پێنتاگۆن: ئێران له‌ سێ رۆژی داهاتوودا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ئیسرائیل
  2024-08-01       446       

به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا رایان گه‌یاندووه‌، له‌ ماوه‌ی سێ رۆژی داهاتوودا ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی هێرشێكی به‌رفراوان ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئیسرائیل.

نیۆیۆرک تایمز ئەو زانیارییەی لە زاری چەند بەرپرسێکی پێنتاگۆن  بڵاو کردووەتەوە و ئاماژە بەوە کراوە لە 72 سەعاتدا هێرشەکە روو دەدات.

هاوکات رۆژنامه‌ی لۆمۆندی پاریس له‌ ژماره‌ی ئه‌مڕۆیدا له‌ زاری شرۆڤه‌كارێكی پرسی ئێران له‌ ئه‌مه‌ریكا نووسیویه‌تی، بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران، كوژرانی ئیسماعیل هه‌نییه‌ خراپتره‌ له‌و هێرشه‌ مووشه‌كییه‌ی كرایه‌ سه‌ر كونسوڵگه‌ی ئێران له‌ دیمه‌شق كه‌ له‌ مانگی نیسانی ئه‌نجام درا.

هێرشه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ رێك له‌ دوای به‌شداریكردنی هه‌نییه‌ له‌ رێوڕه‌سمی سوێندخواردنی مه‌سعوود پزیشكیان كرا و ئێران ده‌زانێت ئه‌گه‌ر وه‌ڵام نه‌داته‌وه‌، به‌ شكستێكی گه‌وره‌ بۆ ئێران لێك ده‌درێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی rfi رۆژنامه‌كه‌ نووسیویه‌تی، ئه‌مه‌ بۆ حزبوڵاش دروسته‌، چونكه‌ فوئاد شكور كه‌سی دووه‌می حزبوڵا كوژراوه‌ و ئیسرائیل له‌گه‌ڵ كوشتنی شكور  و چوار كه‌سی تر، 70 كه‌سیشی بریندار كردووه‌ و حزبوڵا ده‌بێ بۆ لایه‌نگره‌كانی بیسه‌لمێنێت كه‌ ده‌توانێ وه‌ڵام بداته‌وه‌.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ كۆماری ئیسلامی هاوشێوه‌ی هێرشه‌كه‌ی دیمه‌شق، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه‌ تا ئاڵۆزی و جه‌نگ به‌رفراوان بكات، به‌ڵام بۆ پاراستنی ئابڕووی خۆی پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ هێرشێك بكات تا لایه‌نگرانی خۆی رازی بكات، بۆیه‌ش ئێران كه‌ناڵی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و فڕه‌نسای دانه‌خستووه‌ و هێشتا له‌گه‌ڵیان له‌ پێوه‌ندیدایه‌.

پێشتریش نیویۆرك تایمز وتبووی كه‌ عه‌لی خامنه‌یی داوای كردووه‌ راسته‌وخۆ ئیسرائیل بكرێته‌ ئامانج، بۆیه‌ ئیسرائیل رێوشوێنی توندی گرتووه‌ته‌به‌ر و ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ رووبه‌ڕووی هه‌ر جۆره‌ هێرشێك ببێته‌وه‌.

ئه‌مه‌ی روو ده‌دات ده‌ره‌نجامی ئه‌و هێرشه‌یه‌ كه‌ له‌ حه‌وتی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو چه‌كدارانی حه‌ماس كردیانه‌ سه‌ر رێوڕه‌سمێكی موزیك و گۆرانی له‌ ئیسرائیل، له‌ یه‌ك رۆژدا هه‌زار و 200 كه‌سیان كوشت كه‌ زۆربه‌یان سڤیل بوون و به‌ سه‌تان كه‌سی تریان به‌ بارمته‌ گرت. ئیسرائیل له‌ تۆڵه‌ی ئه‌و هێرشه‌ كاره‌ساتباره‌ كه‌ له‌وه‌ته‌ی رووداوی هۆلۆكۆسته‌وه‌ بێوێنه‌ بوو، هێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر غه‌زه‌ و وێڕای وێرانكردنی كه‌رته‌كه‌، سه‌رووی 40  هه‌زار كه‌سی كوشتووه‌ كه‌ زۆرینه‌یان خه‌ڵكی سڤیلن و لانی كه‌م 80 هه‌زاری تر بریندار بوون.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×