ئا: مەزهەر كەریم
دكتۆر بەختیار ئەمین بارام، ئاماژە بەوە دەكات لەسەر خراپی دەرمانی جومگە دو مانگ دەبێت لەوەزراتی تەندروستی سكاڵای تۆماركردوە، ئەو دەڵێت "ئەو بەرپرسەی یەكیەتی لەپشت لێدانی منەوەیە دەیەوێ بەپارە سوڵح بكەم، بەڵام من رەتم كردوەتەوە".
د. بەختیار ئەمین بارام پزیشكی ئیسكو شكاوی لەشاری سلێمانی كە كاتژمێر 8:15 خولەكی شەوی شەممەی رابردو 20/1/2018 لەكاتی ڕۆشتنەوەی بۆ ماڵەوە، وەك خۆی ئاماژەی پێدەكات "ئۆتۆمبیلێكی جۆری نیشان دەستی شكاندوەتە سەریو سێ چەكدار كە یەكێكیان قاتی كەتافی لەبەردابوەو دوانەكەی دیكەش جلی سەربازیی، پێیان وتوە لای كۆسرەت ڕەسوڵەوە هاتوینو ئێستا دەتكوژین".
د. بەختیار بەئاوێنەی راگەیاند "منیش وامزانی نامناسن، وتم من دكتۆر بەختیارم، لەگەڵ قسەكەم كرد یەكێكیان بەهەرچی هێزی بو كەلەیەكی لێدامو لوتم شكاو خوێن بەڕوخسارما هاتەخوارەوە".
وتیشی "ئەوەندەم زانی میلی چەكەكانیان هێنایەوەو وتیان دابەزە لەئۆتۆمبیلەكەت كە دەمانچەو كڵاشینكۆفیان پێبو، یەكێكیان بەرەو ڕوی دەموچاوو سەرم لولەی تفەنگەكەی گرتو منیش لەتاو ڕۆحی خۆم چەكەكەیم بەدەستم لابرد لەسەر سەرم فیشكەكان بەرەو ئاسمان ڕۆشتن، ئەوی دیكەشیان فیشەكی دەتەقان، ئەوەندە دەزانم كە قاچی چەپم لەئەژنۆم بەرەو خوار فیشەكێكی بەركەوتو بریندار بو، هەر لەوكاتەدا هێزەكانی فریاكەوتنو ئاسایش هاتن، بەڵام ئەو سێ كەسە تەقەشیان لەئاسایشو هێزەكانی فریاكەوتنیش كردو دواتر ڕۆشتنەوە بۆ ئەو جێگەیەی لێیهاتبون، پاشان من بەبرینداری ڕەوانەی نەخۆشخانە كرام بۆ چارەسەر، ئێستا لەتاو گیانم لەماڵەوە چارەسەری پزیشكی وەردەگرم، كە بریندارم".
ئەو پزیشكە ئاماژە بەوە دەكات چەند جارێك ئەو نەخۆشانەی سەردانیان كردوە هاتونەتەوە نۆڕینگەكەی گلەیان لەخراپی ئەو دەرمانانە هەبوە، كە بەكاریانهێناوە، ئەو دەڵێت "دو مانگ پێش ئێستا چومە وەزارەتی تەندروستی سكاڵام لەسەر ئەو كۆمپانیایە تۆماركرد ئەو دەرمانە خراپانە دەهێنێت لەدەرەوەی وڵات، خەبەرم هەیە نرخەكەی لەدەرەوە زۆر كەمەو ئەوان لەكوردستان بەسێ قات دەیفرۆشنەوە بەنەخۆش".
وتیشی "ئاگادار نەبومو نازانم ئەو كۆمپانیایە هی كێیە؟ من ئەوەی باوەڕم پێبوەوە ئەوەم كردوە".
ئەو پزیشكە ئاماژە دەكات سكاڵای لەسەر تەقەكەرەكان تۆماكردوە، ئەو وتی "بەڵام بەهۆی ئەوەی لەم وڵاتەدا یاسا سەروەر نیە تا ئێستا دەستگیر نەكراون، چونكە ئەو كەسانە وەك خۆیان وتویانە لەكۆسرەت رەسوڵەوە نزیكنو بەناوی ئەو بەرپرسەی یەكیەتییەوە هاتون تەقەیان لێكردوم".
وتیشی "پێمڕاگەیەنراوە بەپارە رێكبكەومو سوڵح بكەم لەگەلًیان، بەڵام من ئەوەم رەتكردۆتەوەو پێموتون با یاسا بەكاری خۆی هەستێت".
د. بەختیار ئەمین بارام، ئاماژە بەوە دەكات لەساڵی 1984دا بڕوانامەی پزیشكی بەدەستهێناوە لەدەرەوەی وڵات، رەگەزنامەی وڵاتێكی ئەوروپی هەیە، ئەو وتی "ئەگەر هەست بەبونی مەترسی بكەم لەسەر ژیانم كوردستان بەجێدەهێڵم، هەرچەندە لەساڵی 2011وە لەسەروەختی خۆپیشاندانەكاندا بۆ خزمەتی وڵاتەكەم گەڕاومەتەوەو لەكوردستان دەژیم".
هەر لەمبارەیەوە نەقیب سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەئاوێنەی ڕاگەیاند "لەئێستادا هیچكام لەو كەسانەی تەقەیان لەدكتۆر بەختیار ئەمین كردوە دەستگیر نەكراون، بەڵام هەر دەبێت دەستگیر بكرێن، دۆسیەكە وەك خۆی ماوەتەوە لەهەوڵی دەستگیر كردنی ئەو كەسانەداین".
هاوكات نوسینگەی ڕۆژنامەوانی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكیەتی ڕاگەیاندنێكی بڵاوكردەوە، كە تیدا هاتوە چەند ڕۆژێكە دەمەقاڵی دكتۆر بەختیار ئەمینو چەند هەڤاڵێكی پێشمەرگەی یەكیەتی بۆ تە قسەوباسی گەرمی چەند كەناڵێكی ڕاگەیاندنی سیاسی، ئەو هێرشانە لەكاتێكدایە كە كۆسرەت ڕەسوڵو كورەكانی دورو نزیك هیچ پەیوەندیەكیان بەو بابەتەو بەلایەنی شەڕەكەوە نیە بۆیە نوسینگەی كۆسرەت ڕەسوڵ هەموكارێكی ئاسایی دەگرێتە بەر بۆ خستنەڕوی ڕاستیەكان بۆ ڕایگشتیو كۆتایی هێنان بەو هەڵمەتە چەواشەكارانەیە".