نووری مالیكی: ڕێككەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كراوە
  2024-08-12       191       

سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، ڕێككەوتنێك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كراوە، كە بەو شێوەیەیە هەر لایەنێكی سوننە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، دەبێت دەستبەرداری وەزارەتێك بێت.

 نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا سەبارەت بە ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

نووری مالیكی ڕایگەیاند، دامەزراوەی یاسادانان بەهۆی بێ سەرۆكییەوە لەلایەن جێگری یەكەمی سەرۆكى پەرلەمانەوە پۆستەكە بەڕێوەدەبرێت، دەبێت بە تەواوەتی سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و كەسێك لەو پۆستەدا جێگیر بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، كۆنترۆڵكردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەلایەن گەورەترین لایەنی سوننە ڕاست نییە، وەك چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵدەدەین ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت و كۆتایی بە قەیرانی سەرۆكایەتی پەرلەمان بێت.

ئەوەشی خستەڕوو، وەك لایەنە سیاسییەكان ڕێككەوتین كە كاندیدێك لە یەكێك لە لایەنە سوننەكان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دیاری بكەین، لە بەرامبەر ڕادەستكردنی یەكێك لە وەزارەتەكان بە لایەنەكەی دیكە.

پێشتر هەردوو حزبی تەقەدووم و عەزم ئەم دەستپێشخەرییەیان ڕەتكردەوە و پابەندبوونی خۆیان بە كاندیدەكانیان، سالم عیساوی و مەحمود مەشهەدانی دووپاتكردەوە و پێیانوایە كە نا لۆژیكییە تا ئێستا سەرۆكی پەرلەمان هەڵنەبژێردرابێت.

جێگای ئاماژەیە، ١٨ـی ئایاری ئەمساڵ دانیشتی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان بەڕێوەچوو، سالم عیساوی و مەحمود مەشهەدانی دوو كاندیدی سەرەكی ئەو پۆستە بوون، لە دانیشتنەكەدا دوو خولی دەنگدان بەڕێوەچوو، تیایدا دەنگەكانی سالم عیساوی لە پێش دەنگەكانی مەحمود مەشهەدانییەوە بوو، دواتر پەرلەمانتارانی تەقەدووم لە ناو هۆڵی پەرلەمان گرژی و ئاڵۆزییان درووست كرد، نەیانهێشت كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بۆیە دانیشتنەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×