وەرگێڕانی: سامان عەلی
لەدوای ساڵ و نیوێک لە ڕووداوی ناخۆشی پەلاماردان و لێدانی بە چەقۆ و، لەپاش چەند ڕۆژێکی کەم لە دەرچوونی کتێبە نوێیەکەی بە ناونیشانی "چەقۆ"، کە تیایدا چیرۆکی گەڕانەوەی لە مەرگ بە هۆی ئەوین و ئەدەبەوە دەگێڕێتەوە، گۆڤاری "لۆبوان" (ژمارە ٢٦٩٨) سەردانی سەلمان ڕوشدیی نووسەری کرد لە ماڵە جوانەکەی لە نیویۆرک. ئەمەی لێرەدا خراوەتە ڕوو، دەقی گفتوگۆیەکی گرنگ و ئیلهامبەخشە، سەبارەت بەو پەلاماردانە و کتێبە نوێیەکەی.
ڕۆژنامەنووس: کەواتە لە کۆتاییدا توانیت ئەو کتێبە تەواو بکەیت کە لە شێوەی جێناوی قسەکەردایە! بەو جۆرەی لە کۆتایی ڕۆمانی "شاری سەرکەوتن"دا نووسیووتە، "وشەکان تاکە براوەن"، بەبێ ئەوەی بزانی ڕەنگە ئەو وشانە دواهەمین وشەی بڵاوکراوەت بن.
سەلمان ڕوشدی: بەڵێ، شتەکە تا ڕادەیەک بەو جۆرە بوو. باشە، بۆ ئەوەی ورد بم، ئەو وتەیە وتەی بامبا کامبانا-ی کچەی پاڵەوانی شاعیری نێو ڕۆمانەکەم بوو، کە لە لایەن جەللادەکانییەوە چاوی کوێر کرا.
ڕۆژنامەنووس: دوور نەبوو هەمان شتت بەسەر بێت.. شایانی باسە یەکێک لە پاڵنەرە هەرە گرنگەکانی کتێبە نوێیەکەت، نیگەرانیی لەدەستدانی چاوتە لەپاش ئەو چەقۆ لێدانە، کە تا سەر دەماری چاو چەقی و چووە خوارەوە..
سەلمان ڕوشدی: ئەگەر سەبارەت بەو هەستە پرسیارم لێ بکەیت کە لە هەر هەستێکی تر زیاتر دەترسم لەدەستی بدەم، ئەو کات بەبێ دوودڵی وەڵامت دەدەمەوە و دەڵێم ئەو هەستە هەستی "بینین"ـە. ئەو شتە من دەتۆقێنێت! لەنێو ڕۆمانی "١٩٨٤"ی جۆرج ئۆرویڵ، شوێنێکی ترسناک هەیە بە "ژووری١٠١" ناو دەبرێت. کاتێک دەبرێیت بۆ ئەو ژوورە، ئەو شتە ئاشکرا دەکەیت کە لە هەر شتێکی تر زیاتر لە جیهاندا لێی دەترسیت. ئەو شتە لای هەریەکە لە ئێمە شتێکی جیاوازە.. لای وینستۆن سمیس-ی پاڵەوانی دژوازی نێو ڕۆمانەکە، خراپترین شت لە جیهاندا جرجەکانن. بەم پێیە، ئەو شتەی سمیس لەنێو ژووری١٠١دا ئاشکرای دەکات جرجەکانن، لەپاش ئەوە سمیس دەڕووخێت. لای من، ئەو شتەی لەنێو ئەو ژوورەدا هەیە، کوێرییە. هەڵبەتە دە ڕۆژ بەر لەو دەستدرێژییەی کرایە سەرم و تیایدا چاوم لەدەست دا، خەریکی کۆتا پێداچوونەوەی ئەو کتێبە بووم کە کچەی پاڵەوانی چاوی کوێر کرا.
