حكومەتی هەرێم "بۆ لە نزیكەوە ئاگادربون" لە روداوی بەلەمە تێكشكاوەكە تیمێكی رەوانەی ئیتاڵیا كرد
  2024-06-19       270       

فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم رایگەیاند"بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون" لە ڕوداوی بەلەمە تێكشكاوەكەی پەنابەران و ئاكامەكانی، حکومەتی هەرێم تێمێکی رەوانەی ئیتاڵیا كرد.

ئاوێنە: فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم، ئەمشەو چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، دوای ئەوەی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ژورێکی ئۆپەراسیۆن بە بەشداری وەزارەتی ناوخۆو فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت پێکهات بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخ و ئاکامی نقومبونی بەلەمێکی گواستنەوەی کۆچبەران لە کەناراوەکانی وڵاتی ئیتاڵیا بکات، ئەمڕۆ چوارشەممە، حکومەتی هەرێم تیمێکی ڕەوانەی ئیتاڵیا کرد، بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەو وڵاتە پەیوەندی بەدامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا بکەن و سەردانی شوێنی ڕووداوەکە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا بکەن.

فەرمانگەكە وتوشیەتی"وەک حکومەتی هەرێم، کەسوکاری قوربانیان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە هەمو هەوڵێک دەخەینە گەڕ بۆ بەدواداچونی چارەنوسی قوربانیان، هاوکات ئامادەی هەمو هاوکاری و هەماهەنگییەکین لەگەڵ لایەنە پەیوەنددارەکان."

داواشی لە هاوڵاتیان كردوە "زانیاری و ئاکامەکان دەربارەی ئەم ڕوداوە تەنیا لە لایەنی فەرمی وەربگرن."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×