حزبی کۆمۆنیستی کوردستان: هەموواری یاسای باری کەسی کۆیلەکردنی ژنانە
  2024-08-11       238       

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان دژی هەموواری یاسای باری کەسیی عێراق، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایدەگەیەنێت، ئەوە هەوڵێکە بۆ ڕێگەدان بە ئەنجامدانی تاوان لە دژی ژنان و کچان و مناڵان و بەکۆیلەکردنیان، هاوکات هەوڵێکە بۆ داڕمانی یەکجاری کۆمەڵگه‌ی مەدەنی.

ئاوێنە: لە دژی هەوڵدان بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩ـی عێراق کە تایبەتە بە باری کەسی، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا بە توندی ئیدانەی ئەو هەوڵانەی لایەنە شیعەکان دەکات کە بۆ هەمووارکردنەوەی ئەو یاسایە خستوویانەتەگەڕ.

لە بەیاننامەکەی ئەو حزبەدا هاتووە، هەوڵدان بۆ هەمووارکردنەوەی یاسایەک بەو شێوەیە هەوڵێکە بۆ بۆ ڕێگەدان بە ئەنجامدانی تاوان لەدژی ژنان و کچان و مناڵان و بەکۆیلەکردنیان، هاوکات هەوڵێکە بۆ داڕمانی یەکجاری کۆمەڵگه‌ی مەدەنی و سپاردنی هەموو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بە هەوا و هەوەسی سێکسی پیاوانی ئاینی و سه‌رمایەدارانێک و بەرپرسانێکی گەندەڵ، کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، ئەوەش گێڕانەوەیەکی مەترسیداری کۆمەڵگه‌ی عێراقە بۆ سەردەمانێکی تاریک.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر ئەم هەوڵەی کە ناویان ناوە هەمواری یاسا، لە پەرلەمان تێپەرێت ئەوا نەک هەر هیچ مافێک بۆ ژن ناهێڵێتەوە، بەڵکوو ژنان و کچانی منداڵ دەکاتە کۆیلە و کەنیزەک و کاڵایەکی سێکسی و بە دوای خۆشیدا چەندین دیاردەی قێزەونی وەک فرەژنی، زەواجی مسیار و سیغە، پەرەپێدەدا و بەیاسایی دەکات.

 

دەقی بەیاننامەکە:

 

ئەمە هەموار کردنەوەی یاسا نییە.. ئەمە کۆیلەکردنی ژنان و بێڕێزیکردنە بە هەر هاوڵاتییەکی تر!

ڕۆژی ٤ی ئاب، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژه‌ یاسای هه‌مواری یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ کرد، کە لەلایەن ئەندام پەرلەمانەکانی سەر بە گروپە شیعەکانەوە پێشنیارکرابوو. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ساڵی ٢٠١٧دا، هێزە شیعەکانی ناو پەرلەمان پێشنیارێکی هاوشێوەیان خستە بەردەم پەرلەمان، بەڵام ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی زۆر بووەوە و شکستی هێنا. بەدڵنیاییەوە ئەم هەوڵەی شیعەکان کردەیەکی یاسایی نییه، بەڵکو هەوڵێکە بۆ ڕێگەدان بە ئەنجامدانی تاوان لەدژی ژنان و کچان و مناڵان و بەکۆیلەکردنیان، هاوکات هەوڵێکە بۆ داڕمانی یەکجاری کۆمەڵگه‌ی مەدەنی و سپاردنی هەموو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بە هەوا و هەوەسی  سێکسی پیاوانی ئاینی و سه‌رمایەدارانێك و بەرپرسانێکی گەندەڵ کە دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە. ئەمەش گێڕانەوەیەکی مەترسیداری کۆمەڵگه‌ی عێراقە بۆ سەردەمانێکی تاریک.

