وادەى ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەلایەن بەغداوە ئاشکرا کرا
  2024-08-13       486       


ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، تا كۆتایی ئەم هەفتەیە بەغداد پارەی مووچەی فەرمانبەرانى هەرێم رەوانە دەكات، دەشڵێت، تائێستا بەغداد وردبینی بۆ لیستی مووچەی سەربازی و هێزە ئەمنییەكان تەواو نەكردووە.

ئەمڕۆ كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانى عێراق و وەزیرانی دارایی و نەوت و پلاندان و كارەبا و پارێزگاری بانكی ناوەندی كۆتاییهات بەڕێوەچوو.

لەوبارەوە نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا بەدواداچوون بۆ چەند پرسێكی دارایی كراوە، كێشە لە نەبونی پارەى نەختینەدا نییە.

وتیشی، بەغداد وردبینی بۆ لیستی فەرمانبەرانی مەدەنی تەواوكردووە و لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا تا كۆتایی ئەم هەفتەیە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بخرێتە سەر ئەژماری بانكی هەرێم.

سەبارەت بە مووچەی سەربازی و هێزە ئەمنییەكان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، تائێستا بەغداد وردبینی بۆ لیستی مووچەی سەربازی و هێزە ئەمنییەكان تەواونەكردووە، بەڵام ئەگەر سەرۆك وەزیران ڕەزامەندی بدات هاوشێوەی مانگەكانی ڕابردوو پارەی هێزە ئەمنییەكانیش دەنێردرێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×