ڕۆژنامەنووس: ئێستا نۆ مانگ بەسەر ئەوەدا تێپەڕیوە. لەگەڵ سات بە سات دوورکەوتنەوە لەو ڕۆژە، چۆن لە ڕۆژی ڕەشی ١٢ی ئابی ساڵی ٢٠٢٢ دەڕوانن؟
سەلمان ڕوشدی: بە چاوی سوپاس و پێزانینەوە لێی دەڕوانم، چونکە من زۆر خۆشبەختم کە ئێستا لێرەم. پزیشکەکان پێیانگوتم کەسێک هەمان شتی بەسەردا بهاتایە کە بەسەر تۆدا هات، بەختی ڕزگاربوونی کەم دەبوو. من بەختم هەبوو، بەختەکەم ئەو بەختە کەمە بوو! شتێکی تریش هەیە، ئەو شتەیش ئەوەیە من بە هیلیکۆپتەرێک لە شوێنی ڕووداوەکەوە بەرەو نەخۆشخانە گوازرامەوە. ڕۆژەکەی خۆرەتاو و ئاووهەوا خۆش بوو. ئەگەر ئاووهەوا خراپ بووایە، هیلیکۆپتەرەکە نەیدەتوانی بەرز ببێتەوە و بفڕێت. کەواتە ئاووهەوا یەکێک بوو لەو شتانەی ژیانی منی ڕزگار کرد. یەکێکی تر لەو شتانەی بە فریامەوە هات، کاردانەوەی بوێرانەی خەڵکەکە بوو. هینری ڕیس-ی هاوڕێم، کە لە لایەکەی تری بڵندگۆکە دانیشتبوو و، کە گەنج نییە، لەبەر ئەوەی تەمەنی حەفتا ساڵ بەرەو ژوورە، باوەشی بە پەلاماردەرەکەدا کرد و ویستی لێمی دوور بخاتەوە. ئاپۆرایەک لە خەڵکەکەیش، پەلاماردەرەکەیان لەسەر عەرد هێشتەوە و نەیانهێشت هەڵبستێتەوە. ئەگەر ئەوە نەبووایە، ئێستا من نەمدەتوانی لەگەڵ تۆ بدوێم. برینەکان زۆر مەترسیدار بوون؛ دەتوانرێت بە لێدانی کەسێک بە چەقۆ بۆ ماوەی بیست و حەوت چرکە، زیانی زۆر گەورە بە کەسەکە بگەیەنرێت. لەپاش پەلامارەکە بە ماوەیەکی کەم، ویستم بپرسم؛ لە ماوەی بیست و حەوت چرکەدا دەتوانرێ چی بکرێ؟ بۆ نموونە دەتوانین سۆناتایەکی شکسپیر بخوێنینەوە، یاخود پاڕانەوەی "ئەو باوکەمان کە لە ئاسمانە" بخوێنین...
ڕۆژنامەنووس: کاتێک لەو ڕۆژە خۆرەتاوەدا ئەو سیما تاریکەت بینی لە هۆڵەکە لەنێو ئامادەبووان هاتە دەرەوە و ئامبازت بوو، بیرت لە چ شتێک کردەوە؟
سەلمان ڕوشدی: بەو جۆرەی لەنێو کتێبەکە باسی ئەوە دەکەم، دەگێڕنەوە دوایین گوتەی هینری جەیمس-ی نووسەر ئەمە بوو: "کەواتە دواجار هات، ئەو شتە تایبەتە". من لەبەر خۆمەوە گوتم: "کەواتە ئەوە تۆیت، ئەوەتایت"، بەڵام لە هیچ شتێکدا تایبەت نەبوو. یەکەم شت، لەو سۆنگەیەوە کە هۆڵی ئامادەبووان بەرز بوو، کابرای پەلاماردەر زۆر بە خێرایی لەبەردەمم قوت بووەوە. کاتێک بینیم، وەستام، هەستم بە پێداکێشانێکی توند و بەهێز لەسەر شەویلگەی لای ڕاستم کرد. تەنانەت لە سەرەتادا پێم وا بوو مشتەکۆڵەی لێ دام. نەمزانی چەقۆی بە دەستەوە بوو. ئینجا خوێنم بینی. بە جوانی دەمبینی بەسەر جلەکانمدا فیچقەی دەکرد. پەلاماردەرەکە جار لەدوای جار لەسەر لێدانی بە چەقۆ بەردەوام بوو، لەو کاتەدا کەوتمە سەر عەرد، پەلاماردەرەکە ئامبازم بوو بوو، من لەنێو خوێنی خۆمدا گەوزا بووم و، خوێنەکە ئەوەندە زۆر بووم لەنێو دڵی خۆمدا گوتم: "خەریکە بمرم". شتەکە سەیر بوو، چونکە من بابەتییانە و بە شێوازێکی زۆر واقعبینانە، بیرم لەو شتە کردەوە کە ڕووی دەدا. بە ڕاستی بەبێ هیچ هەست و سۆزێک؛ تەنها بیرم لەوە دەکردەوە کە ڕووی دەدا.
