وەزیری بازرگانی: دابەشکردنی پارەی به‌شه‌خۆراك به‌سه‌ر بەرپرسانی وەزارەتەکەمان ڕاستە، بەڵام لێکدانەوەی هەڵەی‌ بۆ کراوە
  2024-02-11     
كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی‌و پیشەسازی هەرێم

كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی‌و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ده‌ڵێت، "دابەشکردنی پارەی به‌شه‌خۆراك به‌سه‌ر بەرپرسانی وەزارەتەکەمان ڕاستە، بەڵام لێکدانەوەی هەڵەی‌ بۆ کراوە."

ئاوێنه‌: كەمال موسلیم به‌مدیای‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی‌ ڕاگەیاندووه‌، “ئەو نوسراوەی بڵاوکراوەتەوەو باس لەدابەشکردنی پارەی سەبەتەی خۆراک دەکات لەنێوان بەرپرسانی وەزارەتەکەمان ڕاستە بەڵام هەڵە لێکدانەوەی بۆ کراوە”. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەپێی ئەو ڕێنمایانەی لەحکومەتی عێراقیەوە دەرچون، ئەو بەرپرس و کارمەندانەی بەشداردەبن لەپرۆسەی دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک هاوکاری دارایی دەکرێن و موکافەئە دەکرێن.

بەوتەی وەزیری بازرگانی، ئەو بڕە پارەیەی لەو پرۆسەیەدا دابەشدەکرێت لای حکومەتی عێراقی زیاترە، بەڵام حکومەتی عێراق بڕێکی کەمتر بۆ هەرێمی کوردستان خەرج دەکات. 

کەمال موسلیم دوپاتیکردەوە، ئەو بڕەپارەی خەرج  کراوە بۆ کەسی خۆی نییە، بەڵکو بۆ نوسینەگەکەیەتی و ناچێتە گیرفانی خۆیەوە، نوسینگەکەشی زۆر کات ئەو پارانە بەمەبەستی خەرجی و هاوکاریکردن بەکاردەهێنرێت.

دو رۆژی ڕابردو نوسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە کە بۆ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ناردووە، وەک لەنوسراوکەدا هاتووە، ”ئەو بڕە پارەیەی كە كۆمپانیای گشتی بازرگانی كەلوپەلی خۆراك بۆمان رەوانە دەكەن دابەشی دەكەین بەسەر نوسینگەی وەزیر و بریكارانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی دیوان و بەرپرسانی دیکەی وەزارەت."

هەر لە نوسراوەکدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، “بڕیاری یەک ملیۆن دینار بۆ وەزیری بازرگانی، 900 هەزار بۆ بریکارانی وەزارەت و بڕی 800 هەزار بۆ بەڕێوەبەرانی گشتی(دیوان،بازرگانی، پلاندانان و بەدوداچون)، هەروەها بڕی 600 هەزار بۆ ڕاوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتی(کۆمپانیاکان،گەشەپێدانی پیشەسازی) و بڕی 650 هەزار بۆ یاردەدەری بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەری نوسینەگەی وەزیری بارزگانی".

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، وەزارەتی‌ بازرگانیی‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان، روونکردنەوەیەک سەبارەت بەپارەی‌ سەبەتەی‌ خۆراک بڵاوكردەوەو وتی‌، "پارەکە بەگوێرەی رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی‌ فیدڕاڵ دووبارە بەسەر فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتەکەیاندا دابەشدەکرێتەوە".

وەزارەتی‌ بازرگانی‌، ئاماژەی‌ بەوەکردووە، بەگوێرەی‌ رێککەوتنێک کە لە رۆژی‌ 22ی‌ تشرینی‌ یەکەمی‌ 2022  لەنێوان هەردوو وەزارەتی‌ بازرگانیی‌ هەرێمی‌ کوردستان و حکومەتی‌ فیدراڵ کراوە، داهاتی سەبەتەی خۆراك دەدرێتەوە بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لە بەرامبەردا وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵ تەواوی خەرجیی گواستنەوە و باركردن و داگرتنی خۆراك و ئارد تاوەکو دەگاتە بریكارەكان لە تەواوی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ خەرجیی نۆژەنكردنەوە و پاداشتی فەرمانبەران و دابینكردنی پێداویستی فەرمانگەكانیان بگرێتە ئەستۆ.

راشیگەیاندووە، مانگانە سێ ملیار و سێ ملیۆن و چل و هەشت هەزار دینار وەك داهاتی سەبەتەی خۆراك دەچێتەوە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدراڵ، وەزارەتی ناوبراویش بەگوێرەی رێنماییەكانیان خەرجیدەکاتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی‌ و فەرمانگەکانی‌ سەر بە وەزارەتەکەیان، لەنێویاندا، نوسینگەی وەزیر و بریكارەكان و راوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتییەكان.

وەزارەتی‌ بازرگانیی‌ حکومەتی‌ هەرێمی کوردستان رونیشیکردووەتەوە، تەواوی خەرجكردنی پاداشتەكان لەگەڵ دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكدایە لە تەواوی عێراقدا، كە تاوەکو ئێستا 10 سەبەتە دابەشكراوە و لە هەرێمی كوردستان تەنها هەشت بەش دابەشكراوە.

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×