هەڵبژاردن لەکوردستان، پرۆسەیەکی پەکخراو
  2024-03-08       1438       
لەماوەی ٣٣ ساڵدا ٥ جار هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە

ئا: وریا حسێن

 

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان ڕۆژى ١٠ى حوزەیرانى ٢٠٢٤ى  وەکو ڕۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەستنیشان کرد، ئەوەش پاش ئەوە هات ١ى ئۆکتۆبەرى ٢٠٢٢و ٢٥ى شوباتى ٢٠٢٤ى دیاریکردو ئەو دوو وادەیە شکستیان هێنا، ئەوەى لەم هەڵبژاردنەدا دەبنە قوربانى ڕاستەقینە پێکهاتەکانن، کە بەهۆى بڕیارێکى دادگاى فیدراڵیەوە ناتوانن بەڕێژەیەکى کەمى دەنگەوە سەرکەون بۆ پەرلەمان، بەرپرسێکی پارتیش دەڵێت "نەدەبوو دواخستنى هەڵبژاردن بکەین بەپاساوێک تاوەکو دادگاى فیدراڵى دەستوەردان لەهەڵبژاردنى هەرێمى کوردستان بکات".

 

ئامانج عەزیز، بەرپرسى لقى سلێمانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن ئەوە بۆ ئاوێنە ڕووندەکاتەوە ئەنجومەنى کۆمسیاران خشتەیەکى کاریان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئامادە کردووەو دەستکراوە بەهەنگاوەکان، لەقۆناغى یەکەمدا نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران تا ١٠ى مانگی مارس بەردەوامەو قۆناغى دووەم بانگەوازێکیان کردووە بۆ پارتە سیاسیەکان کە لەفەرمانگەى پارتە سیاسیەکان لەناوخۆى هەرێم تۆمارن تاوەکو خواستى خۆیان بۆ بەشدارى دەرببڕن لەگەڵ کاندیدانى سەربەخۆ، ئەو وتی "هاوکات لە٥ى ئازارەوە دەستمان کردووە بەتۆمارکردنى هاوپەیمانیەتیەکان، ئێمە وەکو کۆمسیۆن ئامادەین قۆناغ بەقۆناغ پڕۆسەى هەڵبژاردن بەڕێوەبەرین، بەدڵنیایەوە هەڵبژاردن لەکاتى خۆیدا دەکرێت".

 

٣٠ى ئەیلوولى ٢٠١٨ هەڵبژاردنى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان ئەنجامدرا، خولى شەشەم دواى شەش ساڵ لەو بڕیارە لە١٠ى ئاب ئەنجام دەدرێت، هۆکارى دواکەوتنى هەڵبژاردن پەیوەست بوو بەخواستى لایەنەکان بۆ دواخستنى، بەتایبەت کاتێک یەکێتى‌و پارتى لەسەر کورسى کۆتاکان‌و تۆمارى دەنگدەران‌و فرە بازنەیى ناکۆکى لەنێوانیان هەبوو، بەڵام دادگاى فیدراڵى ئەو کێشەیەى بەلادانى ١١ کورسى کۆتاکان‌و فرە بازنە کردنى هەڵبژاردن یەکلایی کردەوە.

 

لەتیف نێروەیى، بەرپرسى بۆردى ڕاگەیاندنى یەکێتى نیشتمانى ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەو نیگەرانیانەى هەیانبووە لەکورسى کۆتاکان‌و یەک بازنەیى‌و تۆمارى دەنگدەران دادگاى فیدراڵى خۆشبەختانە یەکلایى کردەوە، بۆیە ئێستا پارتەکەى ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنی کوردستان‌و بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان‌و کۆمسیۆن‌و دامەزراوەکانى دیکە کوردستان پێویستى بەم هەڵبژاردنەیە.

نێروەیى بەئاوێنەى وت "پشت ئەستورین بەهەڵوێستەکانمان‌و کادرو جەماوەرەکەمان، بۆیە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن، چۆن لەناوچە دابڕێنراوەکان کە لەژێر دەسەڵاتمان نەبوو دەنگێکى زۆرمان هێنا، لەم هەڵبژاردنەش سەردەکەوین‌و لاسەنگى هێز یەکسان دەکەینەوە".

ئەو بەرپرسەى یەکێتى بڕواى وایە ئەو هەنگاوانەى گرنگن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە(ئامادەکارییەکانى کۆمسیۆن‌و دیاریکردنى ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردن) هیچ لایەنێکى سیاسیش نکوڵى لەم هەڵبژاردنە نیە، ئەو وتی "هیچ گومانێک نەماوەتەوە لەوەى دووبارە هەڵبژاردن دوابخرێت".