ڕۆژنامەنووس: لەنێو کتێبی "چەقۆ"دا، چاوت بەو کەسە دەکەوێت کە ویستی بتکوژێت، هەڵبەتە بە ڕاستی نا، بەڵکو بە خەیاڵ و لە ئەندێشەدا. لەبەر چی؟
سەلمان ڕوشدی: ویستم منیش چرکەساتێکی وەک چرکەساتەکەی ساموێل بیکیتم هەبێت. ئاشکرایە ساموێل بیکیت-یش دیسان، لە ڕێکەوتی ڕۆژی ٧ی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی١٩٣٨ ڕووبەڕووی پەلاماردان بووەوە و بە چەقۆ لێی درا. ڕووداوەکە لە پاریس ڕوویدا، کابرایەکی خوێڕی لەبەر پارە پەلاماریدا و لێیدا، بیکیت خەریک بوو بەو هۆیەوە بمرێت. لە شوێنێک خوێندوومەتەوە لەدواییدا جەیمس جۆیس پارەی ئەو ژوورەی لە نەخۆشخانە بۆ دەدات کە بۆ چارەسەروەرگرتن لێی دەمێنێتەوە. لەپاش دەرچوونیشی لە نەخۆشخانە، بیکیت دەچێتە دادگا و چاوی بە کابرای پەلاماردەر دەکەوێت. دوای ئەوەی سەبارەت بە هۆکاری پەلامارەکە پرسیاری لێ دەکات، کابرا لە وەڵامدا دەڵێت: "نازانم بەڕێزم، داوای لێبووردن دەکەم."، بە ڕاستی وەڵامێکی پووچ و بێمانایە. هەر بۆیە لەنێو دڵی خۆمدا گوتم، ئەگەر منیش بە هەمان شێوە چاوم بە کابرای پەلاماردەر بکەوێت، تەنها وەڵامێکی پووچ و بێمانام دەست دەکەوێت. شتێکم پێ ناڵێت نەتوانم پێشبینی بکەم. ئینجا بیرم لە ڕاستیی ڕۆماننووسیی خۆم و ئەوە کردەوە کە کاری من سمین و چوونە نێو ئەقڵ و هۆشی خەڵکی تر و، دروستکردنی ئەو کەسایەتییانەیە کە لە خۆم ناچن و، هونەرەکەم لەپێناو چوونە نێو کەللەی سەری بەکاردەهێنم. لە ڕێگای بیرکردنەوەیشمەوە لەنێو کەللەی سەریدا، باشتر لەوە دەیناسم کە بە بینینین بە ڕاستی دەیناسم. بیرۆکەکە بەو جۆرە بوو..
ڕۆژنامەنووس: ئەوە، دیسان، شێوازێکە بۆ بەدەستهێنانەوەی دەسەڵات لە ڕێگای وشەکانەوە، واتە لە ڕێگای وشەکانتەوە..
