دابەزینى بەهاى لیرەى تورکى بەرامبەر دۆلار ئاستێکى پێوانەیى تۆمار کرد
  2024-03-20       433       

دواى هەڵبژاردنەوەى ئەردۆغان بۆ پۆستى سەرۆکایەتى تورکیا دابەزینى بەهاى لیرەى تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکیی بەردەوامە و ئەمڕۆش لە بازاڕەکانی جیهاندا ١٠٠ دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر سێ هەزار و ٢٣٧ لیرە مامەڵەی پێوە کرا.

ئەمڕۆ، دابەزینى بەهاى لیرەى تورکى لە بازاڕەکانى جیهاندا لە بەرامبەر دۆلارى ئەمریکى ئاستێکى پێوانەیی تۆمار کرد، بە جۆرێک لە ئێستادا هەر ١٠٠ دۆلارێکى ئەمریکى بەرامبەرە بە سێ هەزار و ٢٣٧ لیرەى تورکى.

لە مێژووی دراوی تورکییدا، ئەمە جاری یەکەمە دابەزینی بەم شێوەیە بەخۆیەوە دەبینێت لە ماوەکانى ڕابردووشدا بانكی ناوەندی توركیا چەندین ڕێكارییان بە مەبەستى ڕێگەگرتن لە دابەزینی زیاتری بەهای لیرە گرتەبەر، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لیرە زیاتر بەهاكەی خۆی لەدەست دەدات.

ئەم دابەزینە لە دوای ئەوە دێت، کە رۆژى ٢٨ى مانگى ئایارى ساڵى ڕابردوو ئەردۆغان بۆ جارێکى دیکە بە سەرۆکى تورکیا هەڵبژێردرایەوە، وەک شارەزایانى بواری ئابووریش پێشبینیان کردبوو، نرخى لیرەى تورکى بە شێوەیەکى بەرچاو دابەزىنی بەخۆیەوە بینی و لە داهاتووشدا بەهۆى خراپى سیاسەتەکانى ئەردۆغانەوە بەهاى لیرە بەرامبەر دۆلار بەهاکەی زیاتر لەدەست دەدات.

جێگەى ئاماژەیە، ڕۆژى ٢ى مانگى ڕابردوو حافیزە گەیە ئەرکان، پارێزگاری بانکی ناوەندی تورکیا بەهۆى دابەزینە بەردەوامەکانى لیرەى تورکى بەرامبەر دۆلار دەستى لەکارکێشایەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×