ئا: دیدار نیروەیی
هەرچەندە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن لەهەرێمی کوردستان بەندکراوی سیاسی نییە، بەڵام چوار ئازادکراوی بادینان دەڵێن "ماوەی زیاتر لەساڵێک لەسەر ئازادی رادەربڕین زیندانی کراون"، ئەوان ئەزمونی سەختی زیندانیکردنیان بۆ "ئاوێنە" دەگێڕنەوە.
کەیسی زیندانیکراوەکانی بادینان، کەیسی ژمارەیەک چالاکوانو رۆژنامەنووسە، کە لەمانگی 10ی ساڵی 2020 لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمەوە دەستگیرکران، دادگا بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندن، دواتر بەرێژەی ٥٠%و ٦٠% سزاکانیان بۆ کەمکرایەوەو بەشێکیان ئازاد کران، بەڵام تا ئێستاش چەند کەسێکیان لەزینداندان.

گۆھدار زێباری: ٥٢ رۆژ خرامە زیندانی ئینفیرادییەوە
گۆھدار زێباری رۆژنامەنووسی دیاری ناوچەی بادینان، کە چەند مانگێکە لەزیندان ئازاد بووە، جەغت لەوە دەکات بەندکردنو زیندانی کردنەکەی تەواو سیاسیو پلان بۆ داڕێژراو بووە، ئەو بە"ئاوێنە"ی وت "پێشوەخت پلانێکی تۆکمە بۆ زیندانی کردنم داڕێژرا بوو، کە پەیوەندی بەگوتارو نوسینەکانمەوە بوو، چەندینجار بەهەڕەشەو بەنان بڕینو دوورخستنەوەم لەکار ویستیان رێگری لەپەیامو قەڵەمو نووسینەکانمان بگرن، بەڵام ئیرادەمان بەھێزتر بوو لەوەی ئەوان دەیانویستو ھەر بەردەوام بووین لەسەر نووسینو چالاکیەکانمانو سەرەنجام وەک زیندانییەکی سیاسی بەندکرام".
سەبارەت بەچۆنیەتی مامەڵەکردنی دادگا لەگەڵ کەیسەکەی، گۆھدار وتی "لەناو دادگادا تەنیا دوو شت بوونیان ھەبوو، ئەویش رۆژنامەنووسی سەربەخۆو دەستەڵاتدار بوو، دادگا نەیتوانی بێلایەنی خۆی بسەلمێنیت، لەبەرئەوەی لەبەرەی دەسەڵات بوو، بڕیارەکانیشی لەبەرژەوەندیو بەخواستی دەسەڵات بوو، هەربۆیە بووە جێگای رەخنە لەسەر ئاستی رای گشتی ناوخۆو چەندین لایەنی نێودەوڵەتیش رەخنەیان لەم جۆرە دادگاییکردنە گرت، کە لەناو دادگا ئامادە بوونو تێبینیو راپۆرتی ئەوان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی چۆن کەیسەکەمان بەلاڕێدا براو بڕیاری زیندانیکردنمان درا".
سەبارەت بەئەزمونی زیندانو چۆنیەتی ئازاردانی لەناو چوار دیواری بەندیخانەی ھەولێر، گۆھدار زێباری وتی "من ١٢١٣ رۆژ لەناو زینداندا مامەوەو ٥٢ رۆژ خرامە زیندانی ئینفیرادییەوە، ساڵێکو شەش مانگ لەئاسایشی گشتی بەندکرام، رۆژەکانی تریش لەچاکسازی بەند بووم، تەنیا ٥ مانگ لەگەڵ ھاوڕێکانم بووم".
وتیشی "بەردەوام لەم زیندانانەدا ئەشکەنجەی دەرونیو سزا دەدرام، زۆربەی کات نەیانھێشت لەگەڵ ھاوڕێکانم بم".

ئومێد بەرۆشکی: دەستگیرکردنم، رفاندنو چەتەگەریی بوو
ئومێد بەرۆشکی، چالاکوانو رۆژنامەنووس، ئاماژە بەوە دەکات کە تەنها ھۆکاری زیندانیکردنی خۆیو هاوڕێکانی، ئەوە بووە ئەم کۆمەڵە رۆژنامەنووسو چالاکوانانەی بادینان، دەنگی ئازاو دلێرو ناڕازی ئەو دەڤەرە بوون، گوزارشتیان لەدەنگی کپ کراوی ھەزاران ناڕازی کردووە لەبادینان، بۆیە پارتی ئەمەی پێ قەبول نەکراوە لەدەرەوەی دەستەڵاتی پارتی کەسانێک لەبادینان چالاکیو رای جیاواز دەربڕن، ئەو بە"ئاوێنە"ی وت "لەبەرئەوەی ئێمە لەگەڵ دەسەڵات نەبوینو لەدەرەوەی بازنەی دەسەڵات ئیشمان دەکرد، دەستگیر کراین، ئەمە بەگشتی واقیعی ناوچەی بادینانە، بەڵام کە دادگایی کراین تۆمەتی ناڕەوایان بۆ دروست کردین تا رەوایەتی بدەن بەدەستگیرکردنمان، خەڵکی کوردستانو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش باوەڕیان پێنەکردو شکستیان هێنا" .
وتیشی "بەداخەوە دادگاکان سەربەخۆ نینو لەلایەن ھەندێک کەسی دەستڕۆشتوی سیاسییەوە لەکوردستان لەدژی ئێمە بەکارهێنران، ئەوەی ناویلێنرا دادگایی کردن، شانۆگەریو سیناریۆیەک بوو بەڕێوەدەچوو نەک کارێکی یاسایی، بەدڵنیایی کەیسی زیندانکراوانی بادینان کەیسێکی سیاسی بوو، بۆیە داواکارین هاوڕێ رۆژنامەنووسو چالاکوانەکانمان (شێروان شێروانیو قارەمان شوکریو سلێمان ئەحمەد) ئازادبکرێن کە تا ئێستاش لەزینداندان".
گۆهدار ئەوەشی روونکردەوە کە پارێزەرەکانیان لەم کەیسەدا بەڕاستی رۆڵێکی زۆر ئەرێنییان بینیوە لەگەیاندنی دەنگی ئەوان بەڕای گشتیو لایەنە پەیوەندیدارەکانو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
سەبارەت بەژیانیان لەنێو زینداندا، بەرۆشکی وتی "مامەڵەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی زیندان لەگەڵ ئێمە زور نامرۆڤانە بوو، لەڕاستیدا هەر دەستگیرکردنەکەشمان وەک رفاندنو چەتەگەریی وابوو، بۆیە ھەر لەناو زیندانیش زۆر خراپ مامەڵەمان لەگەڵ کرا، ئێمە خرابوینە ھوڵێکەوە کە جێی ٥٠ کەسی تیا دەبۆوە، بەڵام ١٥٠ کەسی تێخنرابوو، کە لەگەڵ ھیچ بنەمایەکی مرۆڤایەتی نەدەگونجا".
وتیشی "ئەوەی لەزیندان ئێمەی ئازار دەدا بینینی خەڵکانێکی زۆر بوو کە بەناحەق خرابوونە نێو چوار دیواری زیندانەوە، سەرەڕای خەمی خۆمان خەمی ئەوانیشمان دەخوارد، ئێمە وەکو بارمتەی جەنگ مامەڵەمان لەگەڵ دەکرا، ھەر یەکێکمان بەشێوازێک حوکم دراینو زیندانی کراین، ھەموومان لەساڵی ٢٠٢٠ دەستگیرکراین لەمانگی ھەشتەوە تا مانگی دە، بەڵام ھەندێکمان بۆ ماوەی ساڵێکو ھەندێکیشمان دوو ساڵ یان سێ ساڵو چەند مانگێک لەزیندان هێلراینەوە، هەشمانە تا ئێستاش وەک شێروان شێروانیو قارەمان شوکری لەزینداندانو ئازاد نەکراون لەدوای تێپەربوونی چوار ساڵ، من خۆم لەسەر ئەم کەیسە لەھەولێرو دھۆک سزادرامو بەسێ ساڵو شەش مانگ حوکم درام، بەلام ماوەی ساڵێکو ٧ مانگ لەزیندان مامەوەو بەبڕیاری دادگای پێداچۆنەوە ماوەی سزاکەم کەمکرایەوە".


م.شڤان سەعید: ٥٠ کەس هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەمو رێگەیان نەدا جلەکانیشم لەبەر بکەم
م.شڤان سەعید، مامۆستای ئایینی پێشنوێژو وتارخوێن لەمزگەوتی کێستە، یەکێک بو لەو کەسانەی کە بەهۆی وتارەکانیەوە لەساڵی ٢٠١٨ لەوتاردانو پێشنوێژی دەرکرا، ئەو بە"ئاوێنە"ی وت "هۆکاری دوورخستنەوەم لەوتاردان ئەوە بوو کە لەوتارەکانمدا داکۆکیم لەمافی ھاوڵاتیانو خەڵکی ھەژارو دەستکورتو بێدەسەڵات دەکردو پێداگریم لەسەر گرنگی پێکەوە ژیانو ئازادی رادەربڕین دەکردو ئەمەش لەبەرژەوەندی دەسەڵات نەبوو، لەسەر ئەم گوتارانە لەشوێنەکەم لادرام".
وتیشی "لە١٦ی مانگی ٥ی ساڵی ٢٠٢٠ ئێمە خوپێشاندانێکمان ئەنجامدا لەناو باژێری دھۆکو داوای مافو موچەمان کردو ناڕەزاییمان بەرامبەر بەسیستەمی پاشەکەوتوو لێبڕینی مووچە دەربڕیو ویستمان داواکاری خۆمان بگەیەنین بەلایەنی پەیوەندیدار، بەڵام رێگریمان لێکرا، سەرەڕای ئەوەی مٶڵەتیشمان لەئیدارەی پارێزگا وەرگرتبوو، یەکەمجار من لە ناو ئەم خۆپیشاندانە دەستگیرکرام".
شڤان سەعید ئەوە رووندەکاتەوە کە لەو رۆژەدا نزیکەی ٢٠٠ مامۆستایان دەستگیر کردووە، ھەموویان ئازاد کردون تەنھا ١٢ کەسیان نەبێت کە بردویانن بۆ چاکسازی گەوران لەدھۆکو ماوەی حەفتەیەک لەزیندان هێشتویانەتەوە تا دواتر لەڕێگەی پارێزەری خوبەخشەوە ئازادکراون بەکەفالەت، ئەو وتی "دوای ئەمە لە٢٢ی ئەکتۆبەری ٢٠٢٠ بەشێوەیەکی دوور لەمرۆڤایەتیو ئەخلاقی ٤٠ بۆ ٥٠ کەس هەڵیانکوتایە سەر ماڵمو سێ چوار دەرگای خانووەکەیان شکاندمو کاتژمێر حەوتی بەیانی بو لەناو جێگادا دەریانهێنامو رێگەیان نەدا تەنانەت جلەکانیشم لەبەر بکەمو رفێنرامو نەمزانی بەرەو کوێم دەبەن، دواتر زانیم کە لەچاکسازی گەورانی ھەولێردام".
وتیشی "٥٢ رۆژ لەناو زیندانی ئینفیرادیدا بوومو هیچ هەواڵی خێزانو منداڵەکانم نەدەزانی، دواتر ھێنایانمە ھۆڵو چەندین جار لێکولینەوەیان لەگەڵ کردمو تۆمەتی ناڕەوایان خستە پاڵم وەکو نزیکبوونەوە لەپەکەکەو تێکدانی ئاسایشی کوردستان، کە ھەمووی بێ بەڵگەو بێ بنەماو غەدرو نایاسایی بوون، رۆژی ١٥ی شوباتی ٢٠٢١ دوای چوار مانگ دەستگیرکردن، ماوەی ٦ ساڵ حوکمی زیندانیکردنیان بەسەرمدا سەپاند، ماوەی نزیکەی ١١ مانگ لەئاسایشی ھەولێر بەندکرام، دواتر گواستراینەوە بۆ چاکسازی گەوران لەھەولێر، دوای تێپەڕبوونی ٢ساڵو ٥ مانگ بەسەر زیندانی کردنمدا، حکومەکەمان ٦٠% کەمکرایەوەو پاش مانەوەم بۆ ماوەی ٢ساڵو ٥ مانگ، لە١٦ی مارسی ٢٠٢٣ ئازاد کرام، بەڵام لەو کاتەوەی لەوتاربێژیی لادراوم لەسالی ٢٠٢٠ تا ئێستا موچەکەم نەدراوەو رێگەش نەدراوە بچمەوە سەر کارەکەم".

بەدەل بەرواری: کەلەپچە کرامو چاویان بەستمەوەو نەمزانی بۆ کوێم دەبەن
"کاتێک لەگەڵ چەند ھاوڕێیەک بۆ سەردان چووبووینە ماڵێک، لەو کاتەدا ھێزێکی ئەمنی چووبوونە سەر ماڵمانو کەسوکارەکەیان دەستگیر کردبووم بۆ ئەوەی خۆم بەدەستەوە بدەم، کە زانیم یەکسەر چوومە بنکەی پۆلیسو پێمووتن ئەوان ئازاد بکەن، من لێرەم".
ئەمە قسەی مامۆستا بەدەل بەرواری-یە سەبارەت بەچۆنیەتی دەستگیر کردنی.
مامۆستا بەدەل بەرواری، بەھەمان شێوەی چالاکوانانو روژنامەنوسانی دیکەی بادینان، لەسەر هەڵوێستو رادەبڕینو خۆپیشاندان بۆ مووچەو مافی مامۆستایان، زیندانی کرا، بەرواری بە"ئاوێنە"ی وت "دەستگیر کردنی ئێمە پێشوەخت بڕیاری لەسەر درابوو، ھەرکەسەو بە بەھانەیەک دەستگیر کرا، من بۆ ماوەی مانگو نیوێک لەچاکسازی بووم، دواتر لەدادگا بێ تاوانی من دەرکەوتو ھاتن وتیان تۆ دەچیتەوە ماڵو ئازاد بوویت، بەڵام ھەر لەسەرەتاوە باوەڕم بەو قسانە نەدەکردو زۆرجاریش بەهاوڕێکانم دەگوت ئێمە ئازاد ناکرێین، ئەمە بڕیارێکە لەسەرەوە ھاتوەو ئێمە زیندانی دەکرێین، کاتێک براینە دەرەوە بینیمان ئوتومبێلەکان کە ئامادەکرابوون بۆ گواستنەوەمان ھی ئاسایش بونو بردیانین بۆ زیندانی ئاسایشی گشتی".
وتیشی "دوای چەند رۆژێک جارێکی تر هاتنو وتیان ھەستە تۆ ئازاد کرایو دەچیتەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام جارێکیتر دەستیان کەلەپچە کردمو چاویان بەستمەوەو نەمزانی بۆ کوێم دەبەن، تا وەختێکم زانی لەزیندانی تاکەکەسیدام، من تا ئازاد کرام، لەدھۆک دوو مانگ بەندکرامو لەئاسایشی ھەولێریش ١٢ مانگ خرامەوە زیندانەوە".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.