کۆتای ژنان، تەنها بۆ رازاندنەوەی پرۆسەی سیاسییە یان بەشداری ژنان؟
  2024-02-26       973       
یەکێک لەھۆکارەکانی دەرنەکەوتنی توانای ژنانی حزبە سیاسییەکانە، کە لەکاتی کاندیدکردنیان زیاتر لەتواناو پسپۆڕی، بیر لەکۆکردنەوەی دەنگ دەکەنەوە

ئا: تەرزە عەبدوڵا

 

ژمارەی پەرلەمانتارانی ژن لەپەرلەمانی کوردستان‌و عێراق بەهۆی یاسای کۆتاوە لەزیادبووندایە، بەڵام سەرباری ئەوەش هێشتا لەپەرلەمانی عێراق نەتوانراوە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی‌و ژنان دەربچوێنرێت، د.یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان‌و پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "هەندێک لەژنانی پەرلەمانتار تەنھا کۆتای ژنانیان پێپڕدەکرێتەوە".

 

"ژنان وەک پیاوان پۆپۆلیستی نین"

بەپێی خاڵی چوارەمی ماددەی ٤٩ دەستووری عێراقی، دەبێت ڕێژەی ژنان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەچارەکی ئەندامانی ئەنجومەن کەمتر نەبێت، لەھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ساڵی ٢٠٢١ ژنان توانیان لەکۆی ٣٢٩ کورسی ٩٧ کورسی کە دەکاتە ٪٢٩ی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەستبھێنن. هەرچەندە رێژەیەکی بەرچاو لەو ژنانەی دەچنە پەرلەمانی کوردستان‌و عێراقەوە، ئەگەر یاسای کۆتا نەبێت ناتوانن کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن‌‌و بەرێژەی دەنگی خۆیان بچنە پەرلەمانەوە، ئەمە جگە لەوەی بەشێکیان لەماوەی ٤ ساڵی پەرلەمانتارییاندا نەیانتوانیوە رۆڵێکی کاریگەرو ئەوتۆ ببینن لەدەرکردنی یاساکانی پەرلەماندا، وەک یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان‌و خێزان.

یادگار مەحمود، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، جەغت لەیەکسانی ئەداو بەدواداچوونەکانی پەرلەمانتارانی ژنان دەکاتەوە، یاسای کۆتاش زیاتر دەرگای بەڕووی ژناندا کردوەتەوە بۆ ئەوەی بەشداری پرۆسەی سیاسی بن، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەگەر ژنە پەرلەمانتاران لەپیاوان زیاتر نەبن کەمتر نین، بەڵام بەدوو ھۆکار ژنان کەمتر کارەکانیان دەبینرێت، یەکەمیان گرنگینەدانی ژنانە بەخۆدەرخستنی سەر شاشەکان‌و لێدوانی پۆپۆلیستی، دووەمیشیان پەیوەستە بەکۆمەڵگاوە، کە زیاتر چاویان لەسەر پیاوانەو چاوەڕوانی ئیشی باشتریان لێدەکەن بەراورد بەژنان".

وتیشی "کاتێک ڕۆڵی ژنانی پەرلەمانتار دەردەکەوێت، کە کۆمەڵگا بەچاوی یەکسان لەگەڵ پیاوان سەیریان بکات".

ھاوکات پێیوایە دەبێت پەرلەمانتار لەھەموو بابەتەکان شارەزایی ھەبێت، پسپۆڕیی لەبابەتێکدا بەس نییە، ئەو وتی "ئەوەتا بۆ یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژنان زۆرینەی پیاوەکانی لایەنە عەرەبییەکان دژایەتی یاساکە دەکەن، بەهەڕەشەو گۆڕینی کەلتوورو نەریتی باوی کۆمەڵگای عێراقی لێکیدەدەنەوە"!

"ژنان لەپەرلەمانی عێراقدا دەترسن!"

یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان‌و خێزان ماوەی ١٤ ساڵە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت‌و یەکێکە لەو یاسایانەی رێکخراوەکانی ژنان‌و کۆمەڵگەی مەدەنی بەپێویستی دەزانن بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان، بەڵام تا ئێستا نەک هەر دەرنەچوێبدراوە، بەڵکو تەنانەت نەخراوەتە کارنامەی پەرلەمانیشەوە تا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.