سەلمان ڕوشدی: بەڵێ. شێوازێکە بۆ گوتنی ئەمە: ئەمە چیرۆکەکەی منە. هەروەها قسەکردن لەگەڵ ئەودا بەم شێوەیە: من لەنێو چیرۆکەکەی تۆدا نیم، ئەوە تۆیت لەنێو چیرۆکەکەی مندایت. بە بڕوای من هەر ئەوەیشە ئەو شتەی کە بامبا کامبانا لەو ڕستەیەدا ویستی بیڵێت و کە تۆ کەمێک بەر لە ئێستا نموونەت پێ هێنایەوە، کە دەڵێت: "وشەکان تاکە براوەن". بەڵێ، نووسەران لاوازن. چونکە لەشکر و سوپایان نییە، بەڵام ئەدەب، بۆ کەسی ئەدیب، هێزە و بەهێزە. ئۆفید لە لایەن ئیمپراتۆر ئۆگستۆس زۆر بە توندی و ڕەقی مامەڵەی لەگەڵ کراوە (شایانی باسە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ کتومت نازانین بۆچی)، بۆ شارۆچکەیەک لەسەر کەناراوەکانی دەریای ڕەش دووری خستووەتەوە و، ڕێگای پێ نەداوە هەرگیز بگەڕێتەوە بۆ ڕۆما. بەڵام ئیمپراتۆریای ڕۆمانی لەناوچوو و، شیعرەکانی ئۆفید بە نەمریی مانەوە. ئەو بەتالیۆنە سەربازییانەی فڕانکۆی دیکتاتۆر کە گارسیا لۆرکایان تیرۆ کرد، لەناو چوون، بەڵام شیعرەکانی لۆرکا زیندوون و نامرن. بەو جۆرە چەندین نموونەی لەو چەشنە هەن کە تیایاندا هونەر لە چنگی چەوسێنەرەکەی ڕزگاری دەبێت. سەرنج لەو ماوەیە بدە کە تیایدا ڕۆمانی گەورەی "مامۆستا و مارگرێتا"ی میخائیل بۆڵگاکۆف لە یەکێتیی سۆڤیەت چاپ و بڵاوکردنەوەی قەدەغە کرا، تا ماوەیەکی تا ڕادەیەک نزیکی لەمەوبەریش قەدەغە بوو. لەگەڵ ئەوەیشدا کتێبەکەی ئەو بە نەمریی مایەوە و یەکێتیی سۆڤیەت نەما. ئیمپراتۆریاکان دەڕۆن و، ئەدەب دەمێنێتەوە.
ڕۆژنامەنووس: بە کورتی، پێنووس لە دژی چەقۆ؟
سەلمان ڕوشدی: بەڵام زمان چەقۆیە! زمان دەتوانێت جیهان بکات بە دوو کەرتەوە، دەتوانێت واتا و میکانیزمە ناوەکی و ڕاستییەکان و ڕازەکانی ئاشکرا بکات. دەتوانێت پەردە لەسەر گەمژەیی هەڵبماڵێت، چاوەکانمان دەکاتەوە و جوانی دەخوڵقێنێت.. کاتێک بڕیارمدا ئەم کتێبە بنووسم، ڕاستە لە سەرەتادا ئارەزووی نووسینیم نەدەکرد، لەنێو دڵی خۆمدا گوتم؛ دواجار من لە جەرگەی شەڕەچەقۆدام. من هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژان لەو جۆرە مرۆڤانە نەبووم کە لە ناوەندی شەقام یاخود لەنێو یانەیەکدا شەڕ دەکەن، بەڵام کاتێک کەسێک دەیەوێ بتکوژێت و چەقۆیەکی پێیە، گرنگە تۆیش چەقۆیەکی تایبەت بە خۆتت پێ بێت، مەگەر وا نییە؟ چەقۆکەی من، زمانە! ئەم کتێبە کە ئێستا بە دەستتەوەیە، ناوی "چەقۆ"یە، لەبەر ئەوەی ئەوە چەقۆکەی منە!
