فواد حسێن: بۆ چەند كۆبونەوەیەكی گرنگ گەیشتینە ئەنقەرە
  2024-08-14       352       

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، كەمێك لەمەوبەر رایگەیاند، بۆ ئەنجامدانی چەند كۆبونەوەیەكی "گرنگ" گەیشتینە ئەنقەرە.

ئاوێنە: فواد حسێن، ئەمشەو چوارشەممە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، لە راگەیەندراوێكدا وتی، "گەیشتینە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا بۆ ئەنجامدانی چەند كۆبونەوەیەكی گرنگ، لەنێویاندا كۆبونەوەمان لەگەڵ برمان هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا."

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، لە كۆبونەوەكاندا لە ئەنقەرە "چەند بابەتێكی جێی بایەخی هاوبەش تاوتوێ دەكەین، لەسەرو هەمویشییانە لایەنی ئەمنی و روبەڕوبونەوەی تیرۆر و هەروەها بەهێزكردنی هاریكاری و هەماهەنگی نێوانمان بەشێوەیەك كە لە بەرژەوەندی هەردو وڵاتدا بێت."

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەرۆكایەتی وەفدی عێراق دەكات لەسەردانەكەیدا بۆ ئەنقەرە، بەگوێرەی ئەو وێنەیەی كە خۆی لەگەڵ راگەیەندراوەكەیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس دایناوە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و هەروەها فالیح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، لەنێو وەفدە عێراقییەكەدان.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×