سرووە محەمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی ژنان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوە بۆ ئاوێنە ڕوندەکاتەوە کە بەھۆی زۆری کوتلە سیاسیەکان‌و ناھۆشیاری بەشێکی بەرچاو لەکۆمەڵگای عێراقی، ناتوانرێت دەست بۆ پڕۆژە یاساکانی مافی ژنان ببردرێت، ئەو وتی "ئێستا لیژنەی ژنان لەپەرلەمانی عێراق سەرقاڵی دوو پڕۆژە یاسان، پاڵپشتیکردنی ژنان‌و مافەکانی منداڵ، بەڵام لەم کاتەدا ناتوانن دەست بۆ پڕۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێرانی ببەن، چونکە ترسی ئەوەیان هەیە ئەو یاسایە دەربکرێت کێشە بنێتەوە! چونکە کۆمەڵگای عێراق ئامادە نییە بۆ دەستەبەرکردنی ئەو مافانە بۆ ژنان‌و پەرلەمانتارانی ژن دەترسن تۆمەتی ئەوەیان بخرێتە پاڵ کە بەدەرکردنی ئەم یاسایە دەبنە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی خێزان".

وتیشی "ژنانی ناو پەرلەمان تەنانەت سەبارەت بەبابەتی ژنانیش بۆچوونی جیاوازیان ھەیە، ھەندێکیان ھەڵگری بۆچوونی حزبەکانیانن، ھەندێکیان بۆ ژنان تێدەکۆشن، ھەندێکیان پێیانوایە دەبێت لەھەموو یاسایەکدا مافی ژنان دەستەبەر بکرێت".

 

"ژنانی پەرلەمانتار بەئەقڵیەتی پیاو ئیش دەکەن"

ڕێزان شێخ دلێر، ھەشت ساڵ پەرلەمانتاری عێراق بووەو چالاکوانێکی بواری ژنانیشە، لەدیدی ئەوەوە پەرلەمانتارانی ژن لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا ڕۆڵێکی کاراو کاریگەرو باشیان نەبووە، ئەو بەئاوێنەی وت "راستە ژمارەی ژنانی پەرلەمانتار  گرنگە، بەڵام کوالێتی‌و چۆنیەتی گرنگترە، لەماوەی سێ ساڵدا ھیچ یاسایەک بۆ ژنان دەرنەچووە یان ھەموار نەکراوەتەوە، دەتوانم بڵێم ژنان لەم خولەدا خراپترین ڕۆڵیان ھەیە، زۆرینەیان ئیشکردنیان بەئەقڵیەتێکی پیاوانەیە، زۆر پەیوەستن بەکوتلە سیاسییەکانیان، ھیچ کوتلەییەکیش ئێستا گرنگی بەژنان نادات".

وتیشی "١٤ ساڵە ھەموو چوار ساڵ جارێک پڕۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژنان لەحکومەتەوە دەنێردرێتە پەرلەمان، ئەمەش واتە پێویستییەکی کۆمەڵگاکەیە، بەڵام تا ئێستا خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ نەکراوە، دەبێت ژنانی پەرلەمان بیر لەدۆخی ژنان‌و خێزانی عێراق بکەنەوە، بەڵام ژنان خۆیان گرنگی بەو بابەتە ھەستیارە نادەن، حزبەکانیشیان ئەمەیان پێخۆشە تا کێشەو گێچەڵیان بۆ دروست نەکەن".

 

"پرسی ژن لەعێراقدا زۆر گەڕاوەتەوە دواوە"

بەرامبەر بەم ڕەخنانە، نەرمین عوسمان کە ساڵانێک لەعێراقدا وەزیر بووەو لەبواری ژناندا کاری کردووە، رای جیاوازە، ئەو بەئاوێنەی وت "ژنان لەپیاوان زیاتر لەپەرلەمانی عێراقدا کاریان کردووە، بەڵام ڕاگەیاندن بەچاوێکی یەکسان سەیری ژنان ناکەن، ئەمە جگە لەوەی ویست‌و واقیع دوو بابەتی جیاوازن، واقیعی تاڵی عێراق بەراورد بەکوردستان جیاوازە، دوای داعش بیری توندڕەوی لەعێراق زیادی کردووە، تەنانەت حەزدەکەن ژنان ھەموویان بچنەوە ماڵەوە، بۆیە کۆکردنەوەی کۆدەنگی بۆ پرسی ژنان لەپەرلەمانی کوردستان زەحمەت بووە".