ڕۆژنامەنووس: تێبینیی دەکەین سەرەتای ئەو دەقە بە گوتەیەکی ساموێل بیکیت لەنێو وتارەکەیدا سەبارەت بە پڕوست لە ساڵی١٩٣٠دا دەست پێ دەکەیت کە دەڵێت: "ئێمە جیاوازین. هەمان کەسی پێش نسکۆکەی دوێنێ نین."، ئەی ئێوە لەدوای دەستدرێژییەکە چی؟
سەلمان ڕوشدی: هەمان کەسی هەمان کاتی دەستدرێژییەکە نیم و نەماوم. حەنیف قورەیشیی نووسەری بەریتانی/پاکستانیی هاوڕێم، باسی بەڵای تایبەتی خۆی دەکات، کە بە هۆیەوە ئێستا لە جێدا کەوتووە و ئیفلیج بووە. کاتێک چووم بۆ لەندەن بۆ لای، پێیگوتم ئەو هەستی قۆشمەچێتییەی پێشتر هەیبوو، نەیماوە. لە کاتێکدا حەنیف نووسەرێکی حەنەکچی و قسەخۆشە. هەروەها پێیگوتم بە هۆی ئەو بەڵایەوە، چیی تر ناتوانێ ڕۆمان بنووسێت. منیش پێمگوت: "ئومێدەوارم بە هەڵەدا چووبیت."، سەبارەت بە دۆخی خۆم، پێموایە هێشتا هەستی قۆشمەچێتییەکەمم ماوە، بەڵام من بە لێواری مەرگدا ڕەت بووم. ئەو شتەی ڕوودەدات کاتێک کە نزیکییەکی پێویست لەو مردنەوە نزیک دەبیت کە لەگەڵ ئەوەیشدا ژیانت لێ ناستێنێتەوە، ئەوەیە بۆ تاهەتایە پەیوەندیت لەگەڵ ژیاندا دەگۆڕێت. لە لایەکەوە، زۆر بە توندی ڕێز لە هەر ڕۆژێکی نوێ لە ژیان دەگریت، لە لایەکی ترەوە سەبارەت بە کۆتایی و مردنت هۆشیارتر دەبیت. دەزانیت کە مردن تەنها لەوێیە لە بەرەکەی تری ئاسۆ و، هیچ کەس ناتوانێ لە دەستی قوتاری ببێت. هۆنراوەیەک هەیە لەنێو کتێبەکەدا هێمام پێ داوە، ڕایمۆند کارڤەر-ی نووسەری ئەمەریکی نووسیوویەتی، کە پزیشکەکان پێیانگوتبوو شێرپەنجەی سییەکەی تەنها شەش مانگی بۆ ژیان بۆ هێشتووەتەوە. هۆنراوەکە ناوی "چێژ"ە. کاتێک نووسیوویەتی کە لە کۆتاییدا دە ساڵی تری زیاد لەو ماوەی شەش مانگەی پزیشکەکان بۆیان دیاری کردووە ژیاوە. لە هۆنراوەکەیدا چی دەڵێت؟ بە سادەیی دەڵێت هەر ڕۆژێک لەو ڕۆژانە، بۆ ئەو دیارییەک بوو بڕیار نەبوو دەستگیری ببێت. دە ساڵیشی وەک دیاری دەستگیر بوو.
