لەشەش مانگی‌ ڕابردودا عێراق زیاتر له‌ 618 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە
  2024-08-03       166       
"له‌ 15%ی‌ نەوتی عێراق هەناردەی ئەمەریکا كراوه‌"

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆی گشتی هەناردەی نەوتی لەشەش مانگی یەکەمی 2024 گەیشتۆتە زیاتر له‌ 618 ملیۆن بەرمیل، داهاته‌كه‌شی‌ زیاتر له‌ 49 ملیارو 268 ملیۆن دۆلار بووه‌.

ئاوێنه‌: وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویكرده‌وه‌، کۆی گشتی هەناردەی نەوت لەشەش مانگی یەکەمی 2024 گەیشتۆتە 618 ملیۆن‌و 44 هەزارو 445 بەرمیل، بەتێكرای هەناردەی مانگانەی 103 ملیۆن‌و حەوت هەزارو 407 بەرمیل، لەئاستی ڕۆژانەشدا سێ ملیۆن‌و 433 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بەراورد بەشه‌ش مانگی‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵی ڕابردو، بە 3.77% ڕێژه‌كه‌ی‌ بەرز بۆتەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاشیگه‌یاندووه‌، به‌گشتی‌ له‌نیوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ 2024دا عێراق به‌به‌های‌ 49 ملیارو 268 ملیۆن دۆلار نه‌وتی‌ فرۆشتووه‌، تێكڕا هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی‌ به‌ سه‌رو 80 دۆلار فرۆشتووه‌.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، 611 ملیۆن‌و 952 هەزارو 117 بەرمیل نەوت لەبەندەری بەسرەو ناوچەکانی ناوەڕاست بووە، لەکێڵگەی گەیارە سێ ملیۆن‌و 999 هەزارو 417 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە، هاوکات دو ملیۆن‌و 133 هەزارو 111 بەرمیل نەوت هەناردەی ئوردن کراو.

بەگوێره‌ی‌ ئامارەكه‌ی وەزارەتی نەوتی عێراق، 65%ی‌ نەوتی عێراق هەناردەی وڵاتانی ئاسیاو 20% هەناردەی ئەوروپاو 15% هەناردەی ئەمەریکا كراوه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×