بەرەی مقاوەمە: هێرشەکانمان بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق ڕادەگرین
  2024-08-20       218       

بەشێک لەگروپە چه‌كداره‌كان له‌عێراق کە خۆیان بەبەرەی مقاوەمەی ئیسلامی ناساندوە ڕایدەگەیەنن، "بەهۆی بەڕێوەچونی ڕێوڕەسمەکانی یادکردنەوەی چلەی ئیمام حسێن، هێرشەکانیان بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق ڕادەگرن"، ده‌شڵێن:"ڕاگرتنى هێرشه‌كان بۆسه‌ر ئه‌مریكا، كاتییه‌".

ئاوێنە: باڵی ئەسحابولکەهف کە پێشتر بەرپرسیارێتیی خۆی لەچەند هێرشێک بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق‌و سوریا ڕاگەیاندبوو، لەبڵاوکراوەیەکدا ڕاگرتنی هێرش‌و پەلاماردانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لەعێراق‌و سوریا بۆ ماوەیەکی کاتیی ڕاگەیاندو ده‌ڵێت:"لەمڕۆ سێشەممەوە هێرشەکانیان بۆسەر ئیسرائیل‌و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق‌و سوریا تاوەکو دوای تەواوبونی ڕێوڕەسمی یادی چلەی ئیمام حسێن ڕادەگرن".

هەروەها هەڕەشە دەکەن، لەدوای تەواوبونی ڕێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حسێن، هێرشەکانیان بۆسەر خاکی ئیسرائیل‌و بنکەکانی ئەمریکا لەسوریاو وڵاتانی کەنداو دەستپێدەکەنەوە.

ناوەڕاستی ئەم مانگە، گروپە چه‌كداره‌كانى عێراق لەباکوری شاری دێرەزوری سوریا بەموشەک هێرشیانکردەسەر کێڵگەی گازی کۆنیکۆ، کە هێزەکانی ئەمریکاى تێدا جێگیرەو لەبەرامبەردا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وەڵامی گروپە میلیشیاکانیان دایه‌وه‌، پێشوتریش هەر لەم مانگەدا بەموشەک هێرشی سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد کراو ژمارەیەک سەربازیی ئەمریکی برینداربون.

دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆنیکۆ، ساموێل وێلبێرگ وتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، "وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لەبەرپەرچ‌و وەڵامدانەوەی هیچ هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی لەعێراق‌و سوریا بێدەنگنابێت‌و گروپ‌و لایەنێکیش هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا بکات لەناوچەکە گورزی کوشندەی لێ دەوەشێنن".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×