به‌ره‌ی توركمان: كێشه‌ی كه‌ركوك به‌ دابه‌شكردنی پۆست چاره‌سه‌ر نابێت
  2024-08-11       627       


به‌ره‌ی توركمان له‌ كه‌ركوك رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی رویداوه‌ دژی سازان و پێكهاتن و ته‌بایی نێوان لایه‌نه‌كانه‌ و  كێشه‌ی كه‌ركوك به‌ دابه‌شكردنی پۆست چاره‌سه‌ر نابێت، هۆشداریش ده‌دات له‌وه‌ی "كه‌س ناتوانێت پێكهاته‌ی توركمان فه‌رامۆش بكات".

به‌ره‌ی توركمانی عێراق له‌ كه‌ركوك ئه‌مڕۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "دان به‌ گۆڕانكاریه‌كانی كه‌ركوكدا نانێن و سكاڵای یاسایی تۆمارده‌كه‌ن و به‌ڵگه‌كان راده‌ستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی رویدا تێكدانی بنه‌مای متمانه‌یه‌ و زۆر هه‌ڵه‌ن بڵێن كێشه‌ی كه‌ركوك به‌ دابه‌شكردنی پۆست چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و ئه‌وه‌ تێكدانی بنه‌مای متمانه‌یه‌ و ئێمه‌ وه‌كو توركمان هه‌میشه‌ سوربوین كه‌ متمانه‌ی نێوان پێكهاته‌كان به‌هێز بكه‌ین".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كێشه‌ی كه‌ركوك زۆر ئاڵۆزه‌ و بابه‌تی ئابوری و به‌ڕێوه‌بردن و زه‌ویوزار هه‌یه‌ و رێگه‌ چاره‌ی بابه‌ته‌كان هه‌یه‌ و دیدگای خۆیان له‌وباره‌یه‌وه‌ خستوه‌ته‌ڕو، له‌كاتێكدا لایه‌نه‌كانی دیكه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان كاریان كرد.

به‌ره‌ی توركمانی عێراق ده‌ڵێت، "توركمان پێكهاته‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تییه‌ له‌م شاره‌دا و كه‌س ناتوانێت فه‌رامۆشی بكات، به‌شداریمان له‌ كۆبونه‌وه‌ی دوێنێش نه‌كردوه‌ و پێشێلكاریه‌كان زۆر رونه‌ كه‌ مادده‌ی 7 ده‌ڵێت، سه‌رۆكی به‌ته‌مه‌نی ئه‌نجومه‌ن ده‌بێت سه‌رۆكایه‌تی كۆبونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگار و جێگری پارێزگار بكات، راكان جبوری ئاگادار و بانگهێشتنه‌كراوه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌كه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "كه‌ركوكیه‌كان پرسیار ده‌كه‌ن بۆچی كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوك كراوه‌ له‌كاتێكدا شاره‌كه‌ ئارامه‌، دۆخی دیاله‌ جیاوازه‌ له‌ كه‌ركوك، چونكه‌ دیاله‌ دۆخێك رویدا و له‌ كه‌ركوك هیچ دۆخێك نییه‌ و ئارامه‌".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×