ڕۆژنامەنووس: تۆیش بەو جۆرە بیر دەکەیتەوە؟
سەلمان ڕوشدی: بەڵێ. کاتێک من خەریکی نووسینی ئەو کتێبە بووم، میلان کوندێرا مرد. خۆشبەخت بووم جاروبار چاوم پێی دەکەوت. یەکێک لەو شتانەی کە کوندێرا پێی گوتم، ئەوەیە کە هەموو کتێبەکانی دەیانتوانی ئەم ناونیشانەیان هەبێت: "سووکەڵەیی لەتاقەت بەدەریی بوون"، لەو سۆنگەیەوە کە بیرۆکەی سەرەکیی نێو کتێبەکە ئەوەیە ئێمە لە ژیاندا هەلی دووەممان نییە، یاخود ژیان تەنها هەلێکە و دووبارە نابێتەوە، ناتوانین بە ڕەشنووسەکەدا بچینەوە یاخود پاکنووسی بکەین. ئەمە ئەو شتەیە کە باوەڕ و بۆچوونی منیش بوو تا ڕۆژی ١٢ ئاب هاتە پێش. من لەو ڕۆژەدا، بە شێوەیەک لە شێوەکان، هەلی دووەمم دەستگیر بوو. ئەوەتا وەک دەبینی لێرە دانیشتووم و قسە لەگەڵ تۆ دەکەم. ئەو کات ئەم پرسیارە دێتە پێش: ئەگەر هەلی دووەمت پێ بدرێت، چی لەو هەلە دەکەیت؟ چۆن بەکاریدەهێنیت؟ چۆن زۆرترین کەڵک لەو هەلەت وەردەگریت؟ ئەوانە بڕێک پرسیارن من ڕۆژانە لە خۆمیان دەکەم و، هیچ وەڵامێکی تەواو و پڕ بە پێستیش نازانم بۆیان.
ڕۆژنامەنووس: ڕەنگە وەڵامەکە ئەوین بێت. کە ئێوە چەندین لاپەڕەی جوانی بۆ تایبەت و تەرخان دەکەن. لەنێو ئەو کتێبەتاندا کە لەوێیشدا دیسان مردن باڵ دەکێشێت و ئەویش دیسان چیرۆکی ئەوینە..
سەلمان ڕوشدی: ئەوە ڕاستە، چونکە وەک چیرۆکی مردن دەست پێ دەکات، بەڵام وەک چیرۆکی ئەوین کۆتایی دێت. لە کاتی نووسینیدا هەمیشە دەمزانی کتێبێکی خاوەن سێ کەسایەتی دەبێت، من و ئەو کابرایەی ویستی بمکوژێ و ئەو ژنەی لە مردن ڕزگاری کردم. لەنێو هەردوو کتێبەکەدا دوو هێز هەن لە سەنگی محەکدان؛ هێزێکیان هێزی قینە، کە هێزی مردنە، هێزەکەی تریان هێزی ئەوینە، کە هێزی ژیانە. لە کۆتاییدا ژیان بەسەر مردندا سەردەکەوێت.
ڕۆژنامەنووس: ئەی سەبارەت بە ترس؟ هێشتا ترست ماوە؟
سەلمان ڕوشدی: هەمیشە ستراتیژی فرەم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیونەتەوە، وەک هەموو ئەو کەسانەی کە لەبەر هۆیەک لە هۆیەکان لەنێو دۆخی ئەوپەڕی مەترسیدا خۆیان بینیوەتەوە. لەبەر ئەوەی کێشەی ترس ئەوەیە کە ئیفلیجت دەکات. هەر بۆیە من خەیاڵی ئەوەم کردووە کە ترسم خستووەتە نێو قوتوویەکی پچووکەوە و، ئەو قوتووە پچووکەم لە گۆشەیەکی ژوورەکەدا داناوە.
ڕۆژنامەنووس: قوتووە پچووکەکە، هێشتا هەر لەو شوێنەیە؟
سەلمان ڕوشدی: بەڵێ، هەمیشە لەوێیە. چونکە بە داخەوە بەو جۆرەی ئەو ڕووداوە دوو ساڵ و نیو لەمەوبەر ئەوەی دەرخست، هەڕەشە یاخود مەترسییەکە ڕاستەقینەیە، بەڵێ قوتووەکە لەوێیە، لە گۆشەیەکە، بەڵام من دەتوانم ڕۆژەکەی خۆم بە ڕێ بکەم.