ئا: ئەیاد محەمەد
حاجی ئاسکە ژنێکی بەتەمەنی گەرمیانەو بەتەنیا کاری کشتوکاڵ‌و ئاژەڵداری دەکات، ئه‌و کە لەبەرەبەیانەوە تا ئێوارەیەکی درەنگوەخت هەڵدەسوڕێ، ده‌ڵێت ''باوکم کوڕی نه‌بوو، له‌هه‌شت منداڵ به‌س من مامە‌وه، بەتەنها خۆم کاری جوتیاری‌و ئاژه‌ڵداریی دەکه‌م".
حاجی ئاسکه، ژنه جوتیارێكی نمونه‌یی تەمەن ٦٨ ساڵە لەگه‌رمیان، لەگوندی جەوەل بەرامبەر تازەدێی ناحیەی قۆرەتوو کە سەر بەقەزای خانەقینە، ئەو بە"ئاوێنە"ی راگه‌یاند "من لەمنداڵییه‌وه خه‌ریکی کاری کشتوکاڵی‌و ئاژه‌ڵداریم‌و ئه‌م کاره‌م له‌باوکمه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه، وا ٢٥ ساڵە باوک‌و دایکم کۆچی دواییان کردوه‌و من به‌ته‌نها سه‌رقاڵی ئه‌م کاره‌م، کرێکار ده‌گرم کاره‌کانم بۆ بکه‌ن خۆم توانام نه‌ماوه، به‌ڵام غیره‌تم ڕێگه‌م نادات وازبهێنم‌و ٢٥ ساڵە لەسەر پێی خۆم وەستاوم".
وتیشی "ئەو رۆژانەی بچمە سەر کار بەتەلەفون هەرچی شۆفێر‌و کرێکارە بەدەستمەوە بەدبەخت ئەبن لەتاریک‌و ڕوونی بەیانییەوە بەتەلەفون دایانئەگرمەوەو لەکاتژمێر ٤ی بەیانییەوە هەموویان کۆدەکەمەوە".
حاجی ئاسکە ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵانه زیاتر لە ٢٠٠ دۆنم زه‌وی بەگەنم ده‌چێنێت کە لەباوکییەوە بەمیرات بۆی بەجێماوەو بەکەسی نەداوەو خۆی کاری کشتوکاڵ‌و ئاژەڵداریی تیا دەکات، ئەو وتی "له‌ئێستادا 9 تۆن گه‌نم داناوه بیوه‌شێنم، 5 تۆنیشم ماوه‌ته‌وه بۆ وه‌رد، ساڵی پار 9 تۆن‌و نیوم چاند، پێرار ٨ تۆن‌و نیوم چاندوە، 3 ملیۆن دینارم دا به‌سه‌ماد، بەداخەوە له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردودا ٦٠ ملیۆن دینار زیانم کردوه له‌کاری جوتیاریی‌و ئاژەڵداریی، بەڵام کۆڵنادەم".
وتیشی "خاوه‌نی 250 سه‌ر ئاژه‌ڵ بووم، به‌ڵام به‌هۆی وشکه‌ساڵیه‌وه ناچارم ته‌نها 100 سه‌ر ئاژه‌ڵ بهێڵمه‌وه، ره‌وشی گه‌رمیان زۆر خراپه، به‌هۆی وشکه‌ساڵییه‌وه ئاژه‌ڵه‌کان هیچ نیه بیخۆن، من گریانم دێت بۆیان، حکومەت هیچ هاوکاریی کاری ئاژەڵداریی ناکات‌و ئەرك‌و خەرجی گرانە".
حاجی ئاسکە سکاڵای ئەوە دەکات کە له‌ئێستادا حکومه‌تی هه‌رێم هیچ جۆره هاوکارییه‌کی جوتیاران ناکات، نه‌سه‌مادو قڕکه‌ر، نەئالیکی ئاژه‌ڵ نادات بەجوتیاران‌و هەموو ئەرکەکە لەسەر شانی خۆیانە، ئەو وتی "ئێمه ئاومان زۆره، پێویستیمان به‌بیر نیه، خۆم 5 دۆنم زه‌ویم له‌سه‌ر روباری سیروان هه‌یه، به‌ڵام دوو ساڵه یه‌ک مشت گه‌نمان نه‌بووه بیده‌ین به‌حکومه‌ت، زۆر بەداخەوە حکومەتێکمان نییە بەهیچ شێوەیەک پشتگیریمان بکات، تەنانەت خۆمان بنەتۆو ده‌کڕین".
وتیشی "باران ببارێت تەواو دڵخۆش دەبین، چونکه وشکه‌ساڵی ڕێگری کاره‌کانمانه، هەرچەندە حکومه‌تیش هاوکاریمان ناکات‌و قه‌رزی کشتوکاڵیمان ناداتێ، گاز زۆر گرانه لیتری به‌هه‌زار دیناره، کرێکاریش 40 هه‌زار وه‌رده‌گرێت بۆ ئاودانی زه‌ویه‌کان، من زیاتر گه‌نم ده‌که‌م ساڵی 2019، چونکه باران باش بوو 82 تۆن گه‌نمم دا به‌حکومه‌ت، 15 تۆنیشم لێره فرۆشت، 10 تۆنیشم هه‌ڵگرت بۆ تۆ‌و".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.