ئەگەر ئەم هەوڵەی کە ناویان ناوە هەمواری یاسا، لە پەرلەمان تێپەرێت ئەوا نەک هەر هیچ مافێك بۆ ئینسانی ژن ناهێڵێتەوە، بەڵکو ژنان و کچانی منداڵ دەکاتە کۆیلە و کەنیزەک و کاڵایەکی سێکسی و بەدوای خۆشیدا چەندین دیاردەی قێزەونی وەک فرەژنی، زەواجی مسیار و سیغە، پەرەپێدەدا و بە یاسایی دەکات. بەتایبەتی کە بەپێی ئەم هەوڵە:

-       هاوسەرگیری کچانی خوار تەمەنی نۆ ساڵ و سەرووتر بە یاسایی دەکرێت، هەروەها بە هەڵگرتنی سزا لەسەر ئەوکەسانەی کە لە دەرەوەی دادگاکان دەست بۆ گرێبەستی نافەرمی و هاوسەرگیری نایاسایی دەبەن، دەرگا له‌به‌رده‌م مه‌لا و پیاوانی ئاینیدا هه‌رچی زیاتر ئاوه‌ڵا ده‌كات بۆ ڕه‌وایه‌تی دان به‌و جۆره‌ گرێبه‌ست و هاوسه‌رگیرییانه‌. بە ڕادەیەک کە ژنان هیچ ماف و بڕیارێکیان نەبێت لە زەواج و تەڵاقدا و بە یەکجاری بکرێنە پاشکۆی پیاوان.

-       ئەم هەموارکردنە ژنان و مافه‌كانیان ته‌سلیم به‌ بیروڕای ئاینی و مه‌زهه‌به‌كان ده‌كات، واته‌ مافەکانی ژنان سنووردار دەکرێن بە پشتبەستن بە لێکدانەوە ئاینییەکان کە لە ئایینێکەوە بۆ ئایینێکی تر جیاوازە. هەروەها مەسرەفکردن بۆ ژنان مەرجداردەکرێت بەڕادەی "چێژوەرگرتنی سێکسی" پیاوانەوە.

-        دوای ئەوەی منداڵی تەمەن ١٥ ساڵ مافی هەڵبژاردنی دایک و باوکی دەبێت، هەموارە نوێیەکە دەبێتە هۆی ئەوەی تەمەنی کۆرپەلە کەتەنها دوو ساڵ بێت و دوای جیابوونەوەش کۆرپەکە بۆ باوک دەبێ، بەبێ ڕەزامەندی دایکی.

-       ئەم هەموارکردنە نوێیە، ئازادی ژنان له‌ هەڵبژاردنی ئایینەکەیان لە کاتی هاوسەرگیریدا یان لە حاڵەتی جیابوونەوەدا زەوت دەکات، کە تەنها عەقیدەی مێردەکە بەحساب دێت، ئەمەش سەرکوتکردنی ژنان بەهێزتر دەکات و ناچاریان دەکات ملکەچی یاسا نامرۆڤانەکان بن.

  گومان لەوەدا نییە کە یاسای باری کەسێتی ساڵی ١٩٥٩، پێویستی بە هەموارکردنەوە و گونجاندنیەتی لەگەڵ مافی هاوڵاتی یەکسان و ئازادیەکانی ژناندا چونكه‌ بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ پێشکەوتنە کۆمەڵایەتیەکان و لەگەڵ خواستەکان و چاوەڕوانیەکان و خەباتی ژنان بۆ یەکسانی و ئازادیدا ناگونجێت. بەڵام ئەو هەموارەی کە کیتلە پەرلەمانیەکەی شیعەکان پێشنیاری دەکەن نەک هەر پێچەوانەیە بە دەستکەوت و پێودانگە جیهانی و ئەمڕۆییەکانی ماف و ئازادیەکانی ژنان، بەڵکو هەوڵێکە بۆ  بەشیعەکردنی کۆمەڵگه‌ی عێراق و لێدانە له‌ بنەماکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی و لە سەرەتاییترین ماف و ئازادیەکانی ژنان. ژنانی عێراق وەکو ژنانی هەموو کۆمەڵگه‌ پێشکەوتووەکان چاویان لە داهاتوو بڕیوە. چاویان لە ڕزگاربوون لە پاشماوەکانی کۆتوبەندی نایەکسانی و پیاوسالاری و پلەدوویی بڕیوە. ژنانی عێراق دەیانەوێ وەکو پیاوان هەمان ماف و ئازادی و کەسایەتیان هەبێت و لە یاسادا پارێزراوبێت. بەڵام ئامانجی ئەم پرۆژە یاسایە، ڕێك بردنەوەی کۆمەڵگای عێراقە بۆ سەردەمی حوکم و دەسەڵاتە ئاینیەکان و  یاسا و نەریتی قەبیلە و عەشیرەتەکان!

