عێراق: بەهۆی پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەوە، راگەیاندنی كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانان دواخراوە
  2024-08-15       147       

وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختدەكاتەوە كە بەهۆی پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەوە، راگەیاندنی كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دواخراوەو دەشڵێت، هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بونیان نییە.

ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، وەڵامێكی دروستی رۆژنامەنوسێكی نەداوەتەوە لەبارەی بونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق وتوشیەتی، هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بونیان نییە جگە لە ئەو راوێژكارە سەربازییانەی كە لەژێر چەتری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدان هەن و ئەوانیش دەرئەنجامی كارەكانی لیژنەی باڵای سەربازیی باڵای نێوان هەردو وڵات دەیانگرێتەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، كارەكانی لیژنەی باڵای سەربازی لە ماوەی چەند مانگی رابردودا، سەرنجی لەسەر هەڵسەنگاندنی مەرتسی داعش بوە بە ئامانجی گەیشتن بە وادەیەك بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی سەربازیی هاوپەیمانان.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەگوێرەی گفتوگۆكان، كۆتاییش بە بونی راوێژكارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرجەم هێزەكانی وڵاتانەوە لە ناو خاكی عێراقپ دەهێنرێت، لەوبارەیەشەوە هیچ شتێك نەماوە جگە لە رێككەوتن لەسەر وردەكارییەكان و وادەی راگەیاندنی كۆتاییهێنان بە بونیان لە عێراق.

جەختیشی كردۆتەوە، راگەیاندنی كۆتاییهێنان بە ئەركی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بەهۆی پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەوە، دواكەوتوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×