نەرمین ئاماژە بەدۆخی ئێستای پەرلەمان‌و ژنانی پەرلەمانتار دەکات، کە تا خولی سێیەم بیری پێشکەوتنخوازی لەپەرلەمانی عێراقدا زۆرینە بوو، بەڵام ئێستا بیری توندڕەوی شیعەو سوونە زۆر زیاتر بووە، ئەو وتی "نایەنەوێت ژنان پێشبکەون‌و تەنھا پڕکردنەوەی کۆتای ژنانیان دەوێت، پرسی ژن لەعێراقدا زۆر گەڕاوەتەوە دواوە، بەڵام ھێشتا ژنان دەبێت ھەوڵبدەن بۆ دروستکردنی لۆبی‌و سەلماندنی تواناکانیان".

ژنان لەپەرلەمانی کوردستان چییان بۆ ژن دەستەبەر کرد؟

لەپەرلەمانی کوردستان بەپێی یاسا ڕێژەی ژنان نابێت ٣٠% کەمتر بێت، هاوکات لەخولی پێنجەمدا جیا لەڕێژەی ٣٠٪، لەسەرۆکایەتی پەرلەمان لەکۆی سێ کەس، دووانیان ژن بوون، سەرۆکی پەرلەمان‌و سکرتێری پەرلەمان، رێکخراوەکانی ژنان‌و کۆمڵگەی مەدەنی دەپرسن ئەم ژنانە کە بەشێکی سەرەکیان بەهۆی یاسای کۆتاوە دەچنە پەرلەمانەوە، چییان بۆ ژنان لەپەرلەماندا دەستەبەر کرد؟ ئایا کۆتای ژنان لەم چەند ساڵەی رابردوودا تەنها بۆ رازاندنەوەی پرۆسەی سیاسی بووە یاخود بۆ بەشداری ژنان لەدروستکردنی بڕیاری سیاسی‌و پرۆسەی سیاسیدا؟

بەدریە ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بوو، ئەزموونی چوار ساڵی کاری پەرلەمانتاری بۆی سەلماندووە دڵسۆزی‌و بەدواداچوون لەنێو ژنە پەرلەمانتارەکاندا زیاترە بەراورد بەپیاوان، ئەو وتی "ژنان وردتر لەبابەتەکان دەڕوانن، بەڵام ھێشتا لەکۆمەڵگادا ئەو ھۆشیارییە بڵاونەبووەتەوە کە تێبگەن ژنان بەتواناترن‌و دەتوانن ببنە پەرلەمانتارێکی جدی‌و بەویژدانتر".

وتیشی "مرۆڤ دەبێت بەئینسافەوە قسە بکات، ژن بوونی سەرۆکی پەرلەمان زۆر ھەستی ئارامی بۆ دروست دەکردین، چونکە ئاسانتر تێدەگەیشت لەدۆخەکەو پاڵپشتیکارێکی باش بووە".

 

"حزبەکان، لەبری تواناو پسپۆڕی ژنان، بیر لەکۆکردنەوەی دەنگ دەکەنەوە"

پەیمان عیزەدین، ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، یەکێک لەھۆکارەکانی دەرنەکەوتنی توانای ژنانی لەپەرلەمانی کوردستان گەڕاندەوە بۆ حزبە سیاسییەکان، کە لەکاتی کاندیدکردن زیاتر لەتواناو پسپۆڕی، بیر لەکۆکردنەوەی دەنگ دەکەنەوە، ئەو وتی "لەپەرلەمانی کوردستان ژنان توانیویانە ڕۆڵی گەورەیان ھەبێت بەتایبەت بۆ پرسی ژنان، بۆ نمونە ھەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی‌و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، ئەوەی تا ئێستا لەبواری ژناندا کراوە بەخاڵێکی ڕۆشنی مێژووی پەرلەمانی کوردستان‌و پەرلەمانتارانی ژن دادەنرێت".