ئەم پڕۆژە یاسایە ژن دەکاتە بوونەوەرێکی بێشەخسیەت و بێئیرادە و بێبڕیار و مەحکوم. دەیکاتە کاڵایەکی سێکسی کە کاری تەنها خزمەتی سێکسیە بە پیاوان نەك هاوبەشی ژیان و هیچ بنەمایەکی پەیوەندی خۆشەویستی و مرۆیی لەنێوان ژن و مێردا ناهێڵێت. پەیوەندی نێوان ژن و پیاو دەبێتە سێکس بەرامبەر بە پارە و نەفەقە! تەنانەت دایک وەکو بوونەوەرێکی بێبایەخ بە یاسایی دەکا و فرەژنی و زەواجی چێژوەرگرتن( موتعە) و زەواجی سەرپێیی(مسیار) و جۆرەکانی دیکەی زەواج کە هەموویان وەڵام بە ئارەزوی سێکسی پیاوان دەدەنەوە، دەبێتە نۆرم. نەهێشتنی هەموو جۆرە پارێزبەندیەکی یاسایی بۆ پاراستنی ژنان لە مەسەلەی زەواج و تەڵاق.... و ڕادەستی بڕیار و فتوای سەرۆك باند و مەرجەعە دینی و کۆنەپەرست و دژە ژنەکان دەکات. لەمانەش ترسناكتر زەواجی مناڵانی کچ و لاقەکردنیان بەرەنجامی پەسەندکردنی ئەم پرۆژە یاسایە دەبێت. لەیەک وتەدا ئەم پڕۆژە یاسایە لە بنەڕەتدا، نەك لەژێرپێنانی مافە سەرەتایی و مرۆییەکانی ژنانە، بەڵکو سوکایەتی یاسایی و ڕەسمی و دەوڵەتییە بە کەسایەتی و بە کەرامەتی ئینسانیی ژن و هەرهاوڵاتیەکی تر و ڕەسمیەتدەدات بە تاوانی ڕێکخراو دژی ژنان و کچانی مناڵ! مانای سەندنەوەی پێناسەی هاوڵاتیە تەنانەت لەناو پەیوەندیە خێزانیەکان و دابەشکردنیانە لەسەر بنامەی دین و مەزهەب و تێکدان و تاڵکردنی ژیانی خێزانەکان لەناو ناتەبایی و ناکۆکی مەزهەبەکاندا! مانای سەپاندنی شەریعەتی ولایەتی فەقیهی جمهوری ئیسلامی ئێرانە بەسەر کۆمەڵگه‌ی عێراقدا!

ئەم پڕۆژە یاسایە دەبێت لەلایەن ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی عێراق و کوردستانەوە، لەلایەن هەموو ڕێکخراو و لایەنەکانی داکۆکیکار لە ماف و ئازادیەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی پارێزگاری لە مافەکانی مناڵان.... بە توندی بەرپەرچ بدرێتەوە و پێشنیارکاران و بەرگریکارانیشی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا ڕیسوابکرێن.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بانگەوازی ژنانی کوردستان و هەموو ئەو کەسایەتی و ڕێکخراوانەی داکۆکی لە ماف و ئازادیەکانی ژنان دەکەن، بۆ بەشکستکێشانی ئەم هەوڵەی پەرلەمانتارانی شیعە و حزبەکانیان لەپاڵ ناڕەزایەتیەکانی ئێستای ژنان و ئازادیخوازانی شارەکانی عێراقدا ڕاوەستن. هاوکات  ڕێگانەدەن کە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، و ڕیکەوتن لەگەڵ لایەنە شیعەکاندا ماف و ئازادیەکانی ژنانی عیراق پێماڵ بکه‌ن. کە بەدڵنیایەوە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی بەوجۆرەی خراوەتەڕوو، کاریگەری مەترسیداری لەسەر دۆخی ژنانی کۆردستانیش و ماف و ئازادیەکانیان دەبێت.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٠/٨/٢٠٢٤

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×