٦ ساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان‌و ١٠ ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی کوردستان ئەنجام نەدراوە

 

هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستان پرۆسەیەکی پەکخراوە، ماوەی ١٠ ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی کوردستان ئەنجام نەدراوەو ٦ ساڵیشە هەڵبژاردنی پەرلەمان نکراوە، ئەمە لەکاتێکدایە لەماوەی ٣٣ ساڵی رابردوودا ٥ جار هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ کە دەسەڵاتی یاسادانان لەهەرێمدا پەراوێزخراوەو پابەند نەبوون بەوادەیەکی دیاریکراوەوە بۆ هەڵبژاردن وایکردووە کە دادگای بالای فیدرالی عێراق درێژکردنەوەی ماوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە"نادەستوری‌" لەقەڵەم بدات‌و ماوەی نزیکەی ساڵێکە هەرێمی کوردستان بەبێ بوونی ئەنجومەنی یاسادانان دەڕوات بەڕێوەو حکومەتی هەرێمی کوردستانیش حکومەتێکی کاربەڕێکەرە.

 

پارتى زیاتر لەهەموو لایەنەکان وەک خۆیان دەڵێن پێداگرییان لەسەر پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن کردووە، بەڵام لەدوای بڕیارەکەی دەدگای فیدرالی سەبارەت بە"نادەستوری"ی ١١ی کورسی کۆتای پێکهاتەکان کە بڕیارێکی تەواو دژ بە بەرژەوەندی پارتییە، زانیارى نافەرمى ئەوە دزەی کردە ناو میدیاکان کەوا پارتى ئێستا نیازى پاشەکشەى لەهەڵبژاردن هەیە.

سەلام عەبدوڵا، سەرنوسەرى ڕۆژنامەى (خەبات)ى زمانحاڵى پارتى دیموکراتى کوردستان لەوەڵامى ئەو دەنگۆیانەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە پارتى نەوەکو ئامادەى هەڵبژاردنە، بەڵکو پێى وایە ئەم پڕۆسەیە درەنگ کەوتووە، بۆ ئاوێنە وتی "نەدەبوو دواخستنى هەڵبژاردن بکەین بەپاساوێک تاوەکو دادگاى فیدراڵى دەستوەردان لەهەڵبژاردنى هەرێمى کوردستان بکات".

ئەو سەرکردەیەى پارتى هیوادارە پڕۆسەکە لەکاتى خۆی ئەنجام بدرێت‌و دڵنیایش دەدات پارتى دڵخۆشە بەم هەڵبژاردنەو ئەو ئاگادارى ئەوەشە کە ئامادەکارى باشکراوە بۆ هەڵبژاردن. سەلام عەبدوڵا وتى "ئەو خەڵکانەى بەدواى ڕاستى دەچن دەزانن کام حیزب سورە لەسەر مەسەلە نیشتمانیەکانى هەرێم‌و بەرگرى لەقەوارەى دەستوریی هەرێم کردووەو سازشى نەکردووە دەنگ بەو پارتە دەدەن، ئەوەش خاڵى بەهێزى ئێمەیە وەکو پارتى".

 

زۆرینەى ئەوانەى لەپڕۆسەى هەڵبژاردن شارەزان، بڕوایان وایە سروشتى ئەمجارەى هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانى کوردستان، لەیاساى جەنگەڵەوە نزیکە، بەهێزەکان بەهێزتر دەکات‌و لاوازەکانیش دەخورێن.

هاوڕێ تۆفێق، به‌رپرسى پێشووى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبژاردنه‌کان لقى سلێمانى، ئەزمونێکى دەوڵەمەندى لەبوارەکەى خۆى کۆکردووەتەوە، پێشبینى ئەوە دەکات  سوپرایزى ئەمجارەی هەڵبژاردن یەکێتى و پارتى بێت، بەو مانایەی ئاڵوگۆڕ لەژمارەى کورسیەکانیان ڕوودەدات‌و زۆرینەى حیزبى پارتى لەپەرلەمانى کوردستان کۆتایى دێت، هەرچى سەبارەت بەئیسلامیەکان‌و نەوەى نوێیە، ئەوان دەبنە ئامڕازى یەکلایکردنەوە، واتە هاوپەیمانیەتى لەگەڵ یەکێتى یان پارتى بکەن دەتوانن بەهاوبەشى حکومەت یەکلایى بکەنەوە، ئەو وتى "رێک هەمان سینارۆی کەرکوک دووبارە دەبێتەوە، ئەوەى دوو کورسى هەیە چارەنووسەکە یەکلایى دەکاتەوە".

بەرپرسەکەى پێشووى کۆمسیۆن سەبارەت بەخاڵە لاوازەکانى سیستمى هەڵبژاردنى ئەمجارەى پەرلەمان، ئەوە بۆ ئاوێنە ڕووندەکاتەوە ئەم هەڵبژاردنە هەمان سیستەمی هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراقى پێدا تێدەپەڕێت ئەویش بەچارەسەکردنى ئەو هەوڵانەى لەو هەڵبژاردنە ڕوویدا، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە لەڕووى هونەرییەوە خاڵى لاوازى نیە، ئەو وتی "سێ شت لەم هەڵبژاردنەى دوایى بۆ پاکى هەڵبژاردن سەرکەوتو بوون، کە ئەویش کارتى بایۆمەترى دەنگدانە کە زانیارى دەنگدەرى تێدایەو دەخرێتە ناو ئامێرى هەڵسەنگاندنى ئەلیکترۆنى‌و پاشان سندوقى دەنگدانى ئەلیکترۆنى، بۆیە ئەو گۆڕانکارییە هونەریە ٩٦% ئەنجامەکان لەڕۆژى دەنگدان ڕادەگەیەنرێت کە ڕێژەیەکى بەرزە، مقۆقۆى هەڵبژاردن کۆتایى پێدەهێنیت، بەخێرایى‌و ڕێک‌و پێکى تەواو دەبێت".

 

پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دواى یەکێتى‌و پارتى، لەڕێگەى بەرپرسەکانیانەوە لاریان نیە لەسەر ئەنجامدانى پڕۆسەى هەڵبژاردن لەو کاتەى دیاریکراوە بۆیە ئەوانیش سەرقاڵى ئامادەکارین.

نەوەى نوێ، سێهەم پارتى کوردستانەو یەکەم پارتى ئۆپۆزسیۆنە، ئەو گورزەى لەکەرکوک بەریکەوت گومانى ئەوەى دروستکردووە کە لەپەرلەمانى کوردستانیش تووشى هەمان چارەنووس ببێتەوە، بەڵام سەرۆکى جوڵانەوەکە ئێستا بەدوو ئاڕاستە کاردەکات. یەکەم، دیدارەکانى لەگەڵ خەڵک چڕکردووەتەوەو دەستیکردووە بەبانگەشەى ناڕاستەوخۆ. دووەم، فەرمانیکردووە کادرە باڵاکانى بێدەنگ بن‌و هیچ لێدوانێک نەدەن.

سیپان ئامێدى، پەرلەمانتارى پێشووى کوردستان‌و کادرى باڵاى نەوەى نوێ لەبادینان، لەگفتۆوگۆیەکدا لەگەڵ پەیامێرى ئاوێنە جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، کە لێدوان لەسەر هەڵبژاردن نادەن‌و لەماوەى داهاتوودا بەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى ئەو پرسە بۆ خەڵک باسدەکەن.

 

هاوژین عومەر، ڕاوێژکارى مەکتەبى سیاسى کۆمەڵى دادگەرى بۆ کاروبارى هەڵبژاردن  ڕای نزیکە لەو ڕایەوە کە بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى بەباش وەسف دەکات‌و بڕواى وایە هەڵبژاردن لەعەدالەت نزیک دەکاتەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "بەهۆى گۆڕانکارى لەواقعى کوردستان‌و بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى خەڵک بەشدارى زیاتر لەهەڵبژاردن دەکات".

ئەو بەرپرسەى کۆمەڵى دادگەرى پێشبینى دەکات حیزبەکەى ئەمجارە دەنگى باشتر بهێنیت، ئەو وتى:" کۆمەڵى دادگەرى باجێکى زۆرى سیاسى‌و ئەمنى لەپیناو خەڵکدا داوە، بۆیە پێشبینى دەکەین کۆمەڵ دەنگى باش بهێنێت".

پەرلەمانی کوردستان

 

ئەوەى لەم هەڵبژاردنە دەبنە قوربانى ڕاستەقینە کەمە نەتەوەییەکانن، بەتایبەت پارت و لیستە تورکمانیەکان، کە بەهۆى بڕیارێکى دادگاى فیدراڵیەوە ناتوانن بەڕێژەیەکى کەمى دەنگەوە سەرکەون بۆ پەرلەمان.

 

ئازاد ئەکرەم کورەچى سەرۆکى لیستى میللەتى تورکمانى لەپەرلەمانى کوردستان، زۆر بەڕوونى ئاماژە بۆ ئەوەدەکات تورکمان لەم هەڵبژاردنەى داهاتوودا هیچ کورسیەک بەدەست ناهێنن ئەوەش پەیوەستە بەو بڕیارانەى دژى پێکهاتەکان لەدادگاى فیدراڵى دەرچوون، ووتى:"من وەکو سەرۆکى لیستى میللەت بەشدارى ناکەم".

بەبڕواى ئازاد ئەو بڕیارەى دەرچوو لەئەنجامى ناکۆکى یەکێتى و پارتى درووست بوون، بۆیە لەماوەى ڕابردووشدا ئەوان بوونە هۆکارى ئەوەى پێکهاتەکان لایەندارى بۆ لایەنێک بکەن، دەڵێت:"ئەسڵ و ئەسایى نیە کە ئێمە لەگەڵ تورکیا نزیکین، من بۆخۆم لەبەرئەوەى ڕازى نەبووم بەیاننامە دژى کوردستان دەربکەم ئێستا فەرمانى قەدەغەى سەفەرم لەلایەن تورکیاوە لەسەرە، ئێمە لەپرسە ستراتیژیەکان پەیوەست بووە بە چارەنوسى کوردستانەوە میللەتى کوردمان هەڵبژاردووە".

"ئەوەى پێشبینیە نەگۆڕەکەیە ئەوەیە یەکێتى و پارتى وەکو هێزى سەرەکى دەمێنێتەوە، بەڵام ئایا هەڵبژاردن چارەنووسى کەمە نەتەوەییەکان و پارتە بچوکەکان چى لێدەکات؟".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×