‌
  2024-01-21       2042       

محه‌مه‌د ئیسماعیل، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق وه‌ڵامی‌ بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ده‌داته‌وه‌و له‌باره‌ی‌ دەرزی گەشەی منداڵانه‌وه‌. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێت، حكومه‌تی‌ عێراق چوار کاروانی‌ ده‌رزییه‌كه‌ی‌ بۆ هه‌ولێر ناردوو، به‌ڵام سێ كاروانی‌ دابه‌شكراوه‌، له‌به‌رامبه‌ردا تەندروستی هەولێر جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ر چوار کاروانه‌كه‌یان دابەشکردووە.

ئاوێنه‌: محه‌مه‌د ئیسماعیل ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ بڵاوكردۆته‌وه‌و تێیدا هاتووه‌، "ئێوە کە ئەمڕۆ ڕونکردنەوەیەکتان بڵاوکردۆتەوەو وڵامی منتان داوەتەوە گوایە، لەساڵی 2023دا لەو چوار وەجبەیەی لەبەغداوە هاتووە، چوار وەجبە دەرزی گەشەی منداڵتان دابەشکردووە، لەو چوار وەجبەیەی هاتووە تەنیا سێ وەجبەتان دابەشکردووە".

ناوبراو ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، وەجبەی یەکەمی‌ ده‌رزییه‌كه‌ لەمانگی 3 و  وەجبەی دووەم لەمانگی 5 و وەجبەی سێیەم لەمانگی 10ی‌ 2023دا دابەشتانکردووە، "تەحەداتان دەکەم جگە لەم سێ وەجبەیە هیچ وەجبەیەکی ترتان دابەشنەکردووە."

هه‌ر ئه‌مڕۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ بڵاوكرده‌وه‌و له‌به‌شێكیدا هاتووه‌، "سەبارەت بەبابەتێک كه‌ لەکەناڵێکی تەلەفزیونیەوە بڵاوکرایه‌وە لەلایەن پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ دەربارەی دەرزی گەشەی منداڵان، گوایە چوار کاروان لەبغداوە نێردراوە بۆ بۆبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێرو سێ کاروان دابەشکراوە ئەوەش یەکێکە لەکارە چەواشەکاریەکانیان کە بەردەوام ڕۆڵی چەواشەکاریان بینیوە."

تەندروستی هەولێر رونیكردۆته‌وه‌، "چوار کاروان دەرزی گەشەی منداڵ هاتوەو هەر چوار کاروانه‌كه‌ بۆ نەخۆش دابەشکراوە بەپێی فایلی نەخۆش‌و لەرێگای لیژنەی پسپۆڕی منداڵانەوە ئەنجامدراوە."

بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر له‌كۆتایی ڕونكردنه‌وه‌كه‌دا ده‌ڵێت، "سێ کاروان بەبڕی (2812) دەرزی لەسەنتەری هێلینا بۆ ڕاهێنان و خاوەن پێداویستی تایبەت دابەشکراوەو کاروانی چوارەم بەبڕی ( 1817)  دەرزی لەنەخۆشخانەی ڕاپەرینی فیرکاری بۆ منداڵان سەرفکراوە. لەبەرامبەر ئەو چەواشەکاری‌و تەشهیرکردنە ئێمە بێدەنگ نابین و داوای یاسایی لەسەر ئەو کەسانە تۆماردەکەین".

محه‌مه‌د ئیسماعیل، ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق ئه‌وه‌شی‌ نوسیوه‌، "وەرە چاو ببڕیتە دەرزی منداڵان‌و بەنەوت‌و داهاتی ناوخۆ تێرنەخۆیت!"

دەرزیی هۆرمۆنی گەشە بۆ ئەو منداڵانە بەکاردێت کە بەیەکێک لەهۆکارەکان گەشەیان دواکەوتووە کە پێویستە لەژێر راوێژی پزیشکدا لەتەمەنی پێنج بۆ 15 ساڵیدا بدرێت بەمنداڵ، نرخەکەشی سەرو 150 دۆلارەو پسپۆڕان هۆشداریدەدەن، ''بەبێ راوێژی پزیشک بەکارنەیەت، چونکە لێکەوتی مەترسیدار دروستدەکات''.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×