ئەنجوومەنى دادوەری عێراق سێ حزبی لە عێراق و هەرێم هەڵوەشاندەوە
  2024-08-06       672       

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی سێ حزبی کوردی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەوانیش تەڤگەری ئازادیی و دوو حزبی ئێزدی.

ئاوێنه‌: دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان لە ئەنجوومەنی دادوەری عێراق ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەى سێ حزبی کوردی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە ئەنجوومەنى دادوەری بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی هەریەك لە (تەڤگەری ئازادیی كوردستان، حزبی ئازادیی دیموكراتی ئێزدی، حزبی بەرەی تێكۆشانی دیموكراتی).

بەپێی بڕیارەکەى ئەنجوومەنى دادوەری بارەگاکانی ئەو سێ حزبە دادەخرێن و دەستبەسەر كەلوپەل و داراییاندا دەگیرێت.
دەستەی دادوەری هەڵبژاردن پاساوی ئەو بڕیارەى بۆ هەڵوەشاندنەوەو قەدەغەكردنی ئەو سێ حزبە گەڕاندووەتەوە، بۆ ئەوەی کە گوایە ئەو حزبانە لەڕووی دارایی و سیاسی و ڕێکخستنەوە پەیوەندیان بە حزبی دەرەوەى عێراق هەیە و لەلایەن هێزێکی دەرەکییەوە ئاڕاستە دەکرێن کە مەبەستى پارتى کرێکارانى کوردستان-پەکەکەیە.

ئەنجوومەنى دادوەری دەڵێت،  بەپێی بڕگەی یەكەم و دووەم لە مادەی ٢٥ـی یاسای حزبە سیاسییەكان ژمارە ٣٦ـی ساڵی ٢٠١٥ بڕیارەکەیان دەرکردووە.

ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنى دادوەری عێراق لە دوای ئەو ڕێککەوتنانە دێن کە ئەمساڵ دەوڵەتى تورک و عێراق لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە لەسەری ڕێککەوتوون، بۆیە بە بڕوای چاودێرانى سیاسی ئەم بریارەش لەژێر ڕۆشنایی ئەو ڕێککەوتنانەوە دەرچووە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×