وتیشی "سەرباری پسپۆڕی ژنان‌و ھەوڵەکانیان، ھەروەھا بەزەقی دەرنەکەوتنی جیاکاری ڕەگەزی، بەڵام دابەشکاری کۆمەڵگا ھاتووەتە پەرلەمانیشەوە، ڕێگری لەکارکردن‌و پڕۆژە پێشکەشکردن نییە، بەڵام جیاکاری لەلیژنەکاندا ھەیە، لیژنەکانی، پێشمەرگە، ناوخۆ، دارایی‌و دانوستان لەگەڵ پەرلەمانی عێراق ھەمووی پیاو بوون، لیژنەکانی کۆمەڵی مەدەنی، ژنان‌و مافی مرۆڤ زۆرینەی ژنان بوون".

 

"وەک پیاوەکان هەندێکیان چالاک بوون‌و هەندێکیشیان ڕۆڵیان نەبوو"

پیاوانی پەرلەمانتار چۆن کاری ژنانی پەرلەمانتار هەڵدەسەنگێنن؟ جیا لەتێڕوانینی ژنان بۆ ئاستی پەرلەمانتارانی ژن، پیاوانی پەرلەمانتار جەخت لەیەکسانی نێوان ژن‌و پیاو لەپەرلەمان دەکەنەوە، وردی‌و سەلیقەی بەشێکی بەرجاویان بووەتە جێگای بایەخیان.

عەلی حەمە ساڵح، لەدوو خولی ڕابردوودا پەرلەمانتار بووە لەپەرلەمانی کوردستان، لەدیدی ئەوەوە چەند ژنان خۆیان بەرپرس بوون لەوەی چۆن دەربکەون، ئەو وتی "ھەندێکیان بەدواداچوونێکی زۆرو چالاک بوون، ھەندێکیشیان پسپۆڕێکی باشی یاسایی بوون، ھەندێکیشیان وەک ھەندێک لەپیاوان چالاک نەبوون‌و ڕۆڵیان نەبووە".

هاوکات، ھێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کاتێک ٣٠٪ی پەرلەمان ژن بێت، تەنھا پیاوان بیرناکەنەوە، بەڵکو ژنانیش بیردەکەنەوەو لەپەرلەمانی کوردستان لۆبیان دروستکردووە، توانای باوەڕپێھێنانیان بۆ پیاوان زیاتر بووەو زۆر ورد بوون، ئەو وتی "تەنانەت لەسەر خاڵبەندی یاساکانیش دەنگیان ھەڵدەبڕی".

وتیشی "زۆرینەیان چالاک بوون، کەیفم دەھات کاتێک دەمبینی دەنگیان هەڵدەبڕی‌و تواناکانی خۆیان دەردەخست‌و بوونی خۆیان، خۆیان دەسەلماند".

 

"ھەندێکیان تەنھا کۆتای ژنانیان پێپڕدەکرێتەوە"

.یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان بووە، لەخولی ڕابردووشدا پەرلەمانتاری عێراق بووە، لە دیدی ئەوەوە ژنان پەرلەمانتار سێ ئەرکیان ھەبوو، وەک عێراقیەک، وەک کوردێک‌و وەک ژنێکیش، ھەندێک لەژنان لەپیاوانیش چالاکتر بوون‌و پسپۆڕییەکی وردیان لەیاسادا ھەبووە، ھەندێکیشیان تەنھا کۆتای ژنانیان پێپڕدەکرایەوە.

ئەو بەئاوێنەی وت "دۆخەکە بۆ ھەردوو ڕەگەز لەپەرلەماندا پەیوەستە بەتواناو بەدواداچوون، نەک ڕەگەزو جیاکاری، لەپەرلەمانی کوردستان وا ڕێکەوتبووین، لەھەر گرێدانەوەی وەرزێکدا یاسایەکی بواری ژنان دەربچوێندرێت، ژنان بەتایبەت لەبابەتی ژنان سەرباری جیاوازییە حزبییەکان، تێگەیشتنیان لەگەڵ یەکتر ھەبوو، پشتگیریی یەکتریان دەکرد".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×