زانیاری نوێ لەبارەی بیانوی توركیا بۆ راگرتنی گەشتەكانی لەگەڵ فڕۆكەخانەی سلێمانی ئاشكرادەكرێت
  2024-06-18       994       

پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەمو بیانوی تورکیا بۆ راگرتنی گەشتەكانی لەگەڵ فڕۆكەخانەی سلێمانی، نیشتنەوەی فڕۆکەکەی مەزڵوم کۆبانییە لە فڕۆكەخانەكە، لەكاتێكدا تورکیا دەزانێت ستافی فڕۆکەکە هەموی ئەمەریکی بون و پێش فڕۆكەخانەی سلێمانی لە فڕۆکەخانەیەکی تری هەرێمی کوردستان نیشتبوەوەو لەوێوە هاتبوە فڕۆکەخانەی سلێمانی. دەشڵێت، "بەڵام من نامەوێت وەک ڕۆژنامەی خەبات و ڕاگەیاندنەکانی تر سیخوڕی بکەم بۆ تورکیا."

ئاوێنە: كاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەكێتی لە لیژنەی پەیوەندییەكان و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی درێژكردنەوەی ماوەی راگرتنی گەشتەكانی توركیا لەگەڵ فڕۆكەخانەی سلێمانی، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند"ئێمە هەر لەسەرەتای ئەم گرفتەوە وەک لیژنەکەمان لە پەرلەمانی عێراق و خۆم وەک نوێنەری پارێزگای سلێمانی بەدواداچونی تەواوم کردوە لەسەر کێشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی، بەڵام هەر لە یەکەم ڕۆژەوە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی پێی وتین بەپێی ئەو ئیمیڵەی لەدەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیاوە بۆمان هاتوە، ئەوان لە وەزارەتی دەرەوە فەرمانی ڕاگرتنی گەشتەکانیان داوە بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بەهۆکاری سیاسی، بۆیە بەڕاستی ئەمە کێشەیەکی سیاسییە و سزای سیاسییە، تورکیا دەیەوێت بەم پاساوە سزای سلێمانی و یەکێتی بدات."

وتوشیەتی"ئەگەرنا ئێمە وەک لیژنەکەمان بەدواداچونمان بۆ ئەو بانگەشانەی تورکیا کردوە بەپێچەوانەوە فڕۆکەخانەی سلێمانی یەکێکە لە فڕۆکەخانە باشەکانی عێراق لەڕوی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە، هیوادارین هەرچی زوە ئەم کێشەیە لەڕوی سیاسیەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە بەداخەوە حکومەتی هەرێم بەشێوازی دەوڵەتداری و دامەزراوەیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەرەوەدا نییە، بۆ نمونە ئێمە وەک یەکێتی پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران شتێکەو پەیوەندی پارتی لەگەڵ تورکیا شتێکە، بەداخەوە ڕاستە دەوڵەت نین و وەزارەتی دەرەوەمان نییە، بەڵام پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و دەرەوە لەسەر ئاستی حزبییە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"دەبو سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت خۆیان بە خاوەنی کێشەی گەمارۆ خستەنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بزانیایە، بەداخەوە عێراقیش دەستاوەستان وەستاوە لەم بابەتە لەکاتێکدا چەمند کارتی هەبو دەستی بۆ ببات بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە وەک کارتی دیپلۆماسی، یاخود لە ڕێگای فڕۆکەوانییەوە، بەداخەوە نە حکومەتی عێراقی نە حکومەتی هەرێم هەنگاوییان نەناوە لەو ڕووەوە."

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی "ئەگەر حکومەتی عێراقی بە جدی هەوڵی بدایە بێگومان کاریگەری دەبو لەسەر تورکیا، یا ئەگەر حکومەتی هەرێم یەک دەنگبوایە سەبارەت بە کێشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بێگومان ئەوەش کاریگەری دەبو، بەداخەوە ڕەنگە هەبێ بەرژەوەندی لەوەدا بێت سلێمانی گۆشەگیر بکرێت، ئەمە لەناوخۆی هەرێم دەڵێم، چونکە کاتێک خەمی فڕۆکەخانەی سلێمانی نابێتە خەمی گشتی هاوشێوەی فڕۆکەخانەی هەولێر بەرگری لێناکرێت بەڕاستی ئەمە جێگای گومانە، دوای ئەوە بەشێک لەیەک هەڵوێست نەبونی هەرێمی کوردستان لەسەر کێشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەشێکی بەرژەوەندییە ئابورییەکانە."

كاروان یاروەیس وتوشیەتی"لەوکاتەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی گەمارۆی خراوەتەسەر 70%ی خزمەتگوزارییەکانی کارگۆ و ترانزەیت چوە بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر، هەروەها ژمارەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر دو هێندە زیاد بوە، جگە لە داهاتی فرۆشتنی بەنزین و سوتەمەنی بۆ فڕۆکە هاوکاتی خزمەتگوزارییەکانی تر هەموی دو هێندە بوە، بۆیە ئەمە وادەکات بەرژەوەندی ئابوری بێت کە حکومەتی هەرێم بەجدی شەڕی فڕۆکەخانەی سلێمانی نەکات، من حەزدەکەم فڕۆکەخانەی هەولێر ببوژێتەوە گەشتم لێوە کردوە و بەڕاستی خزمەتگوزاری و ستافی بەڕێز و باشیان هەیە، قسەکەی من وەک کوردستانیانەیە نەک تەنها بۆ شارێک."

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ئەوەشی وتوە"هەمو بیانوی تورکیا نیشتنەوەی فڕۆکەکەی مەزڵوم کۆبانییە لە سلێمانی کە لە وڵاتێکی کەنداوەوە هاتبو، تورکیا خۆی باش دەزانێ و ئاگادارە ستافی فڕۆکەکە هەموی ئەمەریکی بون، هەر ئەو فڕۆکەیەی مەزڵوم کۆبانی پێش فڕۆکەخانەی سلێمانی لە فڕۆکەخانەیەکی تری هەرێمی کوردستان نیشتبوەوەو لەوێوە هاتبوە فڕۆکەخانەی سلێمانی، بەڵام من نامەوێت وەک ڕۆژنامەی خەبات و ڕاگەیاندنەکانی تر سیخوڕی بکەم بۆ تورکیا، چونکە ئەم قسەیە لە دڵمەوە دەکەم چەندە خەمی سلێمانیمە دو هێندە خەمی هەولێر و دهۆک، بیرکردنەوەی من بیرکردنەوەیەکی کوردستانیانەیە."

ئاماژەی بەوەشداوە"خۆزگە سەرۆکی هەرێم کاک نێچیرڤان بارزانی چۆن بۆ بابەتی دواخستنی هەڵبژاردن چەند سەردانێکی بەغدای کرد، بۆ بابەتی فڕۆکەخانەی سلێمانی سەردانی بەغدای بکردایە و پەیوەندی تایبەتی خۆی لەگەڵ تورکیا بەکاربهێنایە بۆ کێشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کوردستانیانە هەوڵی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بدایە."

لەبارەی پەیوەندییەكانی یەكێتی و پەكەكە، كاروان یاروەیس وتویەتی"تورکیا بیانو دەگرێت بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی حکومەتی عێراقیش ئەمە دەزانێت، تورکیا دەیەوێت یەکێتی جاسوسی بەسەر پەکەکەوە بۆ تورکیا بکات، چۆن هاوکاری پەکەکە و هیچ لایەنێکی سەربازی ناکات، بەهەمان شێوە بۆ تورکیاش ئەوە ڕەتدەکاتەوە، یەکێتی هیچ کات هاوکاری پەکەکە و هیچ لایەنێکی سەربازی نەکردوە ئەوە تەنیا لەبەرامبەر هەڵوێستە نەتەوەییەکانێتی بەرامبەر پرسی کورد لە باکور، کە هیواخوازین بە ڕێگای ئاشتی چارەسەر